سەردێری پرسیار: معوذات و مەسح لە کاتی نووستن چۆن دەکرێت؟

بەرواری دانان: 2023-01-25 کۆدی پرسیار: 2685

پرسیار:

پرسیار: پێغەمبەر (صل الله عليه وسلم) شەوانە پێش ئەوەی بخەوێت ئەفەرموون سێ جار (المعوذات)ی ئەخوێند و دەستەکانی کۆدەکردنەوە و فووی پێدادەکردن، ئەو فوو پێداکردنە چۆنە؟ دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر فەرموودەکە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: عَنْ عَائِشَةَ أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كَانَ إِذَا أَوَى إِلَى فِرَاشِهِ كُلَّ لَيْلَةٍ جَمَعَ كَفَّيْهِ ثُمَّ نَفَثَ فِيهِمَا فَقَرَأَ فِيهِمَا قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ وَقُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ الْفَلَقِ وَقُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ النَّاسِ ثُمَّ يَمْسَحُ بِهِمَا مَا اسْتَطَاعَ مِنْ جَسَدِهِ يَبْدَأُ بِهِمَا عَلَى رَأْسِهِ وَوَجْهِهِ وَمَا أَقْبَلَ مِنْ جَسَدِهِ يَفْعَلُ ذَلِكَ ثَلَاثَ مَرَّاتٍ). رواە البخاري (5018).

واتە: لە عائیشە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئەگەر چووبایە ناو جێگای نووستن هەموو شەوێک دەستەکانی کۆدەکردەوە و پاشان فووی پێدا دەکرد و ئەم سێ سورەتەی دەخوێند: (قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ) و (قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ الْفَلَقِ) و (قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ النَّاسِ)، پاشان بە هەردوو دەستەکانی بەلاشەیدا دەهێنا چەند پێی کرابا، لە سەر و ڕوخسار وپێشەوەی لاشە دەستی پێکردووە، سێ جار ئەمەی دووبارە کردۆتەوە.

سوودەکانی فەرموودەکە:

١ـ خوێندنەوەی ئەم سێ سورەتە کە پێی دەڵێن (معوذات) سوننەتە پێش نووستن بخوێندرێ، پێغەمبەری خوا لەسەری بەردەوام بووە، بەردەوام بوون لەسەری بەڵگەیە بۆ فەزلی خوێندنەوەی ئەم سێ سورەتە.

٢ـ فوو کردن لە کاتی خوێندنی زیکر تەنها بۆ زیکری شەو هاتووە، واتە تەنها بۆ ئەم سێ سورەتە سوننەتە، فوو کردن دوای زیکری دوای نوێژ یان کاتی خوێندنەوەی ئایەت کورسی هیچ بەڵگەی ڕاست لەسەری نەهاتووە.

٣ـ جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە فوو کردن ئایا پێش خوێندنەوەی معوذاتە یان دوای خوێندنەوەی معوذاتە، دەتوانی بڵێی مەجالی تێدایە، بەڵام ڕووکەشی فەرموودەکە وادیارە فوو کردن  پێش معوذاتە.

٤ـ فوو کردنیش نە تەنها تفە و نە تەنها فویە، واتە لەنێوان هەردووکیان دایە، کەمێک تفی لەگەڵە و لەگەڵ فو.

٥ـ چۆنیەتی ئەنجام دانی ئەم زیکرە:

ـ سەرەتا فوو دەکەیت پاشان معوذات دەخوێنیتەوە، یان معوذات دەخوێنیتەوە پاشان فوو دەکەیت، هەردووکیان دروستن.

ـ خوێندنەوەی هەرسێ سورەتەکە باشتر وایە بە تەسەسول بێت پێش و پاش نەکرێت.

ـ پاشان لاشە مەسح دەکەیت بە هەردوو دەستەکان، لە سەر و ڕوخسار و پێشەوە دەست پێ دەکەیت.

ـ سێ جار خوێندنەوەی معوذات و فوو کردن و مەسح دووبارە دەکەیتەوە.

٦ـ زانایان دەڵێن کاتی زیکری نووستن دەست پێ دەکات لە کاتی خۆ ڕاکشان "درێژ کردن" بۆ نووستن، چەند فەرموودە هاتوون ڕوون و ئاشکران کە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم کاتێک دەچووە ناو جێگا بۆ نووستن زیکری دەکرد.

كەواتە ئەم زیکرانە و چەند زیکری تری ھاوشێوەی ئەمانە تایبەت کراون بە کاتی چوونە ناو جێگا، زانایان دەڵێن عیبادەت تەوقیفین چۆن ھاتووە دەبێت ئاوا بکرێت.

بەڵام ئەو فەرموودانەی هاتوون هەندێک زیکری معلق کردووە بە شەو، ئەو زیکرانەی معلق کراینە بەشەو دەڵێن دروستە دوای نوێژی عیشا بخوێنی، چونکە معلق کراوە بە شەو نەک معلق کرابێت بە چوونە ناو جێگا، نموونە: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت: (من قرٲ الایتین من اخر سورة البقرة فی لیلة كفتاه). رواە البخاري، مسلم. واتە: (هەر کەسێک دوو ئایەتی کۆتای سورەتی بەقەرە لە شەودا بخوێنێت بەسە بۆی).

٧ـ زیکری نووستن تایبەتە بە نووستنی شەو یان دەتوانی لە کاتی نووستنی ڕۆژیش دا بکەیت، جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان:

یەکەم: هەندێک زانا دەلێن دەتوانیت لەڕۆژیش دا بکەیت، کە ئەمە وتەی ابن عثیمینە، بەڵگە:

ـ هیچ بەلگەی ڕوون و ئاشکرا نەهاتوون کە زیکری نووستن تایبەتە بە نووستنی شەو.

دووەم: هەندێک زانای تر دەڵێن زیکری نووستن تایبەتە بە نووستنی شەو، ناتوانیت لە کاتی نووستی ڕۆژدا بکەیت، کە ئەمە وتەی صالح الفوزان، بەڵگە:

ـ ئەو فەرموودانەی هاتوون باسی زیکری نووستنە لە شەودا، هیچ بەلگە نەهاتوون کە لە ڕۆژدا پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ئەم زیکرانەی خوێندبێت.

سێیەم: هەندێک زانای تر دەڵێن هەندێک زیکر تایبەتن بە نووستنی شەو، وە هەندێک زیکر تایبەت نین بە شەو، کە ئەمە وتەی ابن بازە، بەلگە:

ـ هەندێک فەرموودە هاتوون دەلێن کاتێک دەچووە ناو جێگا یان ویستبا بخەوێت ، ئەمانە بەلگەن کە دەتوانی لە کاتی خەوتنی ڕۆژیشدا بکەیت ، چونکە نووستن هەر نووستنە چ هی ڕۆژ بێت یان شەو ، وە هەندێک فەرموودە هاتوون زیکری معلق کردووە بەشەو ئەمانە لەشەودا دەخوێندرێن.

وتەی ڕاست وتەی سێیەمە، واللە اعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام