پرسیار: حوکمی یاری کردن لەناو مزگەوت؟
وەڵام: عن عائشة رضي الله عَنْهَا قَالَتْ: رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ (ﷺ) يَسْتُرُنِي وَأَنَا أَنْظُرُ إِلَى الْحَبَشَةِ يَلْعَبُونَ فِي الْمَسْجِدِ، الْحَدِيثَ مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.أخرجە البخاري (٤٥٤)، ومسلم (٨٩٢).
واتە: لە عائیشە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەرم بینی (ﷺ) منی داپۆشی بوو، منیش سەیری حەبەشی یەکانم دەکرد یاریان دەکرد لەناو مزگەوت.
ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە دروستە یاری بکرێت بە ڕم و شمشیر و شتی تر لەناو مزگەوتدا. بەڵام بە مەرج:
أ- بەردەوام یاری لە مزگەتدا نەکرێت، مزگەوت نەکرێتە یاریگا.
ب- کەس ئەزیەت نەدات لەناو مزگەوتدا.
ج- نابێت لەناو مزگەوتدا دەنگ بەرزبکرێتە بە جنێو و قسەی ناشیاو.
د- دەبێت یارییەکە سوودی هەبێت و مەبەستێکی باشی هەبێت.
سەبارەت بەوانەی دەڵێن ئەم خەبەرە منسوخە یان لە دەرەوەی مزگەوت ئەم یارییە کراوە ئەمانە هیچ بەڵگەیان نییە و فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دروستە یاری لەناو مزگەوتدا بکرێت بەڵام بە مەرج:
یەکەم: کەس ئەزیەت نەدات لەناو مزگەوت بەم یاری کردنە.
دووەم: ئەمە بکرێت بۆ مەبەستێکی دروست، ئەویش ئەوەیە بۆ ئەوەی دوژمنەکانی ئیسلام بزانن دینی ئیسلام دینێکی ئاسانە، وە مافی داوە بە مرۆڤ بۆ یاریکردن و خۆشی لە ڕۆژەکانی مناسبە). فتح ذي الجلال والإکرام (٢/٥٨١).
صالح الفوازان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (سەبارەت بە یارییەکانی تر سوودی نەبێت بۆ جیهاد، ئەمەیان دروست نییە لەناو مزگەوت بکرێت، وەک یاری تۆپی پێ و یارییەکانی تر). تسهیل الألمام (٢/١٨٧).