سەردێری پرسیار: حوکمی مارە بە جاش؟

بەرواری دانان: 2023-08-08 کۆدی پرسیار: 3030

پرسیار:

پرسیار: حوکمی مارە بە جاش؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن پیاو ئەگەر خێزانی خۆی تەلاق دا سێ جار لێی جیابووەوە، حەڕام دەبێت لەسەری تا شوو بە پیاوێكی تر دەکاتەوە بە عەقدێکی ڕاست، پاشان لەویش جیادەبێتەوە یان پیاوی دەمرێت، ئەگەر عیدەی تەواو بوو ئەو کات دەتوانێت شوو بە پیاوی یەکەم بکاتەوە بە عەقدێکی نوێ، لەبەر وتەی: ﴿فَإِنْ طَلَّقَهَا فَلَا تَحِلُّ لَهُ مِنْ بَعْدُ حَتَّى تَنْكِحَ زَوْجًا غَيْرَهُ  فَإِنْ طَلَّقَهَا فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا أَنْ يَتَرَاجَعَا﴾.

لە عائشە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پیاوێک خێزانی خۆی تەلاق دا سێ جار، پیاوێکی تر مارەی کرد، پاشان تەلاقی دا پێش ئەوەی بچێتە لای، ویستی شوو بە پیاوی یەکەم بکاتەوە، پرسیار لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) کرا سەبارەت بەمە، فەرمووی: (نەخێر، تا پیاوی دووەم تامی هەنگوینی ئافرەتەکە دەکات وەک پیاوی یەکەم). رواە أبو داود (٢٢٢٦)، والترمذي (١١٨٧)، وابن ماجە (٢٠٥٥)، وأحمد (٣٧/٦٢،١١٢). أخرجە البخاري (٥٢٦١)، ومسلم (١٤٣٣) (١١٥).

ابن منذر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەموو زانایان یەک دەنگن ئەگەر پیاو خێزانی خۆی تەلاقدا سێ جار بۆی حەڵاڵ نییە تا شوو بە پیاوێکی تر دەکاتەوە، ئەگەر شووی کرد بە شوو کردنێکی دروست نەک بۆ ئەوە بێت تا بۆ پیاوی یەکەم حەڵاڵ بێتەوە دوای جیابوونەوە لە پیاوی دووەم). الإجماع لاپەڕە (١٠٢).

کەواتە دەبێت ئافرەت شوو بکات بە پیاوێکی تر و پیاوی دووەم لەگەڵی جووت بێت، جیاوازیش هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە چێژ وەرگرتن و تامی هەنگوین کردن لە فەرموودەی عائیشە، دوو وتە هەیە:

یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون مەبەست پێی جووت بوونە، ئەویش داخل بوونی زەکەرە بۆ ناو فەرجی ئافرەت ئەگەر مەنیش نەهێتە خوارەوە.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون مەبەست پێی هاتنەخوارەوەی مەنی یە، دەبێتە ئیلا مەنی پیاوی دووەم بێتەخوارەوە، کە ئەمە وتەی حەسەنی بەسڕی، چێژ وەرگرتن و تامی هەنگوین کردن ناهێتەدی مەگەر بە هاتنەخوارەوەی مەنی.

وتەی دووەم بەهێزە، بەڵام ڕیوایەتی ئەحمەد هاتووە ڕوون و ئاشکرایە دەفەرمووێت: (ألا إن العسیلة الجماع). أخرجە أحمد (٦/٦٢).

کەواتە ئافرەت ئەگەر تەلاق درا بۆ پیاوی یەکەم حەڵاڵ دەبێتەوە بەم مەرجانە:

یەکەم: دەبێتە ئافرەت شوو بە پیاوێکی تر بکات بە ئارەزووی خۆی، نەک هەرسێ لا ڕێک بکەون لەگەڵ یەکتر تا بۆ پیاوی یەکەم حەڵاڵ بێتەوە، یان پیاوی یەکەم و دووەم ڕێک بکەون تا بۆ پیاوی یەکەم حەڵاڵ بێتەوە، یان تەنها پیاوی دووەم ئەم مەبەستەی هەیە بەڵام پیاوی یەکەم دەزانێت پیاوی دووەم بۆ ئەو مەبەستە مارەی کردووە و تەلاقی داوە، لەم کاتە پیاوی یەکەم نابێت مارەی بکاتەوە، چونکە نیکاحی دووەم (باطل)ە، دەبێت عەقدەکە (صحیح) بێت.

دووەم: دەبێتە شوو کردنەوە بە پیاوی دووەم (صحیح) بێت، نیکاحێک نەبێت (باطل) بێت.

سێیەم: دەبێت پیاوی دووەم بچێتە لای ئەو ئافرەتە، نەک پێش چوونە لای تەلاق بدات، ئەگەر پێش چوونە لای تەلاق بدات بۆ پیاوی یەکەم حەڵاڵ نابێتەوە.

سەبارەت بە ئافرەت ئەگەر نییەتی ئەوەی هەبێت شوو بکاتەوە بە پیاوی دووەم بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پیاوی یەکەم دوای تەلاق دان، دەڵێن ئەمەیان بەر نەفرەت ناکەوێت، چونکە خێزانی رفاعة دەیویست بگەڕێتەوە بۆ لای پیاوی یەکەم، هیچ شتێک ڕێگر نەبوو بۆ گەڕانەوەی بۆ پیاوی یەکەم جگە لەوە نەبێت پیاوی دووم جووت بوونی لەگەڵ نەکردبوو، هەندێک لە پێشینەکان بۆ ئەوە چوون یەکێک لەم سێیانە ئەم مەبەستەی هەبێت عەقدەکە باطل دەبێت.

ئەگەر بۆ ئەوە شوو بکات تا خۆی بە تەلاق دان بدات و شوو بکاتەوە بە پیاوی یەکەم، ئەمەیان دروست نییە، یان پیاوی دووەم مارەی دەکات بۆ ئەوەی تەلاق بدات بۆ پیاوی یەکەم حەلاڵ بێتەوە، لەبەر فەرموودەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەفرەت لە هەردووکیان کراوە.  

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام