سەردێری پرسیار: دەکرێت بە پوختی باسی ئادابەکانی چوونە ئاودەست و تارەت گرتن بکەن؟

بەرواری دانان: 2023-08-18 کۆدی پرسیار: 3050

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت بە پوختی باسی ئادابەکانی چوونە ئاودەست و تارەت گرتن بکەن؟

دەقی وەڵام:

وەلام: زانایان دەڵێن ئادابەکانی چوونە ئاودەست و تارەت گرتن سێ جۆرن:

یەکەم: ئادابەکانی پێش چوونە ئاودەست:

١- باش نییە بچیتە ئاو دەست شتێکت لا بێت زیکری خوای گەوری لەسەر نووسرا بێت، سوننەتە دابنێیت، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە.

٢- حەڕامە قورئان ببەیتە ئاودەست یان حەمام، چونکە گەورەیی قورئان گەورەترە لە گەورەیی زیکری خوا.

٣- سوننەتە ئەم زیکرە بوترێ پێش چوونە ئاودەست، کە ھەموو زانایان یەک دەنگ لەسەر ئەمە، (بسم اللە اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنَ الْخُبُثِ وَالْخَبَائِثِ).

٤- باشتر وایە بە قاچی چەپ بچیتە ئاودەست.

٥- ئەگەر لە چۆلەوانی بیت دەبێت ئامادەکاری چوونە ئاودەست بکەیت، ئاو یان بەردت لابێت بۆ خۆ پاککردنەوە، وە شتێکت لابێت خۆتی پێ داپۆشی.

دووەم: ئادابەکانی چوونە ناو ئاودەست:

١- باش نییە زیکر بکرێت لەناو ئاودەست، زانایان دەلێن زیکر کردن دوو جۆرە:

- (زیکر کردن بە دڵ): ئەمەیان دروستە  بکرێت لە هەموو کات و شوێنێک.

- (زیکر کردن بە زمان): ئەمەیان نابێت یان باش نییە بکرێت لە هەموو کات و شوێنێک.

٢- سوننەتە خۆت بە دوور بگریت و داپۆشی کاتی حاجەت کردن ئەگەر لە چۆلەوانی بوویت، بۆ ئەوەی:

- عەورەتی نەبینرێت.

- گوێیان لە دەنگی نەبێت.

- ھەست بە بۆنی نەکەن.

٣- حەڕامە حاجەتی خۆت بکەیت لەم شوێنانە:

- لەسەر ڕێگای خەڵک.

- لەژێر سێبەری خەڵک، یان شوێنێک بەر خۆر بێت و شوێنی دانیشتنی خەڵک بێت لە زستاندا.

- لەژێر داری بەرووبوم دار.

- لە گۆم و حەزوی ئاودا.

- لە قەراخ چەم و جۆگە و ئاوی ڕەواندا.

- سەرئاو کردن لە قەراخ ئاوی خواردنەوە و لەلای سەرچاوە و کارێز و کانی یەکاندا.

زانایان دەڵێن حاجەت کردن لەم شوێنانە ئازاردانی خەڵکی تێدایە، لەوانە:

- بۆنی ناخۆشە خەڵک ھەست بە ئازار دەکات.

- دیمەنی ناشیرینە و مرۆڤ پێی خۆش نییە، ھەتا ھەندێک خەڵک ھەن کاتێک دەیبینن دەڕشێنەوە.

- ئازار دەدرێن بەھۆی ئەوەوە پیسایی بەر قاچ و جل و بەرگیان دەکەوێت.

- ناتوانن لەو شوێنە دابنیشن.

٤- نابێت قسە بکەیت کاتی حاجەت کردن، ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون حەڕامە قسە بکەیت، چونکە خوای گەورە تۆڕە دەبێت لەسەر ئەم کردەوەیە، بەڵام زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون باش نییە.

٥- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون باش نییە بە دەستی ڕاست زەکەرت بگریت، وە نەھییەکە ئافرەتیش دەگرێتەوە ئەگەر فەرجی خۆی بگرێت بە دەستی ڕاست حالەتی میزکردن.

٦- باش نییە خۆت خاوێن بکەیتەوە بەدەستی ڕاست، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە.

٧- باش نییە خۆت پاک بکەیتەوە بە کەمتر لە سێ بەرد، چونکە کەمتر لە سێ بەرد زۆربەی جار مرۆڤ خاوێن ناکاتەوە، مەگەر دوای بەرد ئاویش بەکاربھێنێ، زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون مەبەست لە بەکارھێنانی بەرد سێ مەسحە نەک سێ بەرد بێت، ئەگەر کەسێک خۆی پاک بکاتەوە بە بەردێک سێ لێواری ھەبێت سێ مەسحی پێ بکات دروستە.

٨- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون مەرج نییە ئیلا بەرد بەکاربھێنی، ھەر شتێکی تر شوێنی بەرد بگرێتەوە بۆ خاوێن کردن دروستە، وەک: پەڕۆ و کاغەز و کلێنس و شتی تر.

٩- باش نییە خۆت پاک بکەیتەوە بە ئێسک و پیسایی ئاژەڵ، جا ئێسکی ئاژەڵی مردار بوو بێت، یان ئێسکی ئاژەڵێکی سەربڕاو بێت، یان ئێسکی ئاژەڵێک بێت خواردنی ڕێگەپێدراو بێت یان ڕێگەپێدراو نەبێت، چونکە ئەگەر ئێسک ئێسکی مردار بوو بێت، ئەوە پیسە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، ئەگەر پیس بێت ناکرێت خۆتی پێ پاک بکەیتەوە و مرۆڤ پاک ناکاتەوە، ئەگەر ئێسکی ئاژەڵێکی سەر بڕدراو بێت، ئەوە خواردنی جنۆکەیە، حەڵاڵ نییە بۆ ئێمە تەعدایان لێ بکەین و خواردنیان پووچ بکەین، وە ئەگەر ئێسک ھی ئاژەڵێک بێت گۆشتی حەڵاڵ نەبێت، ئەوە پیسە، پیس مرۆڤ پاک ناکاتەوە، قشپل ئەگەر پاک بێت عەلەفی ئاژەڵەکانی جنۆکەیە، وە ئەگەر پیس بێت مرۆڤ پاک ناکاتەوە.

١٠- ئەگەر دیوار نەبێت یان لە چۆلەوانی بیت حەڕامە پشت و ڕووت تێ بکەیت، بەلام ئەگەر دیوار هەبێت ڕوو تێ کردن حەڕامە و پشت تێ کردن دروستە، کە ئەمە وتەی ابن عثیمینه.

١١- ئەگەر کەسێک میزی بمێنێتەوە لە بۆڕی میزدا دوای میز کردن، ئەوە ئەم کەسە حوکمێکی تایبەتی ھەیە، دەتوانێت خۆی لەم میزە ڕزگار بکات بەم ڕێگایانە:

أ- دەست لە بنەوەی زەکەر بدات و مەسح بکات تا سەرەوەی زەکەر، بۆ ئەوەی میزی بێتە دەرەوە.

ب- پەنجە لە سەری زەکەر بدات، بۆ ئەوەی میزی بێتە دەرەوە.

ج- ھەستێتەوە سەر قاچ.

د- بکۆخێت، یان ھەندێک زەخت لە خۆی بکات.

١٢ـ باش نییە لە ئاودەست بمێنیتەوە بێ ئەوەی مانەوەکە پێویست بکات.

سێیەم: ئادابەکانی تەواو بوون لە حاجەت کردن:

١- سوننەتە بڵێیت: (غفرانك)، دوای حاجەت کردن و دەرچوون لە شوێنی حاجەت کردن، ئەگەر لە ئاودەست بێت و دیوار ھەبێت ئەوە ئەو کاتە دەڵێیت کە دەردەچیت، ئەگەر لە دەشت و چۆلەوانی بێت، ئەوە ئەو کاتە دەڵێیت کە شوێنەکە جێ دەھێڵیت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام