پرسیار: کەسێک نییەتی خراپەی هەبێت لەسەری دەنووسرێت ئەگەر بە کردەوە ئەنجامی نەدات؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەوەی نییەتی خراپەی هەیە دەڵێن:
١ـ نییەتی خراپەی هەیە بەڵام کردەوەکە ئەنجام نادات لە ترسی خەڵک یان بۆ ئەوەی خەڵک نەڵێن کەسێکی خراپە، ئەمەیان تاوانبار دەبێت، لەبەر ئەوەی پێش خستنی ترسی خەڵک بەسەر ترسی خوای گەورەوە حەڕامە، تەرککردنی لەبەر (ریاء) دروستکراوەکان ئەمەش حەڕامە.
فضیل ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: تەرککردنی کردەوە لەبەر خەڵک شیرکە و کردەوە ئەنجام دان بۆیان شیرکە.
٢ـ نییەتی خراپەی هەیە و هەوڵیشی بۆ خراپەکە دەدات، پاشان قەدەری خوای گەورە کەوتە نێوان کەسەکە و تاوانەکە نەیتوانی ئەنجامی بدات، زانایان دەڵێن لەسەری دەنووسرێت، لەبەر وتەی: (ما لم تكلَّمْ به أو تعمل)، یان لەبەر وتەی: (إذا التقى المسلمان بسيفيهما، فالقاتِلُ والمقتولُ في النَّار)، قالوا: يا رسول الله، هذا القاتل، فما بال المقتول؟! قال: (إنَّه كان حريصاً على قتل صاحبه). رواه البخاري (٣١)، ومسلم (٢٨٨٨).
٣ـ نییەتی خراپەی هەیە و بە قسە دەریبڕی بێ ئەوەی ئەنجامی بدات، ئەمەیان لەسەری دەنووسرێت، چونکە بە ئەندامی لاشە ئەنجامی دا کە زمانە، لەبەر وتەی: (ما لم تكلَّمْ به أو تعمل)، هەروەها لەبەر وتەی: (لو أنَّ لي مالاً لعملتُ فيه ما عَمِلَ فلان) يعني: الذي يعصي الله في ماله قال: (فهما في الوزر سواءٌ).
٤ـ کەسێک نییەتی گۆڕدرا و خاو بووەوە لەوەی بیری لێ دەکردەوە بێ هیچ هۆکارێک، ئایا تاوانبار دەبێت یان نە، ئەمەیان دوو حاڵەتە:
یەکەم: جار جار بەسەر دڵیدا دێت و دەڕوات، لە دڵیدا جێگیر نابێت و دڵی گرێ نادات لەسەر تاوانەکە، بەڵکو پێی ناخۆشە و خۆی لێ ڕزگار دەکات، ئەمەیان وەسواسە و نیشانەی ئیمانە، لەبەر وتەی: (ذاك صريح الإيمان). رواه مسلم (١٣٢).
دووەم: عزم و جزمی هەیە لەسەر تاوانەکە، ئەمەشیان دوو جۆرە:
- کردەوەکە تەنها کردەوەی دڵە کردەوەی لاشە نییە، نموونە: گومان لە تەنیایی خوای گەورە، یان پێغەمبەران یان قیامەت یان کردەوەی تری دڵ لە کوفر و نیفاق، ئەمەیان لەسەری حساب دەکرێت و بەمەیان تووشی کوفر یان نیفاق یان تاوان دەبێت بەپێی کردەوەکەیە.
- کردەوەکە تەنها کردەوەی دڵ نییە، بەڵکو کردەوەی ئەندامەکانی لاشەیە، وەک زینا و دزی و خواردنەوەی عەرەق و کوشتن و تۆمەتبار کردنی کەسێک و شتی تری هاوشێوەی ئەمانە، ئەگەر بەندە سوور بوو لەسەر ویستی ئەنجام دانی و عەزم و جەزمی هەبێت لەسەری، هیچ کردەوەی ئەندامەکانی لاشەشی بەدیار نەکەوت، ئەمەیان جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان دوو وتەی بەناوبانگ هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون لەسەری دەنووسرێت و تاوانبار دەبێت، کە ئەمە وتەی زۆر لە فوقەهاکان و فەرموودەناسەکانە، بەڵگە:
- خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَاعْلَمُوا أَنَّ اللهَ يَعْلَمُ مَا فِي أَنْفُسِكُمْ فَاحْذَرُوهُ).
- خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَلَكِنْ يُؤَاخِذُكُمْ بِمَا كَسَبَتْ قُلُوبُكُمْ).
- پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (الإثمُ ما حاكَ في صدركَ وكرهتَ أنْ يطَّلع عليه النَّاسُ). رواه مسلم (٢٥٥٣).
- فەرموودەی پێغەمبەری خوا (ﷺ): (إن الله تجاوزَ لأُمَّتي عمَّا حدَّثت به أنفُسَها ما لم تكلَّم به أو تعمل)، ئەمەیان باسی ئەو وەسواسانەیە کە بەسەر دڵدا دێت، سەبارەت بەوەی عەزم و جەزمی هەیە ئەمەیان بەهۆی کردەوەی خۆی بووە و دڵی خۆی بە تاوانەوە پەیوەست کردووە.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون لەسەری نانووسرێت و تاوانبار نابێت، ئەم وتەیە دراوەتە پاڵ شافعی و وتەی چەند زانای ترە، بەڵگە:
- عمومات هاتوون نییەتی تاوان بێ ئەوەی بکاتە کردەوە هیچی لەسەر نییە. (جامع العلوم والحکم) لابن رجب (٢/٣٤٣-٣٥٣).
وتەی ڕاست وتەی یەکەمە کە لەسەری دەنووسرێت و تاوانبار دەبێت، بەڵام لە تاواندا وەک ئەو کەسە نییە کە بە کردەوە تاوانەکە ئەنجام دەدات، واللە أعلم.
تێبینی: هەر کەسێک تاوان بەسەر دڵیدا هات و شەیتان هەوڵیدا تووشی بکات، پاشان کەسەکە جیهادی نەفسی کرد و تاوانەکەی ئەنجام نەدا لەبەر خوا، ئەمەیان چاکە بۆی دەنووسرێت.
سەبارەت بە خاڵی یەکەم کە ابن ڕەجەب باسیکردووە دەڵێین کەسێک تاوان ئەنجام نادات لەبەر (مراءاة)، زۆربەی ئەوانەی تاوان ئەنجام نادەن بە ئاشکرا لەبەر پاراستنی سومعەی خۆیانە، هەروەها فەرموودەی تایبەت هاتووە هەڕەشەی باسکردووە سەبارەت بەوانەی تاوان بە ئاشکرا دەکەن؟! لەوانەیە خوف و مراءاة پێکەوە معلقن لەم بابەتە، مرۆڤ ئەگەر شەرمی نەما چی بوێت دەیکات، لێرە شەرم لە دروستکراوەکانی بەسەر شەرم کردن لەخوای گەورەی خستووە، ڕاستە مرۆڤ کاتێک تاوان تەرک دەکات دەبێت لەبەر خوا تەرکی بکات، جار وایە عیبادەتێک ناکات بۆ ئەوەی تووشی ریاء نەبێت، بۆ ئەوەی تووشی شیرک نەبێت، چۆن دەبێت کەسێک لە شیرک ڕا بکات بڵێیت تووشی شیرک بووە، چۆن دەبێت بڵێیت تەرکردنی کردەوە لەبەر خەڵک ڕیایە، ڕاستە دەڵێین دڵی ساغ و سەلامەت ئەو دڵ یە که خەڵک نەبێتە ڕێگر لە ئەنجام دان و تەرککردنی کردەوە، بەڵام وەسف کردن بە ریاء جێگای تێڕوانینە، هەروەها پێناسەی ریاش شەرع دیاری کردووە، دەتوانین بڵێین تووشی دەردێک بووە پێویستی بە چارەسەرە نەک ریاء، واللە ٲعلم.