سەردێری پرسیار:حوکمی خۆ جیاکردنەوە لە ئیمام لە نوێژی تەراویح کاتی ویتر ؟

بەرواری دانان :2018-10-05 کۆدی پرسیار:295

پرسیار:

پرسیار // ئایا ئەگەر بمەوێت دوای ویتر شەونوێژ بکەم لەگەل ئیمام بۆ تەڕاویح سەلام بدەمەوە یان خۆم لە ئیمام جیابکەمەوە و لە کۆتای شەونوێژ ویتر بکەم ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // سەرەتا زانایان دەلێن نابێت لە یەک شەودا دوو ویتر بکەیت ، بەلگە :

عن طلق بن علي قال : سمعت رسول الله صلى الله عليه وسلم يقول : (( لا وتران في ليلة )) رواه احمد ، وابوداود ، والترمذي ، والنسائي .

واته : دوو ویتر لە یەک شەودا نییە ، نابێت دوو ویتر لە یەک شەودا بکەیت .

بەلام جیاوازی ھەیە لە ھەلوەشاندنەوەی ویتر ئەگەر کەسێک شەونوێژ و ویتر بکات سەرەتای شەو پاشان ھەلسێتەوە بۆ شەو نوێژ دەتوانێت ویتر ھەلوەشێنێتەوە بە کردنی ڕەکاعەتێکی تر بۆ ئەوەی لەگەڵ ویتری پێشوو ببێت بە جووت ، دوو وتە ھەیە :

یەکەم // زۆربەی زانایان دەلێن نابێت ویتر ھەلبوەشێنیتەوە ھەر کەسێک بییەوێت سونەت بکات با جووت جووت بکات و ویتر جارێکی تر نەکات ، کە ئەمە وتەی ابو بکر ، و ابو ھریرە ، و طلق بن علي ، سعید بن المسیب ، ابراھیم النخعی ، ھەر چوار مەزھەبەکانە .

دووەم / ھەندێک زانا دەلێن دروستە ویتر ھەلبووەشێنیتەوە ، کە ئەمە وتە عثمان ، و علي ، و ابن مسعود ، ابن عمر ، ابن عباس ، ابن سيرين .

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نابێت ویتر ھەلبوەشێنیتەوە پێچەوانەی وتەی ئەوانەی دەلێن دروستە ، مانای ویتر ھەلوەشاندنەوە ئەوەیە کاتێک ویترت کرد پاشان بۆت گونجا نوێژ بکەیت یەکەم جار یەک ڕەکاعەت دەکەیت بۆ ئەوەی لەگەل ویتری پێشتر ببێت بە جووت ، پاشان دوو ڕەکاعەت دوو ڕەکاعەت نوێژ دەکەیت ، پاشان ویترێکی تر دەکەیت ، کەواتە لەسەر ئەم وتەیە سێ ویتر دەکات ، سەرەتای شەو و پێش دەست کردن بە نوێژ جارێکی تر وە دوای نوێژ کردن ........ )) شرح بلوغ المرام ج٤ لاپەڕە ٢٤٤

وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە نابێت ویتر ھەلبوەشێنیتەوە بەلکو سونەت دەکەیت چەند ویستت لێ بێت وە ویتری یەکەم ماوە جارێکی تر ویتر مەکە ، چونکە :

(١) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دوو ڕەکاعەتی کردووە دوای ویتر ، بەلکو فەرمانیشی کردووە ئەمە بەلگەیە کە تایبەت نییە بە پێغەمبەر .

(٢) مرۆڤ کاتێک ویتر دەکات پاشان دەخەوێت و پاشان ھەلدەستێت و دەست نوێژ ھەلدەگرێت یەک ڕەکاعەتی تر دەکات ئەم نوێژە نوێژێکی ترە ، نابن بە یەک نوێژ چونکە لە نێوانیان دا نووستن و بێ دەست نوێژی و دەست نوێژ ھەلگرتن و قسەکردنی تێدایە .

سەبارەت بە کردنی ویتری تەڕاویح لەگەڵ ئیمام دوو وتە ھەیە :

یەکەم // دەبێت لەگەڵ ئیمام ویتر بکەیت ئەگەر چی نییەتی کردنی نوێژیشت ھەبێت دوای ویتر ، بۆ ئەوەی پاداشتی تەواو بە دەست بھێنی ھەروەک فەرموودە ئاماژەی بۆ ئەمە کردووە .

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( من قام مع الامام کتب لە قیام ليلة )) رواە ابوداود (١٣٧٥)، و الترمذي (٨٠٦)، والنسائي .

واتە : ھەر کەسێک ھەستێت لەگەڵ ئیمام نوێژ بکات ھەتا تەواو دەبێت و سەلام دەداتەوە بۆی دەنووسرێت پاداشتی ئەوە کە شەو ھەمووی شەونوێژی کردووە .

دووەم // ھەندێک زانا دەلێن دروستە ھەلسیت بۆ ڕەکاعەتێکی تر بۆ ئەوەی ویتر لە کۆتای شەودا بکەیت .

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئیمام احمد وتەی ھەیە لەسەر ئەمە )) المغنی ج٢ لاپەڕە ٥٩٨ ــ ٥٩٩

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێی کراوە : ھەندێک خەلک کاتێک ئیمام سەلام دەداتەوە لە ویتر ئەوان ھەلدەستنەوە ڕەکاعەتێکی تر زیاد دەکەن بۆ ئەوەی ویتریان لە کۆتای شەو بکەن حوکمی ئەم کردەوەیە چییە ؟ ئایا ئەمە بە تەواو بوون لەگەل ئیمام حساب دەکرێت ؟

لە وەلام دا دەفەرمووێت : (( نەم زانیووە ھیچی تێدا بێت زانایان وتەیان ھەیە ، ھیچی تێدا نییە تاکو ویترەکەی لە کۆتایی شەودا بکات ، وە بەڕاست دانەرەوەی ئەوەیە کە لەگەل ئیمام تەواو بووە ، چونکە ھەستاوە بۆ ڕەکاعەتێکی تر لەبەر سوودێکی شەرعی تاکو ویتری لە کۆتایی شەودا بکات ، لەوە دەرنەچووە کە لەگەل ئیمام ھەلنەستاوە ، بەلکو لەگەڵ ئیمام ھەستاوە ھەتا ئیمام تەواویش بووە کەمێک خۆی دواخستووە )) "مجموع فتاوى ابن باز" (11/312) .

وتەی ڕاست باشتر وایە ویتر لەگەڵ ئیمام بکەیت بۆ نوێژی تەڕاویح .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام