پرسیار: بۆچی کەسێک تووشی سیحر و مەسی جن و حەسادەت دەبێت کەچی بەردەوامە لەسەر واجبەکان زیکر و زیکری بەیانیان و ئێواران؟ ئایا زیکر نابێتە پارێزەر بۆی؟ بۆچی هەندێک ئافرەتی سفور تووش نابن و ئافرەتی ملتەزم تووش دەبێت؟
وەڵام: ئەسڵ وایە بەردەوام بوون لەسەر واجب و زیکرەکان پارێزەرە بۆ مرۆڤ لەوەی سەلامەت بێت لە سیحر و مەسی جن و حەسادەت، سەبارەت بەوەی کەسانێک بەردەوامن لەسەر زیکر و تووشیش دەبن دەڵێین:
١ـ لەوانەیە سیحر یان مەسی جن پێش پابەند بوونی بێت بە زیکرەکانەوە.
٢ـ لەوانەیە کەسەکە لە کاتێک بەسەریدا هاتبێت بێ ئاگا بووبێت لە زیکر بۆیە تووشی مەسی جن بووە.
٣ـ بەشێوەیەکی گشتی زیکر پارێزەرە لە سیحر و مەسی جن، وە حاڵەتیش هەیە کەسەکە بەردەوامە لەسەر زیکرەکان و تووشیش دەبێت و تاقیکردنەوەیە.
ئەوەی گرینگ بێت مرۆڤ بیربکاتەوە کە دونیا تاقیکردنەوەیە، هەروەها بەردەوام بوون لەسەر زیکرەکانیش کاریگەری سیحر و مەسی جن لاواز دەکات یان ناهێلێت، ئەوەی خوای گەورەش بۆتی هێناوە ئارام بگرە و خێری تێدایە، هەروەها دەبێت زیکر و دوعا بە پاکی بۆ خوا بکەیت و نابێت بێ ئاگا بیت، مەبەستت لە زیکر تەنها پاراستن نەبێت بەڵکو مەبەستی پاداشت و ڕەزامەندی خواشت با لەگەڵی بێت.
سەبارەت بەوەی بۆچی هەندێک ئافرەتی سفور تووش نابن و ئافرەتێک تووش دەبێت پابەندە بە دینەوە، دەڵێین: خوای گەورە ئەگەر بەندەیەکی خۆش ویست تاقی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و زیاتر ڕوو لەخوا بکات، ئافرەتی ملتەزم دۆستی خوایە و خوای گەورە نایەوێت لە بێ ئاگایدابێت، بەڵام ئافرەتی سفور مەجالی پێ دەدات و ڕایدەکێشێت بێ ئەوەی هەستی پێ بکات.