پرسیار: ئایا دروستە کەسێک برواتە ئیشی دەواجنی مریشک لەکاتێکدا سێ نوێژی جومعە لێی بڕوات گەنجە لەکاتێکدا ئەوەندە پێویستی بەو پارە نیە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە هەینی دەڵێن:
١ـ ئەو فەرموودەی هاتووە هەر کەسێک سێ هەینی تەرک بکات یان سێ هەینی بەدوای یەک تەرک بکات، خوای گەورە دلی مۆر دەکات، مەبەست پێی تەرککردنە بێ عوزر، کەسێکە شوێن هەوا و ئارەزووی خۆی کەوتووە ناچێتە هەینی.
٢ـ زانایان ڕوخسەتیان داوە بۆ تەرککردنی هەینی ئەگەر کەسەکە بزانێت بە ڕۆیشتنی بۆ هەینی مال دەدزرێت یان زیان بەر مال دەکەوێت.
٣ـ دروستە لەو شوێنە کاربکەی ئەگەر پێویستیت پێ هەبێت، باشتریش وایە ئیزن لە بەڕێوبەرەکەت وەربگری، ئەگەر ئیزن نەدرا نوێژی نیوەڕۆ ئەنجام دەدەیت کە چوار ڕەکاعەتە.
٤ـ خوای گەورە مەدحی دەستەیەکی ئیماندار دەکات کە کڕین و فرۆشتن سەرقاڵیان ناکەن لە زیکری خوا و نوێژ و زەکات، لە ڕۆژێک دەترسن دڵ و چاو ئەبلەق دەبن، بۆیە هەوڵ بدە لەم کەسانە بە.
٥ـ نابێت ئاسانکاری بکرێت لە تەرککردنی هەینی، چونکە ڕۆژێکی گەورەیە و هەڕەشەی تایبەت هاتوون سەبارەت بە تەرککردنی نوێژی هەینی.