پرسیار: حوکمی تاخیرکردنی نوێژ بێ عوزر تا کاتی دەڕوات، دواتر نییەتی جمع دێنێت لەگەڵ نوێژی دواتر؟
وەڵام: زانایان دەڵێن تاخیرکردنی نوێژ بۆ کاتی نوێژ دووەم دەبێت بە نییەتی کۆکردنەوە (جمع) بێت، دەبێت لە کاتی نوێژی یەکەم نییەتی تاخیرکردنی هەبێت، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلە و ابن عثیمینە، چونکە:
ـ هەر کاتێک نوێژ تاخیر بکات لە کاتی خۆی بێ ئەوەی نییەت جمع بێنێت، ئەوە نوێژ ئەنجام دان دوای ڕۆیشتنی کاتی دەبێتە قەزاکردنەوە نەک کۆکردنەوە (جمع).
ـ تاخیرکردن دەکرێت تاوان بێت و دەکرێت ڕێگەپێدرا بێت، تاخیرکردنی تاوان ئەوەیە نوێژ تاخیر دەکەیت بێ عوزر تا کاتی دەڕوات، تاخیرکردنی ڕێگەپێدراویش ئەوەیە تاخیر دەکەیت لەبەر ئەوەی کۆدەکەیتەوە لەگەڵ نوێژی دواتر، کەواتە دەبێت نییەت بۆ جیاکردنەوەی ئەم دووانە.
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دروست نییە نوێژی یەکەم تاخیر بکەیت لە کاتی خۆی مەگەر بە نییەتی کۆکردنەوە لەگەڵ نوێژێکی تر، دەبێت نییەتی کۆکردنەوەت هەبێت پێش چوونی کاتی نوێژی یەکەم). (الشرح الممتع) (4/405).