پرسیار: ژن و پیاوێک کێشە کەوتۆتە نێوانیان، ژنەکە بە پیاوەکەی گوتووە هەستە براکەم بمبەرەوە مالی باوکم، حوکمی ئەم قسەیە چییە؟
وەڵام: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون (ظهار) لەلایەن پیاوەوەیە نەک ئافرەت، ئەگەر ئافرەت وا بڵێتیش بە ظهار حساب ناکرێت، (ظهار)یش ئەوەیە پیاو خێزانی خۆ بچوێنێ بەو ئافرەتانەی کە لەسەری حەرامن بۆ هەتا ھەتایی و مەبەستیش پێی حەرام کردن بێت لەسەر خۆی.
زۆربەی زانایان دەلێن پیاو ظهار دەکات نەک ئافرەت، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ٱلَّذِينَ يُظَٰهِرُونَ مِنكُم مِّن نِّسَآئِهِم﴾ {المجادلة: 2}، نەیفەرموو: (وللاتی یظهرن منكم من ٲزواجهن)، واته: نەیفەرموو: (ئەو ژنانەتان کە ظهارتان لەگەل ئەکەن)، هەروەها لە ڕووی ماناشەوە ئەمەیان راستە، چونکە حەلال کردن و حەڕام کردن لەنکاح بەدەست پیاوە هیچی بەدەست ئافرەتەوە نییە کە ئیجماع هەیە. (الجامع لأحکام القرٲن) للقرطبي (٢٠/٢٨٩).
سەبارەت بەوەی بە پیاوەکەی خۆی وتوە: (براکەم بمبەرەوە مالی باوکم) ، ئەمەیان حوکمی سوێندی هەیە و دەبێت کەفارەتی سوێند بدات، دەتوانێ پێش ئەوەی پیاوی بێتەلای کەفارەت بدات و دەتوانێ دوای جووت بوونیش کەفارەت بدات.
کەفارەتی سوێندیش خواردن دانە بە (١٠) هەژار یان جل و بەرگ پێدان یان ڕزگارکردنی بەندەیەک، ئەگەر نەیتوانی (٣) ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێت. (فتاوی المرأة المسلمة) لابن عثیمین (٢/٨٠٣).