سەردێری پرسیار:کچ چەند میرات دەبات لە دایک و باوکی خۆی ؟

بەرواری دانان :2018-10-04 کۆدی پرسیار:263

پرسیار:

پرسیار // کچ چەند میرات دەبات لە دایک و باوکی خۆی ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن کچ میرات لە دایک و باوکی خۆی وەردەگرێت ، وە سێ حالەت ھەیە :

حالەتی یەکەم // کچ نیوەی میرات دەبات ئەگەر مردوو ھیچ کوڕی نەبێت " واتە کچ ھیچ برای نەبێت " و تەنھا یەک کچی بەدوای خۆی بەجێ ھێشتبێت " واتە ئەو کچە خوشکی نەبێت " ، بەلگە :

خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وإن كانت واحدة فلها النصف )) النساء / 11 ، واتە : ئەگەر مردوو تەنھا یەک کچی ھەبوو ئەوا نیوەی میرات بۆ ئەو کچەیە .

کەواتە کچ نیوە میرات دەبات بە دوو مەرج :

(١) مردوو ھیچ کوڕی نەبێت " واتە ئەو کچە ھیچ برای نەبێت " .

(٢) مردوو یەک کچی بەدوای خۆی بەجێ ھێشتبێت ، "واتە ئەو کچە ھیچ خوشکی نەبێت " .

نموونە : کەسێک دەمرێت لە ژنی خۆی و کچ و برای ڕاستەقینەی خۆی ، لەم حالەتە ژنی مردوو لە ھەشت بەشی میرات یەک بەش دەبات ، وە کچی مردوو نیوەی میرات دەبات ، وە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ برای ڕاستەقینەی مردووە .

حالەتی دووەم // کچ لە سێ بەشی میرات دوو بەش دەبات ، ئەگەر مردوو ھیچ کوڕی نەبێت " واتە : کچ ھیچ برای نەبێت " ، وە مردوو دوو کچ یان زیاتری ھەبێ " واتە : کچەکان دوو خوشک بن یان زیاتر " ، بەلگە :

خوای گەورە دەفەرمووێت : (( فإن كن نساءً فوق اثنتين فلهن ثلثا ما ترك ) النساء / 11 ، واتە : خۆ ئەگەر ئافرەتە میراتگرەکان دووان بوون یان زیاتر ، لە سێ بەشی میرات دوو بەش بە میرات دەبەن .

کەواتە کچ لە سێ بەشی میرات دوو بەش دەبات بە دوو مەرج :

(١) مردوو ھیچ کوڕی نەبێت " واتە : کچ ھیچ برای نەبێت " .

(٢) مردوو دوو کچ یان زیاتری بەدوای خۆی بەجێ ھێشتبێت " واتە : دوو خوشک بن یان زیاتر " .

نموونە : کەسێک دەمرێت لە دوو کچی خۆی و باوکی خۆی ، دوو کچی مردوو لە سێ بەشی میرات دوو بەش دەبەن ، وە باوکی مردوو لە شەش بەشی میرات یەک بەش دەبات ، وە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ باوکی مردووەکەیە بە تعصیب .

حالەتی سێیەم // کچ نیوەی ئەوەندەی کوڕ میرات دەبات ئەگەر مردوو کوڕ و کچی بەدوای خۆی بەجێ ھێشتبوو ، بەلگە :

خوای گەورە دەفەرمووێت : (( يوصيكم الله في أولادكم للذكر مثل حظ الأنثيين ))النساء / 11 .

واتە : ئاگادار بن خوای گەورە سەبارەت بە کاروباری منالەکانتان وەسیەتتان دەکات کە دەبێ لە میرات دوو ئەوەندە بەشی مێینە بدەنە نێرینە ، واتە : نێرینە دوو بەش و مێینە نیوەی ئەو .

کەواتە کچ نیو ئەوەندی کوڕ میرات دەبات بە تعصیب بە یەک مەرج :

(١) دەبێت مردوو کوڕ و کچی ھەبێت " واتە کچ برای ھەبێت " .

نموونە : کەسێک دەمرێت لە کچ و کوڕی خۆی ، ھەموو ماڵ بۆ کوڕ و کچی مردووەکەیە بەلام کچ نیوەی کوڕ دەبات .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام