سەردێری پرسیار:دەکرێت ڕوونکردنەوەی پوخت دەبن لەسەر مەسحی سەر بۆ دەست نوێژ؟

بەرواری دانان :2023-07-22 کۆدی پرسیار:2996

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوەی پوخت دەبن لەسەر مەسحی سەر بۆ دەست نوێژ؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بە مەسحی سەر دەڵێن:

١- مەسح کردنی سەر واجبە بە یەک دەنگی هەموو زانایان، هەر کەسێک تەرکی بکات دەست نوێژی بەتالە.

٢- سەر مەسح دەکرێ، ھەر کەسێک سەر بشوات لە جیاتی مەسح ئەوە دەست نوێژی دروست نییە و مەسحی نەکردووە  لەسەر وتەی ھەندێک له زانايان، بەڵام هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون شۆردنی سەر دوو حاڵەتە:

حالەتی یەکەم: کەسێک سەری دەشوات و بێ ئەوەی مەسحی بکات، لەم حاڵەتە مەسحی نەکردووە و دەست نوێژی بەتاڵە لەسەر وتەی ھەندێک له زانايان.

حاڵەتی دووەم: کەسێک سەری دەشوات و لەگەڵ شۆردنەکە مەسحیش دەکات، ئا لەم حاڵەتەدا مەسحی کردووە و دەست نوێژەکەی دروستە. فتح ذي الجلال والإكرام (١/٢٦٦)، (١/٢٥٥).

٣- مەسح کردنی سەر بەسە و پێویست بەوە ناکات ئاو بگاتە پێست، سەبارەت بە قژ خەڵکانێکی زۆر وا تێگەیشتوون ئەگەر کاتی مسح کردن ئاو نەگاته قژی یان پێستی, ئەوا دەست نوێژی بەتاڵە، زانایان دەڵێن ئەگەر ڕێگریش هەبێت بۆ گەیشتنی ئاو بە قژی لەکاتی مسح كردن ئەوا دەست نوێژەکەی هەر دروستە. (اللقاء الشهری) لابن عثیمین (١٤/٦٨).

٤- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون مەسحی سەر یەک جار دەکرێ، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و وتەی ڕاستی حەنابلەیە، چونکە فەرموودەی صحیح هاتوون یەک جار مەسحی کردووە، هەروەها لەڕووی عەقڵەوەش مەسح بۆ ئەوە دانراوە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بێت نەک بارگرانی، ئەگەر بڵێیين دەبێت سێ جار مەسح بکرێ ئەوە نزیکە لەبارگرانی بەتایبەت ئەگەر قژی کورت بێت، ئەگەرسێ جار مەسحی بکات ئەوە دەبێتە نیمچە شوشتن بۆی نەک مەسح.

٥- ھەموو زانایان یەک دەنگن باشتر وایە ھەموو سەر مەسح بکرێت، بەڵام جیاوازی لەوە دایە ئایا واجبە ھەموو سەر مەسح بکەی یان ھەندێکی، وتەی ڕاست واجبە ھەموو سەر مەسح بکرێت، کە ئەمە وتەی مالکی و حنابلە و ابن تیمییە و ابن کثیر و ابن عثیمینە. (مجموع الفتاوی) لابن تیمیة (٢١/١٢٢-١٢٣)، (التمهيد) لابن عبدالبر (٢٠/١١٤).

٦- سەر مەسح دەکرێت نەک قژ، واتە تا کۆتایی سەر مەسح دەکرێت نەوەک تا کۆتایی قژ، پێویست ناکات ئافرەت ھەموو قژی مەسح بکات تا کۆتايی، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت: (سەرتان مەسح بکەن) نەی فەرموو قژتان مەسح بکەن، زۆر ئافرەت ھەیە قژی ھەتا خوارەوەی پشتی درێژە و ھەموو قژی مەسح دەکات، کە ئەمە ھەڵەیە.

٧- سەر مەسح دەکرێت بێ ئەوەی مل مەسح بکرێت لەگەڵی، زانایان دەڵێن سوننەت نییە مل مەسح بکرێت بۆ دەست نوێژ، چونکە ھیچ بەڵگەیەک جێگیر نەبوه لە پێغەمبەرەوە (ﷺ). (مجموع الفتاوى) لابن تیمیة (٢١/١٢٧)، (زاد المعاد) لابن القیم (١/١٩٥).

٨- شێوەی مەسح کردنی سەر دوو جۆرە:

یەکەم: سەرەتای سەر مەسح دەکرێت بە ھەردوو دەست تا کۆتای سەر، پاشان دەيگەڕێنیتەوە بۆ سەرەتای سەر.

دووەم: ھەموو سەر مەسح دەکەیت بەڵام بەگوێرەی ئاراستەی قژ ھەتا شێوەی قژی نەگۆڕدرێت.

٩- ژن و پیاو وەک یەک وان بۆ مەسح کردن، زانایان دەڵێن مەسحی سەری ژن و پیاو وەک یەک وایە، چونکە ئەسڵ وایە ژن و پیاو لە ئەحکامەکان وەک یەکن ئیلا بەڵگە ھاتبێت و جیايکردبێتەوە، ئیمام بوخاری بە معلقی لە سەعیدی کوڕی موسەیەب نەقل دەکات و دەڵێت: (ئافرەت وەک پیاو وایە بۆ مەسحی سەر و مەسحی سەر دەکات)، ئیمام النسائی بابەتێکی باسکردووە بە: (مسح المرأة رأسها) وە فەرموودی عائشەی ھێناوە.

عائشە خوا لێی ڕازی بێت باسی دەست نوێژی پێغەمبەر دەکات (ﷺ): (عائشە دەستی خۆی لەسەرەتای سەری دادەنێ و پاشان یەکجار  مەسحی دەکات تا کۆتای سەری). رواە النسائی (١٠٠)، وقال الألبانی: صحیح الإسناد (١/٢٤).

١٠- لە پێشەوەی سەر مەسح دەست پێ دەکرێت ھەتا کۆتاییەکەی، پاشان دەگەڕێيتەوە بۆ سەرەتای سەر، (واتە: دەگەڕێیتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە دەستت پێکردووە)، ھەندێ زانای تر بۆ ئەوە چوون لە کۆتایی سەر دەست پێ دەکەیت بۆ پێشەوەی سەر، پاشان دەگەڕێيتەوە بۆ کۆتایی سەر.

زانایان دەڵێن گومانی تێدا نییە ئەو فەرموودەیەی دەڵێت لە سەرەتای سەرەوە مەسحی دەست پێکردووە بۆ کۆتایی سەر صحیح ترە لە فەرموودەی "ربیع بنت معوذ"، ھەروەھا فەرموودەی ربیع بنت معوذ قسەی لەسەرە صحیحە یان نا، ئەگەر صحیح بێت ئەوە ھەردوو شێوازی مەسح کردن دروستن.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام