سەردێری پرسیار: ئایا زیکر کردن تەنها بە زمان بێ ئەوە بیری لێ بکەیتەوەو غافل بیت پاداشت بۆی دەنووسرێت ؟

بەرواری دانان: 2018-10-07 کۆدی پرسیار: 339

پرسیار:

پرسیار // ئایا زیکر کردن تەنها بە زمان بێ ئەوە بیری لێ بکەیتەوەو غافل بیت پاداشت بۆی دەنووسرێت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن ئەگەر تەنها زیکر بە زمان بکرێت پاداشت بۆی دەنووسرێت ، چونکە کردەوەی باشی کردووە زمانی جوولەی کردووە بە زیکر ، بەلام ئەگەر دڵیشی لەگەل بێت گومانی تێدا نییە باشترە و پاداشتی زیاترە .

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( قاضی عیاض دەفەرمووێت : زیکر خوای گەورە دوو جۆرە زیکر کردن بە زمان و زیکردن بە دڵ ، زیکر کردن بە زمان لاوازترین زیکرە ، بەلام پاداشتێکی گەورەی بۆی هەیە هەروەک فەرموودە هاتووە ئاماژەی بۆ کردووە . )) شرح صحیح مسلم ( ۱۷/ ۱٥) .

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( زیکر بە زمان و دڵ دەکرێت ، باشترینیان زیکر کردنە بە زمان و دڵ ، بەلام ئەگەر تەنها یەکێکیان بکات زیکر کردن بە دڵ باشترە )) الاذكار لاپەڕە ۲۰

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( خەلک سەبارەت زیکر چوار پلەن :

یەکەم : زیکر کردن بە زمان و دڵ ، کە ئەمەیان فەرمانی پێکراوە .

دووەم : زیکر کردن تەنها بە دڵ ، ئەگەر لەبەر نەتوانینی زمان بێت باشە ، ئەگەر توانای هەبێت تەرکی بکات باشترە ( واتە تەنها بە دل نەکات بەلکو بە زمانیش بکات ) .

سێیەم : زیکر کردن تەنها بە زمان ، ئەویش ئەوەیە کە زمانی تەڕە بە زیکری خوای گەورە ، ....

چوارەم : نە زیکر بە زمان دەکات وە نە بە دڵ ، کە ئەمە حالی زەرەرمەندانە )) مجموعە فتاوی ابن تیمییە ج ع٥ لاپەڕە ٥٦٦

ابن حجر عسقلانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( زیکر جار هەیە تەنها بە زمان دەکەیت وە ئەوەی دەیکات پاداشت لەسەری وەردەگرێت ، مەرجی زیکر کردن ئەوە نییە ئیلا دەبێت ئاگات لێ بێت و نابێت غافل بیت ئەگەر نا پووچە و هیچ پاداشت وەرناگریت ، ئەگەر زیکری دڵیش بۆی زیاد بکات لەگەل زمان ئەوا باشترە ،....)) فتح الباری ج۱۱ لاپەڕە ۲۰۹

کەواتە باشترین پلەکانی زیکر ئەمانەن :

یەکەم : زیکر کردن بە دڵ و زمان ئەمەیان لە هەمووان باشترە .

دووەم : زیکر کردن تەنها بە دڵ ئەمەیان باشترە لەوەی کە تەنها زیکر بە زمان بکەیت .

سێیەم : زیکر کردن تەنها بە زمان .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام