سەردێری پرسیار:حوکمی جووت بوون لەگەڵ خێزانی خۆت لە ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، حوکمی خۆی و خێزانی چییە؟

بەرواری دانان :2023-03-06 کۆدی پرسیار:2727

پرسیار:

پرسیار: حوکمی جووت بوون لەگەڵ خێزانی خۆت لە ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، حوکمی خۆی و خێزانی چییە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: سەبارەت بە جووت بوون لە ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا زانایان دەڵێن:

١ـ هەر کەسێک جووت بوون ئەنجام بدات لە ڕۆژی مانکی ڕەمەزاندا تاوانبار دەبێت و ڕۆژووی پوچ دەبێتەوە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە. (مجموع الفتاوى) لابن تیمیە (25/244)، (المغني) لابن قدامة (3/134).

٢ـ کەفارەت لەسەری واجبە، کە هەر چوار مەزهەبەکان یەک دەنگن لەسەر ئەمە.

٣ـ واجبە کەفارەت بە تەرتیب بدات، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، کەفارەتیش بەندە ڕزگارکردنە، ئەگەر پێی نەکرا دوو مانگ لەسەر یەک بەڕۆژوو دەبێت، ئەگەر پێی نەکرا خواردن دەدات بە شەست هەژار.

٤ـ دروستە پیاو لەگەڵ خێزانی خۆی جووت بێت لە شەودا پێش ئەوەی کەفارەت بدات ئەگەر لە ڕۆژوی ڕەمەزاندا لەگەڵ خێزانی خۆی جووت بوو، چونکە پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەیفەرموو: (نزیکی خێزانی خۆت مەکەوە تا کەفارەت دەدەیت)، پێچەوانەی کەفارەتی (ظهار) دەبێت کەفارەت بدات دواتر دەتوانێ جووت بێت لەگەڵی. (فتح ذي الجلال والاکرام) لابن عثیمین (٧/٣١٦).

٥ـ واجبی قەزاکردنەوەی ئەو ڕۆژووەی کە شکاندوویەتی، کە هەرچوار مەزهەبەکان یەک دەنگن لەسەر ئەمە.

٦ـ ئافرەتیش وەک پیاو ڕۆژوو قەزا دەکاتەوە و کەفارەت دەدات ئەگەر ئەویش هۆکاربێت بۆ جووت بوون، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و حەنابلەیە، هەروەها وتەیەکە لە وتەی شافعی یەکان.

٧ـ هەر کەسێک جووت بوون ئەنجام بدات لەبیربکات بەڕۆژووە، ئەوە ڕۆژووی دروستە و هیچی لەسەر نییە، کە ئەمە وتەی حەنەفی و شافعی و ابن تيمية و ابن قيم و صنعانی و شەوکانی و ابن عثيمينە.

٨ـ ئەم کەفارەت دانە تایبەتە بە شکاندنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان لە مانگی ڕەمەزاندا، ئەم حورمەتە هی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووی واجبە پێکەوە، هەر کەسێک جووت بوون ئەنجام بدات لە ڕۆژی قەزاکردنەوەی ڕۆژووی ڕەمەزان، ئەوە کەفارەتی لەسەر نییە بە یەک دەنگی هەر چوار مەزهەبەکان، هەندێک زانا یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن، بەڵام یەک دەنگی نییە چونکە قەتادە بۆ ئەوە چووە کەفارەتی لەسەرە. (التمهيد) لابن عبد البر (7/181)، (الإشراف) لابن المنذر (3/124)، (المغني) لابن قدامة (3/139).

٩ـ هەر کەسێک بێ ڕۆژوو بێت لە مانگی ڕەمەزان عوزری هەبێت، ئەوە دروستە جووت بێت لە ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا، بەڵام ئەگەر خێزانی بەڕۆژوو بێت، ئەوکات تاوانبار دەبێت و کەفارەتی لەسەر نییە، چونکە بۆ واجب بوونی کەفارەت دوو مەرج هەیە:

یەکەم: دەبێت بەڕۆژوو بێت و ڕۆژووی واجب بێت.

دووەم: دەبێت لە مانگی ڕەمەزاندا بێت.

١٠ـ هەر کەسێک لە یەک ڕۆژدا دوو جار جووت بووبێت، ئەوە دوو حاڵەتە:

یەکەم: ئەگەر کەفارەتی نەدابێت ئەوە یەک کەفارەت دەدات بۆ هەردوو جووت بوونەکانی ئەو ڕۆژە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە. (التمهيد) لابن عبدالبر (7/181)، (المغني) لابن قدامە (3/144).

دووەم: ئەگەر کەفارەت دابێت هەر لەو ڕۆژە پێش جووت بوونی دووەم، ئەوە بۆ جووت بوونی دووەم جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان، وتەی ڕاست ئەوەیە کەفارەتی دووەم نادات، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی و ابن عثیمینە، چونکە جووت بوونی دووەمی ئەنجام داوە بێ ڕۆژوو بووە. (المجموع) للنووي (6/337).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام