سەردێری پرسیار:پرسیار: ئامۆژگاریتان چیە بۆ ئەوانە ڕەخنە دەگرن لە قەدەری خوا چۆن مناڵی بێ تاوان بەر زەمین لەرزە دەکەوێت؟

بەرواری دانان :2023-02-09 کۆدی پرسیار:2700

پرسیار:

ئامۆژگاریتان چیە بۆ ئەوانە ڕەخنە دەگرن لە قەدەری خوا چۆن مناڵی بێ تاوان بەر زەمین لەرزە دەکەوێت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: خوای گەورە خۆی بەخشندەیەکی فراوانە، کە پێدانی حیکمەتە و قەدەغەکردنەکەشی ڕەحمەتە، بە بەخشین خەزێنەکانی کەم ناکات و بە مەنع کردنیش زیاد نابێت، چاکە لەگەڵ بەندەی ئیماندار دەکات بەوەی موافقی نەفسی خۆیەتی، هەندێک جار چاکەی بە نیعمەتە، وە هەندێک جاریش چاکەی بە ناخۆشی یە، خۆی هەر شتێکی بوێت بۆ بەندە دیاری دەکات لەوەی بۆی خێرە، لەسەر ئیماندار واجبە خوای خۆی تۆمەتبار نەکات لە شتێک لە قەزا و قەدەری. (نظم الدرر) للبقاعي (19/20).

زۆر شت هەن ئێمە حیکمەتی نازانین و ناگەین بە حیکمەتی، هەروەها پەروەردگار خۆی خاوەنی هەموو شتێکە و هەموو شتێک مولکی خۆیەتی و چۆنی بوێت تەسەڕوفی تێدادەکات، بەڵام ئەوەی گرینگ بێت مرۆڤ بیزانێت کردەوەکانی خوای گەورە حیکمەت و ڕەحمەتی لەگەڵە.

زۆر شت هەیە بۆ مرۆڤ زۆر تاڵ و ناخۆشە بەڵام خێر و ڕەحمەتە بۆ مرۆڤ، زۆر شتیش هەیە زۆر شیرین و خۆشە بەڵام ژەهرە بۆ مرۆڤ، بۆیە کاتی ناخۆشی و موسیبەت مرۆڤ دەبێت نەفسی خۆی تۆمەتبار بکات و بگەڕێتەوە بۆ لای پەروەردگاری، ئێمە بووینە هۆکاری ئەوە بێ تاوان لەناو بچن، ئێمە بووینە هۆی ئەوە ئاژەڵ ناڵەی بێت لەبەر تاوانەکانمان، کردەوەکەت کاریگەری لەسەر نەفسی خۆت و دەوروبەریشت هەیە، بۆیە ئاگاداربە خۆت لە کردەوەی خۆت ڕازیت؟! بزانە کردەوەکانی خوای گەورە و ناو و سیفەتەکانی لە سەرووی عەقلی ئێمەوەیە، خوای گەورە هەرگیز لە ناو و سیفەت و کردەوەکانیدا وەک مرۆڤ نییە، ئەگەر سۆز و بەزەیی پەروەردگار نەبوایا کەس لە ئێمە نەدەما لەسەر زەوی، هەروەها بەندە دەبێت ئەوە بزانێت کە خۆی بەندەیە و لاوازە، بۆی نییە پرسیار بکات بۆچی خوا ئاوای کرد، تۆ چیت و محاسبە لەگەڵ کێ دەکەیت؟! پرسیار کردن بەم شێوەیە نەفی بەگەورە دانانی خوا و هەیبەتی دەکات، بەندە پرسیاری لێ دەکرێت نەک ئەوان پرسیار لەخوا بکەن.

سەبارەت بەو مناڵەی خضر کوشتی مطرف بن الشخیر دەفەرمووێت: (ئێمە چاک دەزانین دایک و باوکی ئەو مناڵە دڵخۆش بوون لە ڕۆژی لەدایک بوونی، خەمبار بوون لەو ڕۆژەی کوژرا، ئەگەر کوڕەکەیان ژیابوایا بەهیلاکچوونی دایک و باوکی تێدابوو، بەندە ڕازیبە بەوەی خوای گەورە بۆتی داناوە و دابەشی کردووە، چونکە قەزای خوا بۆ ئیماندار خێرترە لە قەزای مرۆڤ بۆ نەفسی خۆی).

خوای گەورە مناڵ دەدات و دەبات، عاقڵ ئەو کەسەیە کە دڵی پڕ نور دەبێت بە قەزا و قەدری پەروەردگار، هەر شتک ڕووبدات پەند و ئامۆژگاری وەردەگرێت، دڵنیاییە لە هەموو کردەوەکانی خوای گەورە و شەڕ ناداتە پاڵ پەروەردگار.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام