سەردێری پرسیار: ئایا واجبە کاتێک ئافرەت زەکاتی ئەو زێڕ بدات کە لەبەری دەکات ؟

بەرواری دانان: 2018-10-05 کۆدی پرسیار: 281

پرسیار:

پرسیار // ئایا واجبە کاتێک ئافرەت زەکاتی ئەو زێڕ بدات کە لەبەری دەکات ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە زەکاتی زێڕ ئەگەر ئافرەت بە خۆیەوە هەلواسێت ، دوو وتە هەیە :

یەکەم // هەندێک زانا دەڵێن واجبە زەکاتی لێ بدەیت ، کە ئەمە وتەی ابن مسعود ، ابو حنیفە ، ثوري ، الاوزاعي ، داود ، ابن حزم ، صنعاني ، ابن باز ، ابن عثیمین ، ........ هتد ، بەلگە :

(۱) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وَالَّذِينَ يَكْنِزُونَ الذَّهَبَ وَالْفِضَّةَ وَلَا يُنفِقُونَهَا فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَبَشِّرْهُم بِعَذَابٍ أَلِيمٍ (34) )) التوبة ، واتە : ئەوانەی زێڕ و زیو کۆدەکەنەوە نایبەخەشن لە ڕێگای خوای گەورە ، جا تۆش مژدەیان بدەرێ بە سزایەکی بە ئێش .

ئەم ئایەتە و چەند فەرموودەی تر هاتوون هەموویان گشتین جیاوازی نەخستۆتە نێوان زێڕ ئەگەر هەلبواسی یان هەلنەواسی ، بەلگەیە کە زێڕ چ هەلواسی یان هەلنەواسی زەکاتی لێ دەدەیت .

(۲) عن عَائِشَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْها زَوْجِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَتْ : دَخَلَ عَلَيَّ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَرَأَى فِي يَدَيَّ فَتَخَاتٍ مِنْ وَرِقٍ ، فَقَالَ : مَا هَذَا يَا عَائِشَةُ ؟ فَقُلْتُ : صَنَعْتُهُنَّ أَتَزَيَّنُ لَكَ يَا رَسُولَ اللَّهِ . قَالَ : أَتُؤَدِّينَ زَكَاتَهُنَّ ؟ قُلْتُ : لا . قَالَ : هُوَ حَسْبُكِ مِنْ النَّارِ . رواه أبو داود (۱٥٦٥) وصححه الألباني في صحيح أبي داود .

واتە : عائشە دەفەرمووێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت هاتە لای من خواتمی زیوی بە دەستمەوە بینی ، وتی : (( ئەمە چییە ئەی عائشە ؟ )) عائشە وتی : ئەمە دروست کردوونە بۆ ئەوەی خۆمی پێ بڕازێنمەوە بۆ تۆ ئەی نێرداوی خوا ، وتی : (( زەکاتی ئەمانەت داوە ؟ )) وتم : نەخێر ، وتی : (( ئەمە بەسە بۆ تۆ بۆ ئاگر )) .

(۳) وعَنْ عَمْرِو بْنِ شُعَيْبٍ عَنْ أَبِيهِ عَنْ جَدِّهِ أَنَّ امْرَأَةً أَتَتْ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَمَعَهَا ابْنَةٌ لَهَا ، وَفِي يَدِ ابْنَتِهَا مَسَكَتَانِ (إسورتان) غَلِيظَتَانِ مِنْ ذَهَبٍ ، فَقَالَ لَهَا : أَتُعْطِينَ زَكَاةَ هَذَا ؟ قَالَتْ : لا . قَالَ : أَيَسُرُّكِ أَنْ يُسَوِّرَكِ اللَّهُ بِهِمَا يَوْمَ الْقِيَامَةِ سِوَارَيْنِ مِنْ نَارٍ ؟ قَالَ : فَخَلَعَتْهُمَا ، فَأَلْقَتْهُمَا. رواه أبو داود (1563) والنسائي (2479) وحسنه الألباني في صحيح أبي داود.

واتە : ئافرەتێک هاتە لای پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت وە کچێکی لەگەڵ دابوو دوو بازنەی لەدەست بوو ، پێی وت : (( زەکاتی ئەمەت داوە ؟ )) وتی : نەخێر ، ئایا پێت خۆشە ڕۆژی قیامەت دوو بازنەی ئاگر بەم شێوەیە لە دەستت بن ؟ ئافرەتەکە هەردوو بازنەکەی فڕێ دا .

دووەم // هەندێک زانا دەلێن زەکات واجب نییە لێی بدات ، کە ئەمە وتەی مالکی ، شافعی ، حنابلە ، جابر بن عبداللە ، ابن عمر ، ٲنس ، ابن مسعود ، عائشە ، اسماء ، ابن خزیمە ، ابن تیمیە ، ابن قیم ، محمد بن عبدالوهاب ، شوکانی ، محمد ابراهیم ، عبداللە بن حمید ، ......... هتد ، بەلگە :

(۱) عن جابر بن عبداللە ٲن النبي صلی الله علیه وسلم قال : (( لیس في الحلي زكاة )) ٲخرجە البیهقی ، واتە : زەکاتی نییە لەو زێڕەی کە ئافرەت خۆی پێ دەڕازێنێتەوە .

(۲) هیچ فەرموودەی ڕاست و ڕوون و ئاشکرا نەهاتوون کە زەکات واجب بێت لەو زێڕەی کە ئافرەت خۆی پێ دەڕازێنێتەوە .

(۳) قیاس دەکەن لەسەر کەل و پەلی ناوماڵ ، وە دەلێن زەکات واجبە لەو مالەی کە زیاد دەبێت ، نەک لەو ماڵەی کە سوودی لێ وەردەگریت و بەکاردەهێنی ، وەک ئەوەی سواری دەبیت یان کەل و پەلی ناو ماڵ یان جل و بەرگ کە ئەمانە زەکاتیان لێی ناکەوێت .

وەلامی وتەی دووەم بۆ وتەی یەکەم :

(۱) ئایەتەکەی باسی زێڕ و زیو دەکات مەبەست پێ دینار و درهەمە ، نەک ئەو زێڕەی ئافرەت بەخۆیەوە هەلدەواسێت .

(۲) ئەگەر بلێی ئایەتەکە گشییە ، ئێمە دەلێین مەبەست بەم گشتیەتیە بێجگە لە زێڕی هەلواسراوە چونکە فەرموودەی جابر دەلێت زەکاتی لێ ناکەوێت .

(۳) ئەو فەرموودانەی هاتوون وەلام بۆیان :

(أ) هەندێک زانا لاوازی دەکەن ، وەک شافعی ، ابن العربی ، ابن حزم ، ابن الجوزی .

(ب) ڕوون و ئاشکرا نین ، چونکە بڕی زەکاتی دیار نەکردووە وە نساب و تێپەڕ بوونی ساڵێکی باس نەکردووە ، وە دوو بازنە ناگاتە حەدی نیساب .

(ج) دوو بازنەی فڕێداوە ، نابێت ئەوەی زەکات دەدات هەموو مالی لێی وەربگریت .

وەلامی وتەی یەکەم بۆ وتەی دووەم :

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( " لیس في الحلي زكاة " ئەم فەرموودەیە لاوازە ، ئەوان دەلێن هەندێک جار زەکات واجب دەبێت لە زێڕی خۆ ڕازاندنەوە ، ئەگەر ڕووکەشی فەرموودە وەربگرن دەبێت بلێن بەهەموو شێویەک واجب نییە زەکاتی زێڕ بدەیت ئەگەر بۆ خۆ ڕازاندنەوە بوو ، لەگەڵ ئەوەش ئەوان دەلێن ئەگەر زێڕی خۆڕازاندنەوە بەکرێ بدەیتەوە واجبە زەکاتی لێ بدەیت ، لەگەڵ ئەوەش عروض التجارة نییه ، ئەگەر ئەوانە فەرموودەکە وەربگرن دەبێت بلێن : زەکات نابێت بدەیت .

وە قیاس کردن لەسەر جل و بەرگ و کەل و پەلی پێویستی ناو ماڵ و شتی تری هاو شێوەی ئەمانە ، وەلام دەدەینەوە لە دوو ڕوووەوە :

یەکەم // قیاسەکە پێچەوانەی دەقە ، کە دەق هاتووە بۆ واجبیەتی زەکاتی زێڕ ، هەر قیاسێک پێچەوانە دەق بێت ڕەت دەکرێتەوە بەسەر خاوەنەکەی ، ......

دووەم // دەوترێت : ئێوە پێچەوانەی دەقتان کردووە بە قیاس ، ئێوە دەلێن : ئەگەر زێڕی خۆ ڕازاندنەوەی لەلا بێت بۆ کرێ واجبە زەکاتی لێ بدات ، وە ئەگەر جل و بەرگی لەلا بێت بۆ کرێ واجب نییە زەکاتی لێ بدەیت ؟!

هەروەها ئێوە دەلێن : ئەگەر جلی حەڕام لەبەر بکات زەکاتی لێ ناکەوێت ، بەلام ئەگەر زێڕی حەڕامی لەبەر بێت زەکات واجبە ؟! .

هەروەها دەلێن : ئەگەر جل و بەرگ لە لات بێت بۆ لەبەر کردن پاشان نییەتت بگۆڕی بۆ بازرگانی زەکات واجب نییە ، ئەگەر زێڕی لەبەر بێت بۆ لەبەر کردن پاشان بگۆڕێ بۆ بازرگانی ئەوە زەکات واجبە . ؟!

هەروەها دەلێن : ئەگەر زێڕی لەلا بێت بۆ خەرج کردن و بەخشین ، نموونە : ئافرەتێک هەژارە مالی نییە ، زێڕی لەلایە زێڕی خۆی خەرج دەکات بۆ پێداویستی ، هەر کاتێک بیفڕۆشێ یان خەرج بکات بۆ خۆی دەبێت زەکات بدات ، ئەگەر جل و بەرگی زۆر لەلا بێت بۆ بەخشین یان هەر کاتێک پێویستی پێ بوو خەرج بکات ئێوە دەلێن زەکات نادات ، ئەمە پێچەوانەی یەکترە ، چۆن دەبێت قیاس بکەیت لەگەل ئەم پێچەوانەیە گەورەیە ؟! قیاس گەیاندنی فەرعە بە ئەسڵ ، لێرە فەرع پێچەوانەی زۆربەی مسائلەکانە ...........

ئەو دوو بازنەیە بچووکن ناگەن بە بیست مسقاڵ ، وەلام چییە ؟

جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بەمە :

هەندێک دەلێن کۆدەکرێتەوە لەگەڵ ئەوەی لە لایەتی هەتا دەگات بە نیساب .

هەندێک دەلێن روایەت هاتووە : ((سواران غلیظان )) ٲخرجە ابو داود ، واتە : دوو بازنەی ئەستوور بوون . کەواتە دوو بازنەی ئەستوور دەگەن بە نساب .

هەندێک دەلێن ئەم فەرموودەیە مطلقه یان مجمله ، فەرموودەی تر هاتوون زەکات واجب نییە هەتا دەگات بە حەدی نیساب ، لەوانە فەرموودەی ام سلمە روایەتی ابو داود مەرجی داناوە کە دەبێت بگات بە حەدی نیساب .

وتەی سێیەم هەندێک زانا دەلێن لەم بابەتە زەکات واجبە لە زێڕ جا چ کەم بێت یان زۆر بێت . .........

ئەوە فەرموودەیە هەر ئیحتمالێکی تێدا بێت دەگەڕێیتەوە بۆ محکم ، یەکێک لە بنچینە گرینگەکان ئەوانەی لەناو زانست ڕووچۆینە ، متشابەهەکان بە محکم لێک دەدەنەوە و تێی دەگەن ، بەلام ئەوانەی دڵیان نەخۆشی تێدایە محکم بە متشابهەکان لێک دەدەنەوە )) فتح ذي الجلال والٳكرام بشرح بلوغ المرام ج٦ لاپەڕە ۱٦۱ ــ ۱٦٤

ئەو فەرموودەی هاتووە باسی زەکات دان زێڕی هەلواسراو دەکات ڕاستە ، کە چەندین زانا بەڕاستیان داناوە ، لەوانە : ابو الحسن بن القطان ، ابن الملقن ، صنعانی ، احمد شاكر ، ئیمام النووی دەلێت فەرموودەکە حەسەنە ، الالبانی ، ..... هتد

جیاوازییەکە بە هێزە بەلام وتەی ڕاست و دڵنیاتر ئەوەیە کە واجبە زەکاتی لێ بدەیت . واللە ٲعلم

محمد الٲمین الشنقطی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( زەکات دان هی ئەو زێڕەی کە ئافرەت خۆی پێ دەڕازێنێتەوە دانی باشترە و دڵنیا ترە ، چونکە هەر کەسێک خۆی لە شوبهەکان بپارێزێت ئەوە دین و نامووسی سەلامەت دەبێت پارێزراو دەبێت ، واز لەو شتانە بهێنە کە گومانی تێدایە بەرەو ئەو شتانەی کە گومانی تێدانییە ، وە زانستیش لا لای خوای گەورەیە . )) ٲضواء البیان ج۲ لاپەڕە ۱۳٤

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام