سەردێری پرسیار:حوکمی دوو ڕەكاعەت نوێژی سوننەت پێش نوێژی هەینی؟

بەرواری دانان :2023-05-05 کۆدی پرسیار:2853

پرسیار:

پرسیار: حوکمی دوو ڕەكاعەت نوێژی سوننەت پێش نوێژی هەینی؟

دەقی وەڵام:

وەلام: جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت سوننەتی پێش هەینی دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێك زانا دەڵێن نوێژی جومعە وەك نوێژی نیوەڕۆ سوننەتی ڕەواتبی لە پێش هەیە لە كات و ژمارە، كە ئەمە وتەی حەنەفی و هەندێك لە شافعی یەکانە، بەلگە:

١ـ عبدالله كوری مسعود خوا لێی ڕازی دەفەرمووێت: (پێغەمبەری خوا (ﷺ) چوار ڕەکاتی پێش و پاش نوێژی جومعەی كردووە). رواە الترمذی.

٢ـ پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت: (لە نێوان هەموو دوو بانگێک نوێژێک هەیە). رواە البخاري (٦۲۷).

٣ـ عبدالله كوری زوبەیر خوا لێی ڕازی بێت دەفەرموێت: (هیچ نوێژێكی واجب نییە ئیلا دوو ڕەكاعەتی لە پێشە). رواە ابن حبان.

٤ـ جابر خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (پیاوێك هاتە مزگەوت پێغەمبەر (ﷺ) وتاری دەدا لە رۆژی جومعە، فەرمووی: (نوێژت كردووە ئەی فلان؟) وتی: نەم كرووە، فەرمووی: (هەستە دوو ڕەکاعەت بكە).

دەلێن ئەم دوو ڕەكاعەتە هی پێش هەینی بووە.

٥ـ قياس دەكەن لەسەر نوێژ نیوەڕۆ.

دووەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون پێش نوێژی هەینی ڕەواتب نییە، كە ئەمە وتەی مالک و شافعی و حەنابلە یه، بەلگە:

١ـ هیچ فەرموودەی ڕاست جێگیر نەبووە لە پێغەمبەر (ﷺ) بە وتە و كردەوە، وە لە هاوەڵانیش جێگیر نەبووە بە صحیحی.

٢ـ نوێژی جومعە نوێژێكی سەربەخۆیە و نابێت قیاس بكەی لەسەر نوێژی نیوەڕۆ.

وەڵام بۆ بەلگەکانی وتەی یەكەم:

ٲـ فەرموودەی ابن مسعود و ابن عمر و ابن عباس هەمویان لاوازن.

ب ـ ڕاستە لە نێوان هەموو دوو بانگێک یان پێش نوێژی واجب سوننەت هەیە، بەڵام مەبەستی پێی بێجگە لە هەینی یە، چونكە هیچ بەڵگە نەهاتوون.

ج ـ ئەو پیاوەی هاتۆتە مزگەوت پێغەمبەر (ﷺ) پێی وت نوێژ بكە مەبەستی پێ نوێژی (تحیة المسجد)ە نەك سوننەتی پێش هەینی یە.

د ـ قیاس كردن لەسەر نیوەڕۆ لێک جیاوازن، چونکە نوێژی جومعە نوێژێکی سەربەخۆیە.

زانايان دەلێن پێغەمبەری (ﷺ) سونەتی پێش نوێژی هەینی نەكردووە ، وە فەرمانیشی نەکردووە وە لە هاوەلانیش جێگر نەبووە كە دوو ڕەكاعەت سونەتی رواتبیان كردبێت.

نابێت سونەتی رواتبی نیوەرۆ بكەیت و لەڕۆژی جومعەدا و وەك جومعە حیساب بكەیت، چونكە جومعە نیوەڕۆ نییە و بەلكو نوێژیكی سەربەخۆیە چەند ئەحكامی تایبەتی هەیە نابێت قیاس بكرێت لەسەر نیوەرۆ، بەلام سوننەتە نوێژ بكەی بە شێوەیەكی گشتی تا ئیمام دێت بۆ جومعە.

خەلکانێک ئێستا سونەتی جومعە دەکەن دوای بانگی یەکەمی جومعە ئەمە جێگای تێڕوانینە، چونکە:

١ـ سونەتی جومعە نییە کە ئەمە وتەی ڕاستی زانایانە.

٢ـ ئەگەر بلێی سوننەتی جومعە ھەیە دەڵێین دەبێت دوای بانگی دووەم بکەیت نەک دوای بانگی یەکەم، چونکە لە سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) یەک بانگ ھەبوو وە لە سەردەمی عوثمان بانگی دووەم زیاد کراوە و لە بازار بانگدراوە ھی یەکەم کە خەلکی مزگەوت گوێیان لە بانگی ناو بازاڕ نەدەبوو.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام