سەردێری پرسیار: ئافرەت ئەگەر تەلاق درابێت میرات وەردەگرێت لە پیاوی خۆی ؟

بەرواری دانان :2018-10-04 کۆدی پرسیار:262

پرسیار:

پرسیار // ئافرەت ئەگەر تەلاق درابێت میرات وەردەگرێت لە پیاوی خۆی ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن تەلاق دانی ئافرەت و میرات وەرگرتن ئەم چوار حالەتانەن :

حالەتی یەکەم // ئەگەر تەلاق رجعی بێت " واتە تەلاق نەبڕاوەتەوە و سێ جار تەلاقی نەداوە " ، لەم حالەتە ئەگەر پیاو بمرێت ئافرەت میرات لە پیاوی خۆی وەردەگرێت ، چونکە ھێشتا ھەر خێزانی ئەو پیاوەیە و بە تەلاقی ڕەجعی لێک جیا نابنەوە .

حالەتی دووەم // ئەگەر تەلاقی بائن بێت " واتە سێ جار تەلاقی داوە و لێی تەواو بووە " لەم حالەتە ئەگەر پیاو لە کاتی لەش ساغی ئەو ئافرەتەت تەلاق دابێت ، ئەوا ئەو ئافرەتە میرات لە پیاوی خۆی وەرناگرێت ، چونکە بە تەلاقی بائن پەیوەندی نێوان ژن و پیاو دەبڕدرێت .

حالەتی سێیەم // ئەگەر تەلاقی بائن بێت ، لەم حالەتە ئەگەر پیاو کاتی نەخۆشی مردن خێزانی تەلاقی بدات ، وە ئەم پیاوە بەوە تۆمەتبار نەکرابێت کە لەبەر ئەوە خێزانی خۆی تەلاق داوە بۆ ئەوەی میراتی لێ وەرنەگرێت ، لەم حالەتە ئەم ئافرەتە میرات لە پیاوی وەرناگرێت چونکە خێزانی نییە .

حالەتی چوارەم // ئەگەر تەلاق بائن بێت ، لەم حالەتە ئەگەر پیاو کاتی نەخۆشی مردن خێزانی تەلاق بدات ، وە ئەم پیاوە بەوە تۆمەتبار کراوە کە لەبەر ئەوە خێزانی خۆی تەلاق داوە بۆ ئەوەی میراتی لێ وەرنەگرێت ، لەم حالەتە جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان چوار وتە ھەیە :

یەکەم / ھەندێک زانا دەلێن بەھیچ شێوەک ئەو ئافرەتە میرات وەرناگرێت ، چونکە تەلاقەکە بائنە و لێی جیابۆتەوە پێش مردن ، کە ئەمە وتەی ڕاستی ئیمام شافعی یە .

دووەم / ھەندێک زانا دەلێن میرات وەردەگرێت ئەگەر ئافرەت لە عیدەی بێت و پیاوەکەش بمرێت ، بەلام ئەگەر دوای تەواو بوونی ئافرەت لە عیدە پیاوەکە بمرێت لەم کاتە میرات وەرناگرێت ، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفەیە .

سێیەم / ھەندێک زانا دەلێن ئافرەت میرات لەو پیاوە وەردەگرێت جا پیاو لەکاتی عیدەی ئافرەت مردبێت یان دوای عیدە ھەتا ئەو ئافرەتە شووی نەکردبێتەوە یان ھەلنەگەڕابێتەوە لە دین ، چونکە پیاو ویستی ئەوەی ھەبووە کە میرات بۆی نەڕوات لەبەر ئەوە تەلاقی داوە ، کە ئەمە وتەی ئیمام ئەحمەدە .

چوارەم / ھەندێک زانا دەلێن ئافرەت میرات لە پیاو وەردەگرێت جا پیاو کاتی عیدە مرد بێت یان دوای عیدە ، وە شووی کردبێتەوە یان شووی نەکردبێتەوە ، کە ئەمە وتەی ئیمام مالکە .

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت : (( نزیکترین وتە لای من وتەی ئیمام ئەحمەدە ، لەبەر ڕاستی ھۆکاری ھەستان بە میرات وەرگرتن لە عیدە و دوای عیدە ، میرات وەرگرتن تەنھا لە کاتی عیدە ھەروەک حەنەفی وا دەلێن ئەمەیان لاوازە ، چونکە لێک جیابوونەوە ھاتۆتە دی لە کاتی عیدە بێت یان دوای عیدە ، بەلکو ئافرەت میرات لە پیاو وەردەگرێت بەھۆی خراپی مەبەستی و وەک دەرگا گرتن لەم کارە .

میرات وەرگرتنی ئافرەت لەو پیاوە دوای ئەوەی کە شوو دەکاتەوە بە پیاوێکی تر ، ھەروەک ئیمام مالک وا دەلێت ، ئەمەیان وا دەکات ئافرەت میرات لە دوو پیاو وەربگرێت لە یەک کات دا ، ئافرەت میرات لە دوو پیاو وەرناگرێت بە یەک دەنگی ھەموو زانایان ، .....

سەبارەت بە وتەی ئیمام شافعی کە دەلێت میرات وەرناگرێت بە ھیچ شێوەیەک ، وەلامی دەدرێتەوە بە دوو ڕوو :

یەکەم // ئەمەیان پێچەوانەی یەک دەنگی ھاوەڵانە کاتێک عوثمان خوا لێی ڕازی بێت حوکمی دا بە میرات وەرگرتنی تماضری کچی ئەصبەعی کەلبی لە عبدالرحمانی کوڕی عوف ، کە عبدالرحمان تەلاقی دا لە نەخۆشی مردن وە تەلاقەکەش بائن بوو ، ئەم حوکمە بەناو بانگ بوو لەناو ھاوەڵان وە کەسیش ئینکاری نەکردووە .

دووەم // قاعیدەی سد الذرائع بەناو بانگ و زانراوە ، ئەو پیاوەی ئافرەتی تەلاق داوە لە نەخۆشی مردن مەبەستەکەی مەبەستێکی خراپە ، مامەلەی لەگەڵ دەکرێت بەگوێرەی مەبەستەکەی ، واللە أعلم . )) التحقیقات المرضیة في مباحث الفرضية لاپەڕە ٣٧ ــ ٣٨

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام