پرسیار: کەسێک بە ڕەکاعەتی دووەمی نوێژی هەینی گەیشتووە لە تەحیات، نوێژ چۆن دەکات؟
وەڵام: زانایان دەڵێن هەر کەسێک بگات بە نوێژی هەینی بە کەمتر لە یەک ڕەکاعەت، ئەوە نەگەیشتووە بە نوێژ، وەک ئەوەی بگات بە نوێژ لە دوای هەستانەوە لە ڕکوع یان سوجدە یان تەحیات، ئەمەیان نوێژی نیوەڕۆ دەکات چوار ڕەکات، نییەتی نوێژی نیوەڕۆ دەهێنێت دوای سەلام دانەوەی ئیمام، کە ئەمە وتەی مالک و شافعی و ئەحمەدە، بەڵگە:
- لە ابن عمر دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (هەر کەسێک بگات بە ڕەکاعەتێک لە نوێژی هەینی و نوێژی تر، ئەوە با ڕەکاعەتی تر زیاد بکات و نوێژەکەی تەواوە). رواە النسائي في کتاب (المواقیت)، باب (من أدرك رکعة من الصلاة) (١/٢٧٤-٢٧٥)، وابن ماجە (١١٢٣)، والدارقطني (٢/١٢).
ئەبو حەنیفە و ابن حزم بۆ ئەوە چوون ئەگەر لە تەحیات بگات بە نوێژی هەینی دوو ڕەکاعەت تەواو دەکات، لەبەر وتەی: (فما ادرکتم فصلوا، وما فاتکم فاقضوا او فٲتموا).
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە و وتەی هاوەڵانە، لە ابن عمر دەگڕێنەوە دەفەرمووێت: (إذا ٲدرك الرجل يوم الجمعة ركعة صلى إليها أخرى، وإن وجدهم جلوسا صلى أربعا). (مصنف عبد الرزاق) (٣/٢٣٤).