پرسیار: کەسێک پێمان دەڵێت ئەم ئاوە پیسە بۆ دەست نوێژ بە کەڵک نایەت، تا چەند دروستە هەواڵی وەربگرین؟
وەڵام: ئەوەی هەواڵ دەدات بەوەی ئەم ئاوە پیسە دوو حاڵەتە:
یەکەم: ئەگەر هۆکاری پیس بوونی ئاوەکەی باسکرد، ئەمەیان هەواڵی وەردەگیرێت ئەگەر جێگای متمانە بوو، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، چونکە هەواڵی کەسی جێگای متمانە وەرگیراوە لەم شتانە، ئەمە لە بابەتی شایەتی دان نییە بەڵکو لە بابی خەبەرە. (المجموع) للنووي (1/176).
دووەم: ئەگەر هۆکاری پیس بوونی ئاوەکەی باس نەکرد و کەسەکەش جێگای متمانە بوو، لەم حاڵەتە واجب نییە لەسەر تۆ خەبەری وەربگریت، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی مالک و شافعی و حەنابلەیە، لەبەر ئەوەی لەوانەیە ئەو باوەڕی وابێت ئاوەکە پیس بووە بە شتێک کە شەرع بە پیسی دانەناوە، نموونە: مێش ئەگەر بکەوێتە ناو ئاو پیس نابێت، کەس هەیە لەوانەیە بە پیسی دابنێت، یان کەسی وەسواس زۆر شتی لا پیسە و کەچی خاوێنیشە، ئەسلیش وایە ئاو پاکە مەگەر بەڵگەی ڕوون و ئاشکرات لابێت کە پیس بووە. (حاشية الدسوقي) (1/47)، (الفواكه الدواني) للنفراوي (1/361)، (الشرح الكبير) لابن قدامة (/47-49)، (كشاف القناع) للبهوتي (1/46).