پرسیار: گەر ئەم پێناسەیەم بۆ بکەیت بەکوردیەکی: (التَّدْلِیكُ فِي الْوُضُوءِ: هُوَ إِمْرَارُ الْيَدِ الْغَاسِلَةِ عَلَى الْعُضْوِ الْمَغْسُولِ مَعَ الْمَاءِ)؟
وەڵام: (التَّدْلِیكُ فِي الْوُضُوءِ: هُوَ إِمْرَارُ الْيَدِ الْغَاسِلَةِ عَلَى الْعُضْوِ الْمَغْسُولِ مَعَ الْمَاءِ)، واتە: دلك لە دەست نوێژ بریتی یە لە دەستی شۆردراو هێنان بەسەر ئەندامی شۆردراو لەگەڵ ئاو.
جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە (دلك) بۆ دەست نوێژ ئایا واجبە یان سونەتە، سێ وتە هەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان حەنەفی و شافعی و حنابلە و وتەیەک لە وتەکانی مالکی بۆ ئەوە چوون دلك سونەتێکە لە سونەتەکانی دەست نوێژ، شافعی دەفەرمووێت: مبالەغە تێیدا دەکرێ لە پاژنەی قاچ بە تایبەتی لە زستان، فەرموودە ھاتووە دەفەرمووێت: (وَيْلٌ لِلأَْعْقَابِ مِنَ النَّارِ) [متفق عليه].
دووەم: ئیمام مالک وتەی بەناوبانگی ئەوەیە کە واجبێکە لە واجبەکانی دەست نوێژ.
سێیەم: ئەگەر ئاو نەگات بە ئەندامەکانی دەست نوێژ واجبە بەڵام نەک لەبەر خودی دلك، بەڵکو لەبەر گەیشتنی ئاوە بە ئەندامەکانی دەست نوێژ، کە ئەمە وتەی ابن تیمیە و ابن عثیمینە.
وتەی ڕاست وتەی مام ناوەندە، ئەگەر ئاو بگات بە ئەندامەکان بێ ھەلسوون، ئەوە ھەلسوون واجب نییە، ئەگەر نا واجبە، واللە أعلم.