پرسیار: گەر کوڕێکی کەوتە دڵ لە رووی سیفەت و هەڵسووکەوت و بەڕێزیەکەی و باشی عائیلەکەی و دینداریەکەیەوە، بەڵام بەهۆی داب و نەریت نەتوانی وەک دایکمان خەدیجە پێی ڕابگەیەنێ کە بە ناڕاستەوخۆ بە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ی ڕاگەیاند کە دەیەوێ زەواجی لەگەڵ بکا؟
وەڵام: زانایان دەڵێن هیچی تێدا نییە و دروستە ئافرەت خۆی پێشکەش بکات بە پیاوێک خاوەن دین و ڕەوشت بێت، وە شەرمیش نییە لەلای ئەو کەسانەی خاوەن ژیرن و تێ دەگەن، بەلگە:
واتە: ثابت البناني دەلێت: من لە لای ئەنەسی کوڕی مالک بووم، وە کچێکی ئەنەس لە لای بوو ، ئەنەس فەرمووی: ئافرەتێک هاتە لای پێغەمبەر (ﷺ) بۆ ئەوەی نەفسی خۆی پێشکەش بە پێغەمبەر بکات، ئافرەتەکە وتی: ئەی نێردراوی خوا ئایا تۆ هیچ پێویستیت بە من هەیە منت دەوێ؟ کچی ئەنەس وتی: ئەمە شەرم و حەیای کەم بووە، ئەمە کارێکی ناشرینە، ئەمە کارێکی ناشرینە، ئەنەس بە کچی خۆی وت: ئەو لە تۆ باشترە، پێی باش و خۆش بووە شوو بە پێغەمبەر بکات وە نەفسی خۆی پێشکەشی کردووە. رواه البخاري (٤٨٢٨).
دروستە ئافرەت خۆی پێشکەش بە پیاو بکات باسی خۆی بکات بۆ ئەوی پیاو ئارەزووی بکەوێتە سەری و مارە بکات، لەبەر باشی و چاکەی پیاو یان زانست و شەرەفی پیاو یان یان هەر سیفەتێک لە سیفەتەکانی دین. (موسوعة الفقهیة) (٣٠/٥٠)، (عمدة القارئ شرح صحیح البخاري) للبدردین العیني) (٢٠/١١٣).
زانایان دەلێن باشتریش وایە ئافرەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە باوک یان وەلی خۆی بلێت بۆ شوو کردن بە فلانە کەس یان بە کەسێکی تر بڵێت بۆ ئەوەی فیتنە دروست نەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەش ئافرەت دەبێت ئافرەت ئاگادار بێت تووشی داوی خۆشەویستی و فاحشە نەبێت، وە سنور نەبەزێنێت و خۆی سووک بکات کە چەندین ئافرەت بەم شێوەیە تووشی خراپە بووینە.
زانایان دەڵێن خۆشەویستی کوڕ بۆ کچ یان کچ بۆ کوڕ دوو حاڵەتە:
١ـ خۆشەویستیێک مرۆڤ ھۆکاری تووش بوونی نەبێت ھیچی لەسەر نییە تاوانبار نابێت، وەک ئەوەی کچێک ببینێت لە ناکاو وە خۆشەویستی ئەو کچە بکەوێتە ناو دڵی یان بە پێچەوانەوە کچ کوڕ ببینێ بێ ئەوەی نەزەر دووبارە بکاتەوە و تەوقەی لەگەڵ بکات و بە تەنیا لەگەڵی بمێنێتەوەو قسەی خۆشەویستی لەگەڵی بکات.
٢ـ خۆشەویستیێک مرۆڤ ھۆکاری تووش بوونی بێت، ئەمەیان حەڕامە و تاوانبار دەبێت، وەک دووبارە کردنەوەی نەزەر یان تێکەڵ بوون یان نامە بۆ یەکتر ناردن یان قسە لەگەڵ یەکتر کردن.
ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر عاشق ھیچ ڕێگای نەبوو بۆ ئەوەی بگات بە خۆشەویستەکەی لە ڕووی شەرع و قەدەرەوە، ڕێگری ھەبوو لەم دوو ڕووەوە ئەوا چارەسەر ئەمانەن:
یەکەم: دەرمان ئەوەیە خۆی لێ داببڕێت و چارەسەری ئەوەیە نەفسی خۆی لێ بێ ئومێد بکات، چونکە نەفس کەی بێ ئومێد بوو لە شتێک ئیسراحەت دەکات و ئاوڕی لێ نادەتەوە.
دووەم: ئەگەر نەخۆشی عیشق بەردەوام بوو لەگەڵ بێ ئومێد بوون، ئەوا سروشتی تووشی لادانێکی تووند بووە، دەبێت نەقل بێت بۆ چارەسەرێکی تر ئەویش چارەسەری عەقلە، ئەویش ئەوەیە بزانێت دڵ پەیوەست بوون بە شتێک کە ھیچ ئومێد نییە بۆ بەدەست ھێنانی جۆرێکە لە شێتی، خاوەنەکەی وەک ئەوە وایە کە عاشقی خۆر بووبێت، ڕوحەکەی پەیوەستە بە بەرزی و بەدەوری خولانەوەی، ئەمەیان دیارە لای خاوەن عەقلەکان و ژیرەکان کە ئەمە لە کۆمەلەی شێتەکانە.
سێیەم: ئەگەر نەفسی تۆ ئەم دەرمانەشی قبول نەکرد، ئەوا بیر لە خراپە و شتە ناشرینەکانی خۆشەویستەکەت بکەوە، وە ئەو شتانەی وات لێ دەکات لێت دوور بخاتەوە، چونکە ئەگەر داوای بکەی و لێی ورد ببیتەوە ھەست بە چەندین شتی باش و جوانی دەکەیت، پرسیار لە دراوسێی بکە لەوەی شاراوەیە، چونکە شتی باش و جوانی ئافرەت ڕات دەکێشیت بۆ خۆش ویستنی و داوا کردنی، وە شتی خراپ و ناشرینی دوورت دەخاتەوە لێی.
چوارەم: ئەگەر ھیچ لەم دەرمانانە چارەسەر نەبوون ئەوا تۆ ھیچت نەماوە ئیلا گەڕانەوەیەکی ڕاست بۆ لای ئەوەی کە بە ھانای تەنگانە و لێ قەماو دێت، نەفسی خۆت بخە بەردەم خوای گەورە و لە دڵەوە داوای لێ بکە و خۆتی بۆ زەلیل بکە). زاد المعاد (٤/٢٥١).
مرۆڤ دەبێت سەیری خۆی بکات تا چەند تووشی عیشق بووە، گومای تێدا نییە عیشق حەڕامە و کاریگەری لەسەر ئیمان هەیە، عیشق چەندین زیانی هەیە بۆ مرۆڤ لە چەند ڕووەکەوە:
١ـ سەرقاڵ بوون بە خۆش ویستنی دروستکراوەکان و پشت گوێ خستنی خوای گەورە، لە یەک دڵ دا خۆشەویستی خواو دروستکراوەکانی لە یەک ئاستدا نابێت، بەلکو پێویستە یەکێکیان ئەوەی تریان کزو لاوازو سست بکات.
٢ـ بەو هۆیەوە تووشی سزاو ئازار دەبێت، جا هەر کەسێک جگە لە خوا کەسێک بە ئەندازەی خودا خۆش ویست، ئەوا خوای گەورە هەر بەو شتە ئازار و چەرمەسەری و سزای تووش دەکات، بە بیر لێ کردنەوە، بە دەست نەخستنی و بە لە دەست دانی، بە تیا چوونی، ..... هتد، بێگومان ئازاری دلی عاشق لە هەموو ئازارەکان کوشندەترە.
٣ـ دڵ و دەروونی دەبێتە کۆیلەی کەسانی تر، بەهۆی سەرخۆشی بوون و مەست بوونی بەو عیشقەوە ئاگادار نییە کە تووشی چی هاتووە، دڵی بە دەست کەسانی ترەوەیە وەک مناڵ یاری پێ دەکرێت و دیل و کۆیلەی دەستی کەسانی ترە.
٤ـ بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانییەوە کار دەکات، واتە هەنگاو بە پێچەوانەی بەرژەوەندی یەوە دەنێت.
بەرژەوەندی ئایینی: هەمیشە دڵ و دەرونی سەرقاڵی غەیری خوایە خواش لەبیری دەکات.
بەرژەوەندییە دونیاییەکان: کێ هەیە لەم ڕاستییە بێ ئاگا بێت، کە عاشقەکان ماڵ و ژیانیان دەکەنە قوربانی لەو پێناوەدا.
٥ـ بەلاو ئاشوبی دونیا و قیامەت ڕووی تێ دەکات، هەر کاتێک دڵ شەیدای غەیری خوا بوو ئەوا شەیتان دەبێتە دۆست و یاوەری، لەم ساتانەشدا دەبێ حاڵی مێگەلە مەڕ چۆن بێت کە گەلەگورگ شوانیان بێت؟!
٦ـ دڵ و دەروون و بیرو هۆش دەشێوێنێت، کاتێ دڵ و دەروون گیرۆدەی ئەم دەردە بوو چی تر تەشەنە دەکات بیروهۆشیش دەگرێتەوە و هەمیشە دڵە راوکێ و خەمۆکی و مەستی دەبێتە میوانی هەمیشە ئەو کەسە شێتی هەنگاو دەنێت، ..... نموونەش لەم بابەتە لە گەڵاندا زۆرە.
٧ـ پێوەرو هەستەکان دەشێوێنێت، هەر کاتێ دڵ و دەروون بەم دەردەوە تلایەوە، چیتر پێوەر و هەلسەنگاندن و لێکدانەوەکانی ئەو کەسە دەشێوێنێت، هەر یەکە لە دەزگاکانی بینین و بیستن ولێکدانەوە کاری تەواوی خۆیان لەدەست دەدەن بەوەی شتی ناشرین بەجوان دەبینن، .....
عیشق بنەماکانی سادەو ساکارن لەسەرەتادا، وە دواتر لەناوەندیدا تووشی سەرقاڵی مەستی دەبێت، پاشان سەر ئەنجامی شێتی و تیاچوون دەبێت کە بەم پێیە ستەم لە خودی خۆی و بەرامبەر و چوار دەوریش دەکات.