سەردێری پرسیار: چ هۆکارێک هەیە شەڕی حەسوود لەسەر ئەو کەسە لابدرێت کە حەسوودی پێی بردراوە؟

بەرواری دانان :2022-12-25 کۆدی پرسیار:2674

پرسیار:

پرسیار: چ هۆکارێک هەیە شەڕی حەسوود لەسەر ئەو کەسە لابدرێت کە حەسوودی پێی بردراوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت چەند هۆکارێکی باسکردووە بۆ لادانی شەڕی حەسوود بەسەر ئەو کەسەی حەسوودی پێی بردراوە، لەوانە:

١ـ پەناگرتن بەخوا لەشەڕی، خوای گەورە گوێی لەو کەسە دەبێت کە پەنای پێ دەگرێت، هەروەها زانانەشە پەنا بە چ دەگرێت.

٢ـ تەقوای خوا، ئەویش جێ بەجێکردنی فەرمانەکانە و خۆ دوورخستنەوەیە لە نەهی یەکانی، هەر کەسێک تەقوای خوا بکات دەیپارێزێت.

٣ـ ئارام گرتن لەسەر دوژمنی خۆی، شەڕ لەگەڵی نەکات و گلەی نەکات و هەرگیز باسی حاڵی نەفسی خۆی بۆ نەکات بەوە تووشی ئەزیەت بووە.

٤ـ تەوەکول خستنەسەر خوای گەورە، هەر کەسێک تەوەکول بخاتە سەر خوای گەورە، ئەوە خوا بۆی بەسە.

٥ـ دڵی خۆی بەتال بکات لە بیرکردنەوە، ئاوڕ لە حەسوود نەداتەوە و نەترسێت، وەک ئەوەی هیچ نییە هیچ ڕوونەداوە، دڵی خۆی پڕ نەکات لە بیرکردنەوە لە حەسوود و تۆلە سەندنەوە لێی، ئەمە باشترین چارەسەر کە مرۆڤ بیری لێ نەکاتەوە.

٦ـ ڕووکردنە خوای گەورە بە ئیخلاسی.

٧ـ تەوبەیەکی ڕاست و دروست کردن، چونکە ئەوەی تووشی مرۆڤ دەبێت بەهۆی کردەوەی مرۆڤەوەیە.

٨ـ خێرکردن و چاکەکردن، چونکە خێرکردن کاریگەریەکی سەیری هەیە لە لادانی بەلا و لادانی چاو و شەڕی حەسوود، بۆیە نابینیت چاو لە کەسی چاکەکاری خێرکەر بدات، ئەگەر لێشی بدات زۆر سووکە و عاقیبەتی باشە.

٩ـ کوژاندنەوەی ئاگری کەسی حەسوود و خراپەکار بە چاکەکردن لەگەڵی، کە ئەمەش گرانترین هۆکارە لەسەر نەفس، کەس ئەمە ناکات مەگەر کەسێک خوای گەورە تەوفیقی دابێت و ڕەحمەتێکی تایبەتی لەگەڵ کردبێت.

١٠ـ نوێ کردنەوەی تەوحید و بیرکدنەوە لەوە کەسێ حەسوود هیچ سوود و زیان ناگەیەنێت مەگەر بە ئیزنی خوای گەوره، تەنها خوای گەورە خۆی لادەدات. (بدائع الفوائد) (238-245) بە دەستکاریەوە وەرگێڕدراوە و پوخت کراوە.

جاحظ دەفەرمووێت: (ڕەحمەتی خوات لێ بێت ئەگەر هەستت کرد هاوڕێکەت حەسوودیت پێ دەبات، ئەوە تێکەڵ بوونی خۆتی لەگەڵ کەم بکەوە، چونکە باشترین شتە بۆت بۆ سەلامەت بوونت لە شەڕی، وە نهێنی یەکانی خۆت بپارێزە لێی سەلامەت دەبیت لە شەڕی، وریا بە و ئاگادار بە لەوەی پرسی پێ بکەیت (واتە: پرسی پێ مەکە)، با فریوت نەدا وەک ئەو کەسەی قسەی زمان و دڵی یەک نییە و بەلاغەت و زمان پاڕاوی خۆی بۆت ڕوون بکاتەوە). (الرسائل) (3/16).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام