پرسیار: کەسێک مالی هەیە بەڵام نەخۆشە، ئایا حەج لەسەری واجبە، واجبە لەسەری کەسێک لەجیاتی خۆی بنێرێت بۆ حەج؟
وەڵام: زانایان دەڵێن جۆرەکانی توانا (الاستطاعَة) بۆ حەج چوار جۆرن:
یەکەم: کەسێک بە لاشە و مال توانای هەیە، ئەمەیان لەسەری واجبە بە یەک دەنگی هەموو زانایان. (مراتب الإجماع)) لابن حَزْم لاپەڕە (41)، (المغني) لابن قُدامة (3/213)، (المجموع) للنووي (7/63).
دووەم: کەسێک بە لاشە و مال توانای نییە، ئەمەیان لەسەری واجب نییە بە یەک دەنگی هەموو زانایان.
سێیەم: بەلاشە توانای هەیە بەڵام بە مال توانای نییە، ئەمەیان حەج لەسەر واجب نییە بێ ئەوەی جیاوازی هەبێت، مەگەر کەسێک حەج ئەنجام دانی پەیوەست نەبێت بە مالەوە، نموونە: کەسێک ئەهلی مەککەیە لەسەری گران نییە دەربچێت بۆ مشاعر. (سبل السلام) للصنعاني (2/180)، (الشرح الممتع) لابن عُثيمين (7/11).
چوارەم: بە مال توانای هەیە و بە لاشە توانای نییە و ئومێدی چاک بوونەوەی لاشەی نییە، ئەمەیان واجبە کەسێک لەجیاتی خۆی بنێرێت بۆ حەج لەسەر وتەی ڕاستی زانایان.