پرسیار: ئەو شێوازی نەخۆش نوێژ دەکات چۆنە؟ ئایا بۆ هەمووان دەبێ سەری بە ئەرز بدات بح سوجدە؟
وەڵام: عَنْ عِمْرَانَ بنِ حُصَيْنٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّ النَّبِيَّ (ﷺ) قَالَ: (صَلِّ قَائِمًا، فَإِنْ لَمْ تَسْتَطِعْ فَقَاعِدًا، فَإِنْ لَمْ تَسْتَطِعْ فَعَلَى جَنْبٍ، وإِلَّا فَأَوْمِ). رواە البخاري (١١١٧).
واتە: لە عِمْرَانَ بنِ حُصَيْنٍ دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: (نوێژ بە پێوە بکە، ئەگەر نەتتوانی بە دانیشتنەوە بکە، ئەگەر نەتتوانی لەسەر نەیشت بکە، ئەگەر نا بە ئیشارەت).
ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە نەخۆش بەم شێوەیە نوێژ دەکات:
یەکەم: نوێژ دەکات بە پێوە ئەگەر بتوانێت، جا بە گۆچانەوە بوەستێت یان بە دیوارەوە یان هەر شتێکی تر.
دووەم: ئەگەر نەتوانێت بە پێوە نوێژ بکات، یان لەسەری گران بێت و کاریگەری لە خشوعی بکات، لەم حالەتە بە دانیشتنەوە نوێژ دەکات، ڕکوع و سوجدە دەبات بۆ سوجدە سەری نزمتر دەکات.
سێیەم: ئەگەر نەتوانێت دابنیشێت لەسەر لا تەنیشت نوێژ دەکات، جا تەنیشتی ڕاست بێت یان چەپ هەردووکیان دروستن، باشتر وایە لەسەر ئەو تەنیشتە بکات کە ئاسانترە بۆی، ئەگەر هەردوو تەنیشت وەک یەک وابوون، باشتر وایە لەسەر تەنیشتی ڕاست بکات و ڕووی لە قیبلە بێت، ئەگەر کەس نەبوو ڕووی بکاتە قیبلە نوێژ دەکات بە گوێرەی حالی خۆی، وە بە ئیشارەت نوێژ دەکات و سەری نزم دەکاتەوە بۆ ڕکوع و سوجدە بردن.
چوارەم: ئەگەر نەیتوانی لەسەر تەنیشت بکات لەسەر پشت نوێژ دەکات و قاچەکانی ڕووەو قیبلە بێت، باشتر وایە هەندێک سەری بەرز بکاتەوە.
پێنجەم: ئەگەر نەتوانێت بە ئیشارەت نوێژ بکات، هەتا ناتوانێت بە سەریش ئیشارەت بکات، لەم حالەتە جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان:
- هەندێک زانا دەڵێن بە چاو ئاماژە بۆ نوێژ دەکات، بۆ ڕکوع هەندێک چاو دادەخات، ئەگەر گوتی: (سمع اللە لمن حمدە) چاوی دەکاتەوە، ئەگەر سوجدەی برد چاوی زیاتر دادەخات.
- هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نوێژ لەسەری لادەچێت.
- هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون کردەوەکانی نوێژ لەسەری لادەچێت نەک وتەکانی نوێژ، کە ئەمە وتەیەکی بەهێزە، واللە أعلم.
ظاهری فەرموودەکە بەڵگەیە واجبە نوێژی واجب بە پێوە بکات ئەگەر چی لەسەر شێوەی رکوعیش بێت.
عَنْ جَابِرٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّ النَّبِيَّ (ﷺ) قَالَ لِمَرِيضٍ صَلَّى عَلَى وِسَادَةٍ فَرَمَى بِهَا وَقَالَ: (صَلِّ عَلَى الأَرْضِ إِنِ اسْتَطَعْتَ، وَإِلَّا فَأَوْمِ إِيـمَاءً، وَاجْعَلْ سُجُودَكَ أَخْفَضَ مِنْ رُكُوعِكَ) رَوَاهُ الْبَيْهَقِيُّ بِسَنَدٍ قَوِيٍّ، وَلَكِنْ صَحَّحَ أَبُو حَاتِمٍ وَقْفَهُ.
واتە: لە جابر دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر (ﷺ) بە نەخۆشێکی گوت نوێژی لەسەر سەرین "بالیف" دەکرد، سەرینەکەی لادا پێی گوت: (نوێژ لەسەر زەوی بکە ئەگەر توانیت، ئەگەر نا بە ئیشارەت، سوجدەکەت با نزمتر بێت لە ڕکوع).
ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە ئەو نەخۆشەی ناتوانێت سوجدە ببات لەسەر زەوی لە هەوا سوجدە دەبات، وە سوجدەکەی نزمتر دەبێت لە ڕکوعی، پێویست بەوە ناکات شتێک دابنێت سوجدەی لەسەر ببات، ئەمە وتەی ڕاستی زانایانە.