سەردێری پرسیار: کەسێک هەڵدەستێت بە ئاوێک دەست نوێژ دەگرێ، ئایە ئەو ئاوە دەبێت بۆ جارێکی دیکە دەست نوێژی پێ بگریتەوە؟

بەرواری دانان :2023-06-14 کۆدی پرسیار:2928

پرسیار:

پرسیار: کەسێک هەڵدەستێت بە ئاوێک دەست نوێژ دەگرێ، ئایە ئەو ئاوە دەبێت بۆ جارێکی دیکە دەست نوێژی پێ بگریتەوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن (ماء المستعمل): واتە: ئاوی بەکارھاتوو، ئەو ئاوەیە مرۆڤ خۆی پێ دەشوات یان دەست نوێژی پێ دەگرێت، نەک ئەو ئاوە بێت لە قاپێک دایە دەستەکانت دەخەیتە ناوی بۆ دەست نوێژگرتن یان خۆشۆردن.

نموونە: کەسێک دەچێتە ناو بانیۆ پڕ ئاوی کردووە خۆی دەشوات بۆ لەشگرانی، ئایا دەکرێت خۆی بشوات پاشان جارێکی تر خۆی بە ھەمان ئاو بشواتەوە یان دەست نوێژ ھەڵبگرێت؟

نموونەی تر:  کەسێک دەست نوێژی دەگرت بە ئاوێک، ئەو ئاوەی دەست نوێژی پێ دەگرێت دەچێتە ناو قاپێکی ترەوە، ئایا دەکرێت جارێکی تر ئەم ئاوە بەکاربھێنێتەوە؟

جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە ئاوی بەکارھاتوو، دوو وتە ھەیە:

یەکەم: زۆربەی زانایان دەڵێن ئاوی بەکار ھاتوو پاکە بەڵام پاککەرەوە نییە، ناتوانیت بەکاری بھێنیتەوە بۆ خۆشۆردن و دەست نوێژ و لادانی پیسایی، بەڵگە:

١ـ پێغەمبەر (ﷺ) نەھی کردووە لە میزکردن و خۆشۆردنی لەشگرانی لە ئاوی وەستاو، ئەمە بەڵگەیە چۆن دوای میز ناتوانی ئاو بەکاربێنیتەوە، خۆشۆردنی لەشگرانی بەھەمان شێوە، چونکە دەبێت بە ئاوی بەکارھاتوو، ئاوی بەکارھاتووش ناتوانی بەکاربھێنیتەوە.

٢ـ چونکە بێ نوێژ شتی پیسیش لێی دەردەچێت، بۆیە نابێت ئاوەکە بەکاربھێنیتەوە.

٣ـ نەھی کراوە لەوەی ژن و پیاو خۆیان بشۆن بە بەرماوەی یەکتری، چونکە پشک دەکەوێتە ناوی و ناتوانی بەکاری بھێنیتەوە.

دووەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە ئاوی بەکارھاتوو بەکاربھێنیتەوە بۆ خۆشۆردن و دەست نوێژ و لادانی پیسایی، کە ئەمە وتەی مالکی و ظاهری و ابن تیمییە و سعدی و ابن باز و ابن عثیمینە، بەڵگە:

١ـ پێغەمبەر (ﷺ) و ھاوەڵان دەست نوێژیان گرتووە و ئاو بەر جل و بەرگیان کەوتووە، ئەگەر ئاوەکە پیس بوایا ئەوا جل و بەرگیان دەشوشت.

٢ـ ئەصڵ وایە ئاو پاکە، وە ئیمانداریش پاکە ھەروەک فەرموودە ھاتووە دەفەرمووێت: (ئیماندار پیس نابێت)، پاک بگات بە پاک چۆن پیس دەبێت؟!

٣ـ چەند فەرموودە ھاتوون پێغەمبەر (ﷺ) دەست نوێژی گرتووە، پاشان ئاوی دەست نوێژ بەسەر کەسێکیان دا کردووە یان ھەر یەکەیان بۆ خۆی ھەندێکی بردووە.

٤ـ پێغەمبەر (ﷺ) خۆی شۆردووە بە بەرماوەی ئاوی خێزانی خۆی کە لەشگران بووە، ئەم ئاوە سەلامەت نەبووە لەوەی کە پەشکی ئاو نەکەوێتە ناو ئاوەکە.

وتەی ڕاست ئاوی بەکارھاتوو دەتوانیت بەکاری بھێنیتەوە، بەڵام باشتر وایە بەکاری نەھێنیتەوە بۆ دڵنیایی باشترە، بەتایبەتی بۆ کەسێک وەسواس بێت یان بێز نەدات بەکار بھێنێتەوە.

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (وتەی ڕاست ئاوی بەکار ھاتوو پاکە و پاککەرەوەیە، ئەگەر مرۆڤێک خۆی پاک بکات لەناو حەوزێکی بچووک یان قاپێکی گەورە، پاشان ئەو ئاوەی خۆی پێ پاک کردۆتەوە بکاتە ناو قاپێکی تر، کەسێکی تر دەست نوێژی پێ بشوات، ئەوا ھیچی تێدا نییە ئەگەر پیسایی تێدا نەبێت و پیس نەبووبێت، ...، بەڵام وازھێنان لە بەکارھێنانی ئاوی بەکارھاتوو باشترە لە بابەتی (دع ما يريبك إلى ما لا يريبك)). (فتاوى نور على الدرب) (٥/٢٧٢).

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (واز ھێنان لە دەست نوێژ گرتن بە ئاوی بەکارھاتوو باشترە و لەپێش ترە، وەک دەرچوون لە جیاوزییەکە). (مجموع فتاوى ابن باز) (١٠/١٨).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام