سەردێری پرسیار:حوکمی ئەو کەسەیە چییە کە لە وتاری هەینی پاڵی داوەتەوە بە ستونی مزگەوتەوە و پشتی لە وتارخوێن و قیبلەیە؟

بەرواری دانان :2023-09-27 کۆدی پرسیار:3119

پرسیار:

پرسیار: حوکمی ئەو کەسەیە چییە کە لە وتاری هەینی پاڵی داوەتەوە بە ستونی مزگەوتەوە و پشتی لە وتارخوێن و قیبلەیە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن سوننەتە ئامادەبووان ڕوو لە وتارخوێن بکەن جا بەرامبەری بن یان هەر لایەکی تر بن، هەر کەسێک لە ڕیزی خۆی دەمێنێتەوە و سەیری وتارخوێن دەکات، کە ئەمە وتەی سفیان الثوری و شافعی و ئەحمەد و ئیسحاقە، بەڵگە:

١- شەرع ڕێگەی داوە وتارخوێن پشت لە قیبلە بکات و ڕوو لە ئامادەبووان بکات، ئەی چۆن دەبێ هەندێک خەڵک پشت لە قیبلە و وتارخوێن بکەن؟!

٢- لە عبد اللە بن مسعود دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) کاتێک دەچووە سەر مینبەر ئێمە ڕوومان تێ دەکرد و سەیرمان دەکرد. فقد أخرجە الترمذي (٥٠٩).

٣- کردەوەی هاوەڵان و تابعی یەکان بووە.

فەرموودەکە ئەگەرچی لاوازە لە سەنەد بەڵام شەواهدی هەیە لە فەرموودەی البراء بن عازب.

شەوکانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرموووێت: (فەرموودەکە ئەگەرچی ناگاتە پلەیەکی باش بەڵام کردەوەی پێشینەکان و پاشینەکان پاڵپشتی یە بۆی). (نیل الٲوطار) (٣/٢٩٩).

حیکمەت لە ڕوو لە وتارخوێن کردن:

ـ نیشانەی خۆ ئامادەکردنە بۆ گوێ گرتن بۆ وتار. ـ ڕەوشتێکی جوانی گوێگرتنە.

ـ ئەمە باشترە بۆ تێگەیشتن و ئامادەبوونی دڵ و دوور بوون لە نووستن.

ـ هاندانی وتارخوێنە کاتێک دەبینێت خەڵک ڕووی تێ کردووە و گوێی بۆ دەگرن.

هەندێک خەڵک کە بە ستونی مزگەوتەوە پاڵ دەدەنەوە و پشتیان دەکەوێت وتارخوێن و قیبلە، کە ئەمە پێچەوانەی سوننەتە، سەیر بکە چۆن شەرع ڕێگەی داوە وتارخوێن پشت لە قیبلە بکات و ڕوو لە ئامادەبووان بکات، ئەی چۆن دەبێ هەندێک خەڵک پشت لە قیبلە و وتارخوێن بکەن؟!

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام