سەردێری پرسیار: دەکرێت بە پوختی باسی زەکاتی کانزا بکەن؟

بەرواری دانان: 2023-12-08 کۆدی پرسیار: 3216

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت بە پوختی باسی زەکاتی کانزا بکەن؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١- زەکاتی کانزا واجبە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر واجبی زەکاتی کانزا. (المجموع) (6/75)، (الذخيرة) للقرافي (3/64، 65)

٢- جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە شێوەی کانزا کامەیان زەکاتی لێ دەردەکرێت، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون مەرجە ئەو کانزایە زێڕ و زیو بێت تا زەکاتی لێ دەربکەیت، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی و حەنابلە و ابن حزم و ئەلبانی و صنعانی یە، بەڵگە:

ـ ئەسڵ وایە زەکات واجب نییە لە هیچ شتێک مەگەر بەڵگە هاتبێت، زێڕ و زیو جێگیربووە زەکاتی لێی دەردەکرێت بە ئیجماع، سەبارەت بە کانزای تر هیچ بەڵگە نەهاتوون. (المجموع) للنووي (6/77)، (التعليقات الرضية على الروضة الندية) للألباني (1/562، 563).

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون مەرج نییە بۆ واجب بوونی زەکاتی کانزا تەنها زێڕ و زیو بێت، بەڵکو هەموو مالێک دەگرێتەوە کە بەهای هەبێت، وەک زێڕ و زیو و مس و ئاسن و نەفت و شتی تری هاوشێوەی ئەمانە، کە ئەمە وتەی حەنابلە و وتەی کۆنی شافعی و قرضاوی و ابن عثیمینە، بەڵگە:

ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَنْفِقُوا مِنْ طَيِّبَاتِ مَا كَسَبْتُمْ وَمِمَّا أَخْرَجْنَا لَكُمْ مِنَ الْأَرْضِ﴾ [البقرة: 267]، ئایەتەکە گشتی یە و تایبەتی نەکردووە بە جۆرێکی کانزا. (المغني) لابن قدامة (3/53).

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بۆ دڵنیایی باشتر وایە زەکاتی مەعدەن دەربکرێت). (فتح ذي الجلال والإکرام) (٦/١٨٥).

٣- زەکاتی مەعدەن لە دە بەش چوار یەک زەکاتی لێ دەردەکرێت، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی مالکی و وتەی ڕاستی شافعی و حەنابلەیە، بەڵگە:

ـ عن أبي هُرَيرَة رَضِيَ اللهُ عنه أنَّ رسولَ الله (ﷺ) قال: (العَجْماءُ جُبَارٌ والبِئر جُبارٌ والمعدِنُ جُبارٌ وفي الرِّكازِ الخُمُسُ). رواه البخاري (1499)، ومسلم (171).

ڕووی کردنە بەڵگە: پێغەمبەری خوا (ﷺ) جیاوازی خستۆتە نێوان خەزێنە و کانزا به واوی عطف، کەواتە کانزا و خەزێنە هەردووکیان یەک شت نین لەڕووی ناوەوە، بەڵگەێە جیاوازن لە ماناشدا، بەڵگەیه پێنجیەک لە خەزێنەیە نەک کانزا. (شرح صحيح البخاري) لابن بطال (3/555)، (المنتقى شرح الموطأ) لأبي الوليد الباجي (2/102)، (الذخيرة) للقرافي (3/59).

ـ کانزا زەکاتە، مادەم زەکاتە دەبێ لە دە بەش چارەکی لێ بدرێت. (المجموع) للنووي (6/82).

٤- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون نصاب واجبە بۆ زەکاتی کانزا وەک نصابی زێڕ و زیو، کە ئەمە وتەی مالیک و شافعی و حەنابلە و داود الظاهری یە، بەڵگە:

ـ عمومی بەڵگەکان بەڵگەن نصاب مەرجە بۆ زەکات. (المغني) لابن قدامة (3/54).

ـ قیاس دەکەن لەسەر مەرجی نصاب بۆ زێڕ و زیو. (الذخيرة) للقرافي (3/60)، (كشاف القناع) للبهوتي (2/223).

٥- کاتی دەست کەوتنی کانزا زەکاتی لێ دەردەکرێت، مەرج نییە ساڵێکی بەسەردا بسوڕێتەوە، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە. (المجموع) للنووي (6/81)، (المغني) لابن قدامة (3/55).

٦- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون زەکاتی کانزا دەدرێت بەوانەی زەکاتیان پێ دەشێت، واتە ئەو هەشت صنفەی قورئان باسیکردووە، کە ئەمە وتەی مالکی و وتەی ڕاستی شافعی و حەنابلەیە. (المجموع) للنووي (6/76)، (مغني المحتاج) للخطيب الشربيني (1/395).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام