سەردێری پرسیار: دروستە نوێژی هەینی زەوال (واتە: پێش ئەوەی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان لابدات) ئەنجام بدرێت؟

بەرواری دانان :2023-09-11 کۆدی پرسیار:3098

پرسیار:

پرسیار: دروستە نوێژی هەینی زەوال (واتە: پێش ئەوەی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان لابدات) ئەنجام بدرێت؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە یەکەم کاتی نوێژی هەینی، دوو وتە هەیە:

یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون کاتی نوێژی بە لادانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان دەست پێ دەکات وەک کاتی نوێژی نیوەڕۆ، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و شافعی یە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن قدامە و مرداوی یە، بەڵگە:

١ـ عن أنس بن مالك رضى الله عنه: أَنَّ النَّبِىَّ (ﷺ) كَانَ يُصَلِّى الْجُمُعَةَ حِينَ تَمِيلُ الشَّمْسُ. رواه البخاري (٩٠٤).

واتە: لە ئەنەس دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) نوێژی هەینی ئەنجام دەدا کاتێک خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان لایدەدا.

ڕووی کردنە بەڵگە: فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە نوێژی هەینی ئەنجام داوە دوای لادانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان.

٢ـ عن سلمة بن الأكوع رضي الله عنه قال: (كُنَّا نُجَمِّعُ مَعَ رَسُولِ اللَّهِ (ﷺ) إِذَا زَالَتْ الشَّمْسُ ثُمَّ نَرْجِعُ نَتَتَبَّعُ الْفَيْءَ). رواه مسلم (٨٦٠).

واتە: ئێمە هەینیمان دەکرد لەگەڵ پێغەمبەری خوا (ﷺ) کاتێک خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان لایدەدا، پاشان دەگەڕاینەوە داوای سێبەرمان دەکرد (واتە: لەبەر سێبەر دەڕۆیشتین).

ڕووی کردنە بەڵگە: هەینییان ئەنجام داوە کاتێک خۆر لایدەدا لە ناوەڕاستی ئاسمان، کاتێک دەگەڕانەوە خۆیان دەدا بەر سێبەر.

٣- کەسێک نوێژی هەینی لەسەر نەبێت یان لێی بڕوات نوێژی نیوەڕۆ ئەنجام دەدات، هەینی بەدیلی نیوەڕۆیە بۆیە لە کاتیشدا دەبێت وەک یەکتر بن.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە نوێژی هەینی پێش زەوال ئەنجام بدرێت، کە ئەمە وتەی ئیمام ئەحمەد و ئیسحاقە، بەڵگە:

١ـ عن سهل رضي الله عنه قال: (مَا كُنَّا نَقِيلُ وَلَا نَتَغَدَّى إِلَّا بَعْدَ الْجُمُعَةِ). رواه مسلم (٨٥٩).

واتە: لە سهل بن سعد دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: ئێمە قەیلولە و خواردنمان نەدەخوارد مەگەر دوای هەینی.

٢ـ عن سلمة بن الأكوع رضي الله عنه قال: (كُنَّا نُصَلِّي مَعَ رَسُولِ اللَّهِ (ﷺ) الْجُمُعَةَ فَنَرْجِعُ وَمَا نَجِدُ لِلْحِيطَانِ فَيْئًا نَسْتَظِلُّ بِهِ). رواه البخاري (٤١٦٨)، ومسلم (٨٦٠) واللفظ له.

واتە: لە سلمة بن الأکوع دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: ئێمە نوێژمان لەگەڵ پێغەمبەر (ﷺ) کرد لە ڕۆژی هەینی، پاشان لەنوێژ دەبووەوە دیوار سێبەری نەبوو خۆتی بدەیتەبەر.

ڕووی کردنە بەڵگە: کاتێک دەگەڕانەوە دیوار هیچ سێبەری نەبوو، بەڵگەیە پێش زەوال نوێژ ئەنجام دراوە. 

٣ـ عن جابر بن عبد الله قال: (كُنَّا نُصَلِّي مَعَ رَسُولِ اللَّهِ (ﷺ) ثُمَّ نَرْجِعُ فَنُرِيحُ نَوَاضِحَنَا)، وفي روایة: (حین تزول الشمس). رواه مسلم (٨٥٨).

واتە: لە جابر دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: (ئێمە نوێژی هەینیمان لەگەڵ پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەکرد، پاشان دەگەڕاینەوە پشوومان دەدا کاتی زەوال لە ماندووبوون و ئاودان بە وشتر).

ڕووی کردنە بەڵگە: ظاهری فەرموودەکە پشوو دانیان کاتی زەوال بووە، بەڵگەیە نوێژی هەینیان ئەنجام داوە پێش زەوال، ئەمە بەهێزترین بەڵگەی ئەوانەیە کە دەڵێن نوێژی هەینی پێش زەوال ئەنجام دەدرێت، چونکە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دوو وتاری دەخوێن و قورئانیشی لە نوێژی هەینی دا خوێند.

وتەی ڕاست باشتر وایە نوێژی هەینی دوای زەوال ئەنجام بدرێت و تاخیر نەکرێت پەلەی لێ بکرێت، بۆ ئەوەی لەسەر خەڵک گران نەبێت، چونکە چاوەڕێ کردن لەسەریان گران دەبێت، لەبەر دوو شت دوای زەوال ئەنجام دان باشترە:

یەکەم: هەموو زانایان یەک دەنگن باشتر وایە دوای زەوال ئەنجام بدرێت، هەتا ئەوانەی دەڵێن دروستە پێش زەوالیش ئەنجام بدەیت.

دووەم: ئەم کاتە کردەوەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بووە زۆربەی جار.

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (لەپێشر وایە نوێژی هەینی نەکرێت مەگەر دوای زەوال، بۆ ئەوەی لە جیاوازی نێوان زانایان ڕزگار بیت، پێغەمبەری خوا زۆربەی جار پێش زەوال ئەنجامی داوە، وە پەلەی کردووە لە سەرەتای کاتدا، چونکە پێغەمبەری خوا پەلەی کردووە، چونکە خەڵک کۆ دەبێتەوە لەسەرەتای کاتدا، ئەگەر تاخیر بکرێت تا دونیا فێنێک دەبێتەوە، ئەوە گران دەبێت لەسەر ئامادەبووان). (المغني) لابن قدامە (٣/٢٤١).

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر نوێژ ئەنجام بدات پێش زەوال بە ماوەیەکی کەم ئەوە نوێژی دروستە، بەڵام باشتر وایە نوێژ ئەنجام نەدات مەگەر دوای زەوال، ئەمە کردەوە کردنە بە هەموو فەرموودەکان و دەرچوون لە جیاوازی نێوان زانایان، هەروەها ئاسان کردنە بۆ خەڵکی تا هەموو ئامادەی هەینی ببن، تا نوێژ لە یەک کاتدا ئەنجام بدرێت، ئەمە لەپێشترە و دڵنیاترە). (مجموع فتاوى ابن باز) (١٢/ ٣٩١ـ٣٩٢).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام