پرسیار: کەسێک مسافرە و نوێژ بەدوای ئیمامێکەوە دەکات نازانێت ئیمامەکە مسافرە یان نە، لەم حاڵەتە نوێژ تەواو دەکات یان شوێن ئیمام دەکەوێت؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا مسافر نوێژ تەواو دەکات یان شوێن ئیمام دەکەوێت، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئەگەر مسافر نوێژی بەدوای کەسێکەوە کرد بەگومانە لە حاڵی مسافرە یان نە، واجبە لەسەری نوێژ تەواو بکات، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلەیە، چونکە:
١ـ یەکلا نەبۆتەوە کاتی تەکبیرەی ئیحرام ئیمام مسافرە، ئەسڵیش وایە واجبە نوێژ تەواو بکات، بۆی نییە نییەتی کورت کردن بێنێت لەگەڵ بوونی گومان لە واجبی تەواو کردنی نوێژ. (كشاف القناع) للبهوتي (١/٥١٠)، (المغني) لابن قدامة (٢/٢١٠).
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دەبێ نوێژ تەواو بکات ئەگەر ئیمام تەواوی کرد، ئەگەر ئیمام کورتی کرد لەسەری نییە تەواو بکات، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و ابن عثیمین، چونکە:
١ـ ئەسڵ لە نوێژی مسافر ئەوەیە نوێژ کورت دەکات، لەسەری نییە نوێژ تەواو بکات مەگەر ئیمام نوێژ تەواو بکات. (الشرح الممتع) لابن عثيمين (٤/٣٦٩).
وتەی ڕاست وتەی دووەمە، واللە اعلم.