پرسیار: کاتێک پابەندم بەدینەوە لەژیانما و لەتۆرە کۆمەڵایەتیەکان بابەتی ئایینی دەنوسم و بڵاو دەکەمەوە کەسانێک هەمیشە چاودێرن بەسەرمەوە و لۆمه دەکەن، چونکە وەک ئەوان نیم، پەیامتان چییە؟
وەڵام: هەر کەسێک دەست بە دینەوە بگرێت و فەرمان بکات بە چاکە و نەهی بکات لە خراپە یان دەعوە بکات، ئەوەی تووشی ئەزیەت دان دەبێت، بۆیە لە زۆر شوێنی قورئانی پیرۆز دوای فەرمان کردن بە چاکە و نەهی کردن لە خراپە فەرمان کراوە بە ئارام گرتن، چونکە خەڵکی باسی دەکەن و ئەزیەتی دەدەن، بۆیە پێویستە ئارام بگرێت.
حیکمەتی خوای گەورە وایە تاقیکردنەوەکە ئاسان نییە، وە هەمووش تاقی دەکرێنەوە بەگوێرەی ئیمانەکەیان، بۆ ئەوەی کەسی ڕاستگۆ و درۆزن بەدیار بکەوێت، چەند ئیمان بەهێز بێت تاقیکردنەوەکە بەهێزتر و گەورەترە، بۆیە پێغەمبەران و پیاوچاکان زیاتری هەموو کەسێک تووشی بەلاو ناخۆشی بوون.
ئەگەر کاتی شت بڵاوکردنەوە و دەعوە کردن ڕووبەڕووی هیچ ناخۆشییەک نەبیتەوە، ئەوە تاقیکردنەوەکه زۆر ئاسانە و هەموو کەسێک دەردەجێت، وە ئەوەی گرینگ بێت ئەوەیە مرۆڤ ئارام بگرێت لەپێناو خوا.
خەڵک لۆمەت دەکات و باست دەکات دوعای خێریان بۆ بکە و بە جوانترین و باشترین شێوە ئامۆژگاریان بکە، بە ڕەوشت و نەرم و نیانی خۆت بانگیان بکە بۆ ڕێگای ڕاست.
هەر کەسێک غەیبەتت بکات ئەوە چاکەکانی ئەو کەسە بۆ تۆ دەبن و خراپەکانی خۆشت بۆ ئەون بە پێی غەیبەت کردنەکە، ئەگەر لێیان خۆشی بی و دوعای لێخۆش بوون و ڕەحمەتیان بۆ بکەیت ئەوە تۆ لە لوتکەی لە ڕەوشتدا، چونکە پێغەمبەری خوا ئەزیەت دراوە بە تووندترین شێوە لەلایەن کافرەکانەوە، ئەزیەت دراوە بە بەرجەستە و نابەرجەستە، ئەزیەت دان بە جنێو و قسەی ناشیرین و بریندار کردنی لاشە، کەچی ئەمە هەڵوێستی بوو بەرامبەریان: (ئەی خوایە لە قەومەکەم خۆشبە چونکە نازانن).