پرسیار: خوای گەورە قەدەری منی دیارکردووە بۆ بەهەشت یان دۆزەخ بۆچی خۆم ماندوو بکەم؟
وەڵام: زانایان دەڵێن خوای گەورە ھەموو شتێکی دروست کردووە و تقدیر کردووە، بەڵگە:
١ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّا كُلَّ شَيْءٍ خَلَقْنَاهُ بِقَدَرٍ) [ القمر: ٤٩ ]، ئەم عمومە کردەوەکانی بەندەش داخلی دەبێت، کە ھەموو جوولەکانی و بیرکردنەوەکانی و ویستەکانی دەگرێتەوە.
٢ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَاللَّهُ خَلَقَكُمْ وَمَا تَعْمَلُونَ )[ الصافات : ٩٦ ]، :(وَمَا تَشَاءُونَ إِلَّا أَنْ يَشَاءَ اللَّهُ)، مرۆڤ کردەوە دەکات و ویستیشی ھەیە، ھەر کردەوەیەک دەکات بە ویستی خۆیەتی، بۆیە پاداشت لەسەری وەردەگرێت، وە ئەو کردەوەیەی بەندە دەیکات بە ویستی خۆی نەبێت و نییەتی لەگەڵ نەبێت شەرع چاوپۆشی لێکردووە و ھیچی لەسەر نییە.
کەواتە مرۆڤ دەبێت کردەوە ئەنجام بدات، ئەگەر کردەوەی باش ئەنجام بدات دەبێتە خەلکی بەھەشت، ھەروەھا ئەگەر کردەوەی خراپ ئەنجام بدات، وەک ئەوەی نوێژ تەرک بکات و عەرەق بخواتەوە و شتی تر بکات، ئەمە نیشانەی ئەوەیە دەبێتە خەلکی دۆزەخ ئەگەر لەسەری بەردەوام بێت و بمرێت.
زانایان دەڵێن لەڕووی شەرع و لە ڕووی عەقلەوە نابێت قەدەر بکەیتە بەلگە بۆ تاوانەکان یان بۆ نەکردنی کردەوە، بەلگە:
یەکەم: خوای گەورە دەفەرمووێت : (سَيَقُولُ الَّذِينَ أَشْرَكُوا لَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا أَشْرَكْنَا وَلا ءَابَاؤُنَا وَلا حَرَّمْنَا مِنْ شَيْءٍ كَذَلِكَ كَذَّبَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ حَتَّى ذَاقُوا بَأْسَنَا قُلْ هَلْ عِنْدَكُمْ مِنْ عِلْمٍ فَتُخْرِجُوهُ لَنَا إِنْ تَتَّبِعُونَ إِلا الظَّنَّ وَإِنْ أَنْتُمْ إِلا تَخْرُصُونَ) [ الأنعام : ١٤٨]، واتە: ئەوانەی هاوەلایان بۆ خوا دانا دەلێن ئەگەر خوای گەورە ویستبا کە خۆمان و باو و باپیرانمان هاوبەشی بۆ دانەنێن، قەت هاوبەشمان بۆ دا نەدەنا، و هیچ شتێکمانشمان لەخۆ حەڕام نەدەکرد، ئەوانەی پێش ئەمانەش باوەڕیان بە پێغەمبەر نەهێنا و کەوتنە درۆ و دەلەسەو هەلبەستن، بەدرۆیان خستنەوە، هەتا سزای ئێمەیان بۆ هات و چەشتیان.
ئەمانە سزادران لەسەر قەدەر کردنە بەلگە، ئەگەر دروست بوایا سزا نەدەدران، هەروەها ئەوانەی قەدەر دەکەن بەڵگە هەمان ڕای کافری هەیە، وە زولم دەداتە پاڵ خوای گەورە.
دووەم: قەدەر نهێنیێکی شاراوەیە و هیچ لە دروستکراوەکان نایزانن ئیلا دوای ڕوودانی نەبێت، چۆن دەبێت بلێیت خوای گەورە بۆ منی نووسیووە کە نوێژ نەکەم یان فلانە تاوان بکەم، ئایا تۆ ئەو نهێنییە دەزانیت؟!
سێیەم: خوای گەورە دەفەرمووێت: (رُسُلا مُبَشِّرِينَ وَمُنْذِرِينَ لِئَلا يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى اللَّهِ حُجَّةٌ بَعْدَ الرُّسُلِ وَكَانَ اللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمًا) [النساء: ١٦٥] .
واتە: گشتیان پێغەمبەری مژدەدەر و ترسێنەر بوون ، تا دوای ئەو پێغەمبەرانە هیج بەلگە و بیانووێک بۆ ئەو خەلکە نەمێنێ لەلای خوا، ئەگەر لار و لاسار بوون، خوا خۆی دەسەلاتدار و لە کارزانە.
ئەگەر وابێت ناردنی پێغەمبەر هیچ سوودێکی نەبووە.
چوارەم: خوای گەورە فەرمانی بە بەندە کردووەو و ڕێگریشی لێکردووە، وە داوای لە بەندە نەکردووە لە شتێک کە لە توانایدا نەبێت، ئەگەر مرۆڤ ناچار بوایا لە کردنی تاوان ئەوە داوای لێکراوە لە شتێک کە لە توانایدا نییە، کە ئەمەش قسەیەکی پووچە، هەر لە بەر ئەوەش لە دین جیاوازی کراوە لە نێوان کردنی تاوان بە نەزانین و زۆری لێ کردن لە گەل کردنی تاوان بە ئەنقەست.
پێنجەم: ئەوانەی قەدەر دەکەنە بەلگە نەفسی خۆیان چواندووە بە منال و شێت، چونکە ئەمانە کردەوەیان لەسەر نییە، بەلام ئەگەر پێی بلێیت مامەلەی شێت و مناڵت لەگەل دەکەین بەوە ڕازی نابێت.
شەشەم: ئەگەر قەدەر کردنە بەلگە قبول بکەیت پێویست بە تەوبە و دوعا و فەرمان کردن بە چاکە و نەهی کردن بە خراپە ناکات، کە ئەمەش پێچەوانەی قورئان و سونەتە، هەروەها ئاژاوە دروست دەبێت، چونکە تاوانبار قەدەر دەکاتە بەلگە، سنورەکان جێ بەجێ ناکرێن.
حەوتەم: دەلێین بۆچی بۆ دونیا کامە ڕێگا باش و سەلامەتە ئەو هەلدەبژێری، بەلام بۆ قیامەت ڕێگای خراپ هەڵدەبژێری، نموونە : ئەگەر کەسێک سەفەر بکات بۆ شارێک، بۆ چوونە ناو ئەو شارە دوو ڕێگا هەیە، یەکێکیان سەلامەتە و ئەوی تریان ئاژاوەو شەر و کوشتنی تیایە، ئایا کامەیان هەلدەبژێری؟! بێگومان لە هەر کەسێکی عاقل بپرسیت دەلێت ڕێگای سەلامەت، ئەی بۆچی بۆ دواڕۆژ ڕێگای چوونە بەهەشت هەلنابژێریت، بۆچی ڕێگای چوونە دۆزەخ هەلدەبژێریت؟!
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بۆ کەس نییە قەدەر بکاتە بەلگە بۆ تاوانەکانی کە هەموو زانایان یەک دەنگن، هەروەها دینەکانی تریش) مجموعە الفتاوی ابن تیمییە (١٧٨/٨).