پرسیار: کەسێک مناڵی بزرکردووە، ئایا دروستە لە مزگەوت بانگەواز بکرێت؟
وەڵام: عَنْ أبي هریرة رضي اللە عنە قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (مَنْ سَمِعَ رَجُلًا يَنْشُدُ ضَالَّةً فِي الْمَسْجِدِ فَلْيَقُلْ: لا رَدَّهَا اللَّهُ عَلَيْكَ، فَإِنَّ الْمَسَاجِدَ لَمْ تُبْنَ لِهَذَا) رواە مسلم (٥٦٨).
واتە: لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (هەر کەسێک گوێی لە پیاوێک بوو بانگەواز هەڵ دەدات لەناو مزگەوتدا بۆ دۆزینەوەی شتی بزربوو، بڵێن: یا خوا نەیدۆزیتەوە و خوای گەورە بۆت نەگەڕێنێتەوە، چونکە مزگەوت بۆ ئەمە دروست نەکراوە).
جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا مناڵێش دەچێتە ژێر ئەم فەرموودەیە یان نە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون مناڵیش دەچێتە ژێر ئەم فەرموودەیە و دروست نییە بانگەواز بکەیت لە مزگەوت بۆ مناڵی بزر بوو، چونکە فەرموودەکە گشتی یە، کە ئەمە وتەی ابن باز و زانایانی اللجنة الدائمەیە.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەم فەرموودەیە بانگەوازی کردن بۆ مناڵ ناگرێتەوە، چونکە مناڵ مال نییە وەک ئاژەڵ و سەروەت و سامان، هەروەها بزربوونی مناڵ کە نەفسە وەک ئەم شتانە نییە، چونکە نەفس معصومە و ڕێز لێ گیراوە نابێت وەک شتی تر سەیری بکەیت، هەروەها حیکمەت لە نەهی کردن لە کڕین و فرۆشتن و بانگەوازی کردن لە مزگەوت ئەوەیە بۆ ئەوەی کاروباری دونیا بەکەم دابنرێت لە نەفسی مرۆڤدا.
سەبارەت بە بەکارهێنانی سەماعەی مزگەوت بۆ بانگەوازی کردن بێجگە لە کاتەکانی بانگدان و نوێژکردن دروستە، بەڵام ئەگەر شوێنێکی تایبەت هەبێت تەرخان بکرێت بۆ ئەم شتانە باشترە، واللە أعلم.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئایا دروستە دەنگ بەرز بکرێتەوە و پرسیار بکرێت ئەگەر مناڵی بزر کردوو لە مزگەوتی حەرام و مزگەوتی تر؟
وەڵام: هیچی تێدا نییە پرسیاری مناڵ بکات یان شتی تری وەک مناڵ، چونکە بزر بوونی مناڵ وەک مال نییە، چونکە مرۆڤ مال نییە) فتح ذي الجلال والإکرام (٢/٥٥٨).