پرسیار: پێغەمبەری خوا قسە ناکات مەگەر بە وەحی، ئەی چۆن ئیجتهادی کردووە، دەکرێ ڕووکردنەوەیەک بدەن؟
وەڵام: زانایان دەڵێن وتەی: ﴿وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَى٣ إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَى﴾، ڕووکەشی بەڵگەیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئیجتهادی نەکردووە لە هیچ شتێک، ئایەتی تر هاتووە بەڵگەیە ئیجتهادی کردووە لە هەندێک شت، هەروەک دەفەرمووێت: ﴿عَفَا ٱللَّهُ عَنكَ لِمَ أَذِنتَ لَهُمۡ﴾ [التوبة: 43]، ﴿مَا كَانَ لِنَبِيٍّ أَن يَكُونَ لَهُۥٓ أَسۡرَىٰ حَتَّىٰ يُثۡخِنَ فِي ٱلۡأَرۡضِۚ﴾ [الأنفال: 67]؟
وەڵام لە دوو ڕووەوەیە:
یەکەم: وتەی: ﴿وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَى﴾، ماناکەی ئەوەیە هەموو ئەوەی لە خواوە دەگەیەنێت وەحی یە لە خواوە، چونکە هیچ شتێک سەبارەت بەخواوە ناڵێت مەگەر بە وەحی لەلای خواوە، ئایەتەکە وەڵامە بۆ کافرەکان کە دەڵێن: پێغەمبەری خوا خۆی ئەم قورئانەی هەڵبەستووە.
دووەم: ئەگەر ئیجتهادی کردبێت ئەوە ئیجتهادی کردووە بە وەحی لەلایەن خواوە، خوای گەورە ئیزنی داوە ئیجتهاد بکات، کەواتە هیچ دژی نییە.
ئەوەی دیار بێت لەم بابەتە پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەندێک جار ئیجتهادی کردووە لە هەندێک بابەت بێ وەحی، سەبارەت بە وتەی: ﴿وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَى﴾، هیچ کێشەی تێدانییە، چونکە پێغەمبەری خوا (ﷺ) هیچ قسە ناکات لەسەر هەوا و قسە ناکات بە هەوا). (دفع إيهام الاضطراب) للشنقيطي لاپەڕە (223).