سەردێری پرسیار: جائیزە ئافرەت لەکاتی سووڕی مانگانەدا بچێتە مزگەوت ؟ لەبەر وانە وتنەوە؟

بەرواری دانان :2023-08-13 کۆدی پرسیار:3041

پرسیار:

پرسیار: جائیزە ئافرەت لەکاتی سووڕی مانگانەدا بچێتە مزگەوت ؟ لەبەر وانە وتنەوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە مانەوەی لەشگران لە مزگەوت:

یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون حەڕامە لەشگران لە مزگەوت بمێنێتەوە، کە ئەمە وتەی ھەر چوار مەزھەبەکانە، بەڵگە:

- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَلَا جُنُبًا إِلَّا عَابِرِي سَبِيلٍ﴾.

- وَعن عائشة رَضِيَ اللَّهُ عنها قَالَت: قَالَ رَسولُ اللَّهِ (ﷺ): (إِنِّي لا أُحِلُّ الْمَسْجِدَ لِحَائِضٍ وَلا جُنُبٍ) فقد أخرجه أبو داود (٢٣٢).

واتە: لە عائیشە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: (من بە فەرمانی خوا چوونە ناو مزگەوت بە ڕەوا نابینم نە بۆ ئافرەتی بێ نوێژ (واتە: حائض)، وە نەبۆ لەشگران).

- مزگەوت ماڵی خوایە، شوێنی زیکر و دوعا و عیبادەتە، شوێنی مانەوەی فریشتەکانە، ئەگەر ئەوەی سیر و پیازی خواردبێت ڕێگری لێی کرابێت بۆ ھاتنە مزگەوت و مانەوەی لە مزگەوت، ئەوە لەشگران لەپێشترە کە نوێژیش ناکات.

دووەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە لەشگران لە مزگەوت بمێنێتەوە، کە ئەمە وتەی ابن حزم و وتەیەکە لە وتەکانی داود، وتەی ابن منذر و موزنی یە، بەڵگە:

- ئەسڵ وایە ھەموو شتێک حەڵاڵە و دروستە مەگەر بەڵگە ھاتبێت لەسەر حەڕام کردنی، ھیچ بەڵگەی (صحیح) نەھاتوون بۆ حەڕام کردن.

- ئەھلی سوفە خەڵکانێک هەژار بوون لە مزگەوتدا دەمانەوە و دەخەوتن، سەلامەت نیین لەوەی تووشی لەشگران نەبن.

- فەرموودەی عائیشە ھاتووە ئافرەتێک لە مزگەوت ماوەتەوە و خێمەی ھەڵداوە، ئەویش سەلامەت نییە لەوەی تووشی حەیز نەبووبێت.

سێیەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە تەنها بۆ لەشگران لە مزگەوت بمێنێتەوە ئەگەر دەست نوێژی گرت، کە ئەمە وتەی ئیمام ئەحمەد و ابن تیمیەیە، بەڵگە:

- ھاوەڵانی پێغەمبەر (ﷺ) لە مزگەوت دەمانەوە و لەشگران بوون بەڵام دەست نوێژیان دەگرت.

سەبارەت بە حائض ھیچ بەڵگە نەھاتوون ئیلا فەرموودەی فەرموودەی عائیشە، سەبارەت بە قیاس کردن لەسەر لەشگران لێک جیاوازن.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر یەکێک بڵێت: ئایا حەڕامی لادەچێت بە دەست نوێژگرتن؟ دەڵێین: سەبارەت بە لەشگران بەڵێ حەڕامی لادەچێت بە دەست نوێژگرتن، ئەگەر دەست نوێژی گرت دروستە بمێنێتەوە لە مزگەوت، چونکە ئەمە کردەوەی ھاوەڵان بووە خوا لێیان ڕازی بێت، ئەمە ڕوویەک، ڕوویەکی تر: دەست نوێژ لەشگرانی خەفیف دەکات، بەڵام سەبارەت بە حائض نەخێر.

ئەگەر دەست نوێژی شکا دوای دەست نوێژ گرتنەوە، ئایا دروستە لە مزگەوت بمێنێتەوە؟ وەڵام: بەڵێ، چونکە خەفیف بوونی لەشگرانی ھاتەدی بە دەست نوێژ گرتن، چونکە ھاوەڵان خوا لێیان ڕازی بێت دەست نوێژیان دەگرت و لە مزگەوت دەنووستن، نووستن دەست نوێژ دەشکێنێت، ئەگەر دەست نوێژ شکان ڕێگر بوایا لە مانەوە لە مزگەوت بۆ لەشگران ئەوە ڕێگەیان نەدەدا بۆ نووستن لە مزگەوت). فتح ذي الجلال والإكرام (١/٦١٦).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام