سەردێری پرسیار: من گەنجم قوتابی زانستم و تووشی تاوان بووم و بێ ئومێد بووم لەوەی خوای گەورە لێم خۆش بێت، ئامۆژگاریتان چییە بۆ ئێمە؟

بەرواری دانان :2023-10-19 کۆدی پرسیار:3143

پرسیار:

پرسیار: من گەنجم قوتابی زانستم و تووشی تاوان بووم و بێ ئومێد بووم لەوەی خوای گەورە لێم خۆش بێت، ئامۆژگاریتان چییە بۆ ئێمە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١- تاوان چەند گەورە بێت ئەگەر بەندە پەشیمان بێتەوە و تەوبە بکات خوای گەورە لێی خۆش دەبێت، تاوان زیانی نییە ئەگەر مرۆڤ تەوبە بکات، بێ ئومێد بوونەکە لە تاوانەکە ترسناکترە بۆیە ئاگادار بە حاڵەت هەیە لە بێ ئومێد بوون مرۆڤ تووشی کوفر دەکات، ئەگەر گەیشتە ئەو ڕادەیەی ئینکاری ڕەحمەتی خوای گەورە بکات.

٢- پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (ئەگەر ئێوە تاوان ئەنجام نەدەن، خوای گەورە لەناوتان دەبات و کەسانێک دێنێتەدی تاوان ئەنجام بدەن و تەوبە بکەن). رواە مسلم.

٣- زۆربەی گەنجەکان کێشەی شەهوەتیان هەیە، بۆیە دەبێت ئارام بگرێت لەسەر تاوان بەردەم دوای تاوان تەوبە بکات و و ئومێدی بە سۆز و ڕەحمەتی خوای گەورە هەبێت.

٤- ئەگەر مرۆڤ تاوانی ئەنجام نەدەبا و ئیمانی بەهێز بوایا تا مردن، ئەوە تاقیکردنەوەکە ئاسان دەبوو، چونکە کاتی ئیمان بەهێزی بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت و هەموو شتەکان لەسەری سووک دەبوون و تاقیکردنەوەکەش ئاسان دەبوو، بۆیە حیکمەتی خوای گەورە وایە دەبێ مرۆڤ تاقی بکرێتەوە، ئیمانیش زیاد دەبێت و کەم دەبێت، دەبێ ئەم قۆناغانە ببڕێت.

٥- گومانی باش بە خوای گەورە ببە و دەست بەو ئایەت و فەرموودانە بگرە کە باسی سۆز و ڕەحمەتی خوای گەورە دەکەن، بۆ ئەوەی ئومێد بوون بە رەحمەتی خوای گەورە لە دڵتدا جێگیر بێت، گەورەترین کافر لە قورئاندا زۆر باسی کرابێت فیرعەون بووە، لەگەڵ ئەمەش خوای گەورە بە موسا و هاڕوونی فەرموو: (بڕۆن بۆ لای بە نەرم و نیانی قسەی لەگەڵ بکەن)، ئەگەر ئەمە سۆز و بەزەیی خوای گەورە بێت بەرامبەر ئەوەی کە بانگەشەی پەروردگاریەتی دەکرد کە فیرعەون بوو، دەیوت: (أنا ربکم الأعلی)، ئەی دەبێت سۆز و بەزەیی خوا چۆن بێت ئەوەی دەڵێت: (سبحان ربي الأعلی)؟!

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام