پرسیار: پەیامتان چییە بۆ ئەوانەی وەسفی (یوسف قرضاوي) دەکەن بە گومڕا و خراپ؟
وەڵام: گومانی تێدانییە (یوسف قرضاوي) کەسێکی شارەزا و زانا بووە لەم سەردەمە ڕەحمەتی خوا لێ بێت، وەک زۆر لە زانایانی کۆن هەڵەی گەورەی هەبووە، زانای ئەهلی سوننەش هەبووە هەڵەی گەورەی هەبووە، لەگەڵ ئەوەش زانایان لە بازنەی ئەهلی سوننە دەریان نەکردووە، چونکە ئەو زانایە بەڕێزانە ئەگەر بیانزانیبا ئەو هەڵەیەی ئەوان لەسەرینە هەڵەیە پەشیمان دەبوونەوە، چونکە ئەوان هەوڵ دەدەن و خۆیان ماندوو دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر ڕێگەی ڕاست بن تا مردن، ئەوان مجتهدن ئەگەر هەڵەشیان هەبێت ئەوە لەو ئیجتهادەی کردوویانە یەک پاداشت بۆیان هەیە، ئەگەر سەوابیان پێکا بێت ئەوە دوو پاداشت بۆیان هەیە.
بۆیە ئەگەر کەسێکی شارەزا مرد باشتر وایە باسی چاکەکانی بکەیت نەک خراپەکانی، دوعای ڕەحمەتی بۆ بکەیت نەک نەفرەتی لێ بکەیت، بەسۆز و بەزەیی بیت بەرامبەری نەک ڕق و کینەت لە دڵدا بێت بەرامبەری، ئەگەر هەندێک هەڵە هەبووە بەڵکو خوای گەورە لێی خۆش بێت بەهۆی دوعاکەت، هەڵەی زانایان زانایان وەلامیان داوەتەوە بەشێوەیەکی جوان، مرۆڤ دەبێت ئاگادار بێت هەر زانایەک هەمان فکرەی مرۆڤی نەبێت مانای ئەوە نییە زانا نییە یان جاهلە.
حیکمەتی خوای گەورەش وایە زۆر لە زانایان تووشی هەڵە بوون، بۆ ئەوەی مرۆڤ بزانێت ئەمانە ئەگەر چی زانان بەڵام معصوم نین، نابێت ئەوەندە گەورە بکرێن و پیرۆز بکرێن بەندایەتی بۆی بکەن، جا بەندایەتی لە گوێڕایەڵی کردنی بێت یان هەر شێوازێکی تر.