سەردێری پرسیار:بەڵگە چییە کە چاو کاریگەری هەیە لەسەر مرۆڤ؟ پەیامتان چییە بۆ بانگخوازێک کە ئینکاری چاو دەکات؟

بەرواری دانان :2023-12-18 کۆدی پرسیار:3231

پرسیار:

پرسیار: بەڵگە چییە کە چاو کاریگەری هەیە لەسەر مرۆڤ؟ پەیامتان چییە بۆ بانگخوازێک کە ئینکاری چاو دەکات؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون چاو حەقە و کاریگەری هەیە لەسەر کەسی بەرامبەر، کە قورئان و سوننەت و واقع بەڵگەیە لەسەر ئەمە، لەوانە:

١- خوای گەورە دەفەرمووێت کاتێک باسی یەعقوب دەکات (علیە السلام): (وَقَالَ يَا بَنِيَّ لا تَدْخُلُوا مِنْ بَابٍ وَاحِدٍ وَادْخُلُوا مِنْ أَبْوَابٍ مُتَفَرِّقَةٍ) [يوسف:67]، زانایان دەڵێن لەبەر ئەوە فەرموویەتی هەمووتان لە یەک دەرگا مەچنە ژوورەوە لەبەر چاو، هەروەها وەسفی یەعقوبیش کراوە بەمە: (وَإِنَّهُ لَذُو عِلْمٍ لِمَا عَلَّمْنَاه).

٢- خوای گەورە دەفەرمووێت (وَإِنْ يَكَادُ الَّذِينَ كَفَرُوا لَيُزْلِقُونَكَ بِأَبْصَارِهِمْ لَمَّا سَمِعُوا الذِّكْرَ وَيَقُولُونَ إِنَّهُ لَمَجْنُونٌ) [القلم:51].

٣- عن ابن عباس، عن النبي (ﷺ) أنه قال: (الْعَيْنُ حَقٌّ وَلَوْ كَانَ شَيْءٌ سَابَقَ الْقَدَرَ سَبَقَتْهُ الْعَيْنُ). رواه مسلم (٢١٨٨). واتە: لە ابن عباس دەگرێنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (چاو حەقە، ئەگەر شتێک پێش قەدەر کەوتبا ئەوە چاو پێشی دەکەوت).

٤- پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (أَكْثرُ مَن يموتُ مِن أمَّتي بعدَ قضاءِ اللَّهِ وقدرِهِ بالأنفسِ أيْ العَينِ)، واتە: (زۆربەی ئەوانەی دەمرن لە ئوممەتی من دوای قەدەری خوا بەهۆی نەفەسەوەیە، واتە: بەهۆی چاوەوەیە). أخرجه البزار كما في (كشف الأستار) (3/ 404)، والطيالسي في (مسنده) (3/ 317)، والطحاوي في (مشكل الآثار) (7/ 338). مع اختلاف يسير في اللفظ، حسنه الألباني في صحيح الجامع

٥- چەندین فەرموودەی تر هاتوون ڕوقیە کراوە بۆ چاو و لە سەردەمی پێغەمبەری (ﷺ) خوا ڕوویداوە.

بانگخواز دەبێت ژیرانە مامەڵە بکات و خۆی نەکاتە باس و قسەی خەڵک لە بابەتێک زۆربەی زانایان دەڵێن حەقیقەتی هەیە، هەروەها واقعیش لە کۆنەوە تا ئێستا بەڵگە بووە، ڕاستە خەڵکانێک زیادەڕەویان کردووە لەچاو و ئەوەندە لە چاو دەترسن سنوریان بەزاندووە یان هەر شتێک ڕوو بدات دەڵێن چاوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەش نابێت تووشی رەد فعل بێت و ئینکاری حەقیقەتی چاو بکات کەچی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (الْعَيْنُ حَقٌّ وَلَوْ كَانَ شَيْءٌ سَابَقَ الْقَدَرَ سَبَقَتْهُ الْعَيْنُ). رواه مسلم (٢١٨٨).

موسڵمان دەبێت ئەوە بزانێت بانگخواز یان هەر مامۆستایەکی ئایینی ئەگەر تووشی هەڵە بوو دەبێت ئامۆژگاری بکرێت و دوعای خێر و هیدایەتی بۆ بکرێت نەک قسەی پێ بڵێت و جنێوی پێ بکات و دوعای لێ بکات، ئەگەر وەڵامیشی بداتەوە دەبێت وەڵام دانەوەیەکی برایانە بێت نەک دوژمنایەتی و ڕق و کینە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام