پرسیار: دەکرێت باسی سوودەکانی ئەم ئایەتە بکەن بە کورتی: (إِنَّا أَنْزَلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ لِلنَّاسِ بِالْحَقِّ) [الزمر: ٤١]؟
وەڵام: خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّا أَنْزَلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ لِلنَّاسِ بِالْحَقِّ) [الزمر: ٤١].
واتە: بێگومان ئێمە کتێبمان دابەزاندووە بەسەر تۆ بۆ خەڵکی تا هەرچی ڕاستی یە بۆ خەڵکی ڕوون بێتەوە.
سوودەکانی ئایەتەکە:
١ـ جێگیرکردنی بەرزی خوای گەورە بەسەر دروستکراوەکانی، چونکە دابەزاندن لەسەرەوە بۆ خوارەوەیە.
٢ـ قورئانی پیرۆز بۆ بەرژەوەندی مرۆڤ دابەزیوە نەک بۆ دژی بەرژەوەندییەکانی.
٣ـ گشتییەتی پەیامی پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم کە بۆ تێکڕایی خەڵک نێردراوە، چونکە نەفەرموم: (لقومك)، بەڵکو فەرمووی: (للناس).
٤ـ جیاوازی نێوان: ((إِنَّا أَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الْكِتَابَ)، وە: (إِنَّا أَنْزَلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ) چییە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە جیاوازی نێوان مانای ئەم دوو پیتە دەڵێن:
(إِلی): مانای کۆتایی هاتن هەڵدەگرێت.
(علی): مانای بەرزی هەڵدەگرێت و گرانی و مەشەقەتیشی لەگەڵە.
ئەگەر ووردبیتەوە لەم دوو ئایەتەی سورەتی (الزمر) هەست دەکەیت ئەوەی پیتی (علی)ی بەکارهێناوە زیاتر بەرپرسیاریەتی و مەشقەتی تێدایە.
خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّا أَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ فَاعْبُدِ اللَّهَ مُخْلِصًا لَهُ الدِّينَ) [الزمر: ٢].
خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّا أَنْزَلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ لِلنَّاسِ بِالْحَقِّ) [الزمر: ٤١].
ئایەتی دووەم ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کتێبمان دابەزاندووە و بە خەڵکیش بگەیەنە ئەم پەیامە، لەبەر وتەی: (للناس)، پێچەوانەی ئایەتی یەکەم تەنها باسی دابەزاندنی کتێبی کردووە نەک گەیاندنی پەیامی خوا، گومانیشی تێدانییە گەیاندنی پەیامی خوا شتێکی گرانە.