پرسیار: حوکمی نوێژی سوننەت ئەنجامدا بەدوای نوێژی واجبەوە یەکسەر بێ ناوبڕ؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١ـ سوننەتە ناوبڕ بخرێتە نێوان نوێژی واجب و سوننەت، ئەویش یان بە زیکردن کردنە یان قسەی تر یان جێ گۆڕین، بەڵگە:
عَنِ السَّائِبِ بنِ يَزِيدَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّ مُعَاوِيَةَ قَالَ لَهُ: إِذَا صَلَّيْتَ الْجُمُعَةَ فَلا تَصِلْهَا بِصَلاةٍ حَتَّى تَتَكَلَّمَ أَوْ تَخْرُجَ، فَإِنَّ رَسُولَ اللَّهِ (ﷺ) أَمَرَنَا بِذَلِكَ: أَنْ لا نُوصِلَ صَلاةً بِصَلاةٍ حَتَّى نَتَكَلَّمَ أَوْ نَخْرُجَ، رَوَاهُ مُسْلِم (٨٨٣).
واتە: لە سائب بن یزید دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت معاویە بە منی وت: ئەگەر نوێژی هەینی کرد نوێژ بە نوێژەوە مەلکێنە تا قسە دەکەیت یان دەردەچیت، چونکە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمانی بە ئێمە کردووە بەمە: (نوێژ مەلکێنین بە نوێژ تا قسە دەکەین یان دەردەچین).
٢ـ عیلەتی فەرموودەکە بۆ ئەوەی واجب و سوننەت لێک جیابکرێنەوە، بۆ ئەوەی شتێک زیاد نەکردێت بەسەر واجبەوە کە واجبیش نییە، هەروەک لە ابن عمر نەقل کراوە پیاوێکی بینی دوای هەینی دوو ڕەکاعەت سوننەتی ئەنجام دا لە شوێنی خۆی، فەرمووی: (نوێژی هەینی چوار ڕەکاعەت ئەنجام دەدەیت؟)، نموونەی تر هاوشێوەی ئەمە پەلەکردن لە ڕۆژوو شکاندن و تاخیکردنی خواردنی بەرەبەیان، هەروەها خواردنی ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان پێش پێش چوون بۆ نوێژی جەژن، هەروەها نەهی کردن لە بەڕۆژوو بوون پێش ڕەمەزان بە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ.
هەندێک زانای تر حیکمەتی تریان باسکردووە ئەویش زۆرکردنی شوێنی عیبادەت، چونکە زەوی شایەتی بۆی دەدات لە ڕۆژی قیامەتدا، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَمَا بَكَتۡ عَلَيۡهِمُ ٱلسَّمَآءُ وَٱلۡأَرۡضُ وَمَا كَانُواْ مُنظَرِينَ٢٩﴾ [الدخان: 29]، هەروەها دەفەرمووێت: ﴿يَوۡمَئِذٖ تُحَدِّثُ أَخۡبَارَهَا٤﴾ [الزلزلة: 4]
باشترین شێوازی ناوبڕ ئەوەیە لە مزگەوت بچیتەوە ماڵەوە نوێژی سوننەت ئەنجام بدەیت، لەبەر فەرموودەی زید بن ثابت خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (ئەی خەڵکینە نوێژ لە ماڵەوە ئەنجام بدەن، چونکە باشترین نوێژ ئەو نوێژەیە کە مرۆڤ لە ماڵەوە ئەنجامی دەدات جگە لە نوێژی واجب نەبێت). متفق علیە.
٣ـ ناوبڕ خستنە نێوان نوێژی واجب و سوننەت تایبەت نییە بە نوێژی هەینی، بەڵکو گشتییە هەموو نوێژێکی واجب دەگرێتەوە، هەروەها هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ناوبڕ خستنە نێوان نوێژە سوننەتەکان ناگرێتەوە، چونکە عیلەتی فەرموودەکە ئەوەیە بۆ ئەوەی واجب و سوننەت لێک جیابکرێنەوە، هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نویژی سوننەتیش ناوبڕی دەخرێتە نێوانی، چونکە عیلەتی فەرموودەکە لەبەر ئەوەیە تا زەوی شایەتی بۆی بدات، بەڵام زۆربەی زانایان تایبەتیان کردووە بە نوێژی واجب و سوننەت، واللە أعلم.