سەردێری پرسیار: کەسێک تەنها بە نوێژی هەینی گەیشت، ئایا لەسەریەتی دوو ڕەکاعەتی تریش زیاد بکات بەسەر نوێژی هەینی یەوە، لەبەر ئەوەی بە وتار نەگەیشتووە؟

بەرواری دانان :2023-09-12 کۆدی پرسیار:3101

پرسیار:

پرسیار: کەسێک تەنها بە نوێژی هەینی گەیشت، ئایا لەسەریەتی دوو ڕەکاعەتی تریش زیاد بکات بەسەر نوێژی هەینی یەوە، لەبەر ئەوەی بە وتار نەگەیشتووە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن هەر کەسێک بگات بە یەک ڕەکاعەت نوێژی هەینی، ئەوە گەیشتووە بە هەینی، لەسەریەتی ئەوەی تریش تەواو بکات (واتە: یەک ڕەکاعەتی تر)، هەینییەکەی تەواوە ئەگەرچی بە وتاریش نەگەیشتووە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە و وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.

هەندێک تابعی بۆ ئەوە چوون گەیشتن بە هەندێک وتار مەرجە، هەینی دروست نییە بێ وتار، هەر کەسێک بە هەندێک وتار نەگات چوار ڕەکاعەت نوێژ دەکات، کە ئەمە وتەی عطاء و طاوس و مجاهدە، بەڵام ئەم وتەیە لاوازە لەبەر دوو شت:

یەکەم: پێچەوانەی فەرموودەیە: لە ابن عمر دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (هەر کەسێک بگات بە ڕەکاعەتێک لە نوێژی هەینی و نوێژی تر، ئەوە با ڕەکاعەتی تر زیاد بکات و نوێژەکەی تەواوە). رواە النسائي في کتاب (المواقیت)، باب (من أدرك رکعة من الصلاة) (١/٢٧٤-٢٧٥)، وابن ماجە (١١٢٣)، والدارقطني (٢/١٢). 

دووەم: بە مەرج دانانی گەیشتن بە وتار بۆ دروستی نوێژ پێویستی بە بەڵگەیە، چونکە ئەسڵ وایە گەیشتن بە هەندێک وتار مەرج نییە بۆ نوێژی هەینی مەگەر بەڵگە هاتبێت.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (مەرج نییە بۆ دروستی هەینی ئامادەی وتار بێت، لەبەر وتەی: (من أدرك رکعة)، ئەوەی بە یەک ڕەکاعەت دەگات ئامادەی وتار نەبووە). (فتح ذي الجلال والإکرام) (٥/٢١).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام