سەردێری پرسیار:هۆکارەکانی زیاد بوونی ئیمان چین؟

بەرواری دانان :2022-04-30 کۆدی پرسیار:2502

پرسیار:

پرسیار: هۆکارەکانی زیاد بوونی ئیمان چین؟ بۆچی هەندێک جار ئیمان زیاد دەبێت و سارد دەبیتەوە لە عیبادەت؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: سوننەتی خوای گەورە وایە ئیمانی ئیماندار زیاد دەبێت و کەمیش دەبێت، هەندێک جار گەرم و گوڕە و هەندێک جار سارد دەبێتەوە، ئەمەش چەندین حیکمەتی تێدایە مەگەر تەنها خوا خۆی بزانێت، یەکێک لەوانە لەبەر ئەوەیە تا کەسی ڕاست و دروست جیابکرێتەوە لە کەسانی تر، چونکە ئەگەر ئیماندار بەردەوام ئیمانی بەهێز بێت هەموو شتێک لەسەری سووک دەبێت و بە ئاسانی لە تاقیکردنەوەکە دەردەچێت.

هەروەها بۆ ئەوەی بەندە زیاتر ڕوو لەخوا بکات و تووشی سەرسام بوون بە نەفس نەبێت، چونکە ئەگەر ئیمان کەم بوو تاوان ئەنجام دان زیاد دەبێت، وە بەندە ڕوو لەخوا دەکات و سەرسام نابێت بە نەفسی خۆی، چونکە دوای تاوان زیاتر خۆی دەشکێنێتەوە بۆ خوای گەورە و زەلیل تر دەبێت و تەوبە دەکات.

زانایان دەڵێن ئەم ژیانە نھێنی یەکی گەورەیە، بەختەوەری تێیدا ئەو نێچیرە ڕاونەکراوەیە کە سەرجەم مرۆڤایەتی بەدوایدا وێڵن، بەختەوەری ھەمیشەیی لە ناسین و دۆزینەوەی حەق و ڕاستی دایە، کە بەو پێ یە لە سەرجەم نھێنی یەکانی ژیان دەگەیت، ناسین و ژیان لەگەڵ بەدیھێنەری ئەم بوونەوەر و ڕێکخەری سەرجەم بڕیارەکانی، گەورەترین دەست کەوت و ئامانجە مرۆڤ پێی بگات.

هۆکارەکانی زیاد بوونی ئیمان ئەمانەن:

١ـ ناسینی خوای گەورە بەناو و سیفەتەکانیەوە، مرۆڤ چەند خوای گەورە بناسێت بە ناو و سیفەتەکانیەوە، ئەوە لە خوا نزیک دەبێتەوە و ئیمانی زیاد دەبێت.

باشترین ھۆکاری گەیشتن بە چێژ و خۆشی یەکانی بەھەشت بریتی یە لە ناسین و خۆشویستنی خوای گەورەیە، ئەو بەھەشتەی کە ھەر لە بنەڕەتدا نیشتمانی سەرەکی گیان و جەستەی ئێمە بووە، واتە: خۆشترین و شیرینترین شت لەم دونیایەدا بریتی یە لە ناسینی خودا و خۆشویستنی ، وە خۆشترین و شیرینترین شت لە بەھەشت بریتی یە لە تەماشاکردن و گەیشتن بە دیداری خوای گەورە، چ نیعمەتێک ھەیە لە ژیاندا بگاتە نیعمەتێک خۆسازاندن کە بەپەڕی تامەزڕۆییەوە بۆ گەیشتن بە ژوان و دیداری گەورەترین خۆشەویست، کە سەرجەم دڵ و دەروونی داگیر کردبێت ، تەنانەت ھەندێ لە خۆشەویستان دەڵێن: ھەندێ کاتمان بەسەردا تێ دەپەڕێت ئەوەندە ھەست بەخۆشی و دڵنیایی دەکەین، دەڵێن: ئەگەر بەھەشتی یەکان لەو جۆرە ژیانەی ئێمەدا بن ئەوە ژیانیان خۆشە.

ھەروەھا دەڵێن ئەگەر پادشاکان و دار و دەستەکانیان بە خۆشی و شیرینی ژیانی ئێمەیان بزانیایە، ئەوە شەڕیان لەسەری دەکرد.

خۆشەویستی چارەسەر و خۆراکی ڕووحە، ھەر کاتێک دڵ لەم خۆراکە بڕا ئیتر تووشی نەھامەتی دەبێت، بگرە زۆر ئەستەمترە لە ناخۆشی یەکانی لە دەست دانی ڕووناکی بۆ چاوەکان یاخود لە دەست دانی ھەستی بیستن یان بۆن کردن.

دڵی مرۆڤ ژوانگەی خۆشەویستی خوای تاک و تەنھایە، بەبێ ئەم وزەیە دڵ تووشی گەورەترین دەرد و نەھامەتی دەبێت ئیتر لە جەستەیەکی ئاژەڵی بەولاوە ھیچی تر نامێنێتەوە کە ئامادەیە وەک دڕندەیەک ھەموو شتێک لە پێناو ئارەزووەکانیدا تێک بشکێنێت.

٢ـ بیر کردنەوە لە ئایەتەکانی خوای گەورە، ئایەتی کەونی و شەرعی.

٣ـ زۆر عیبادەت کردن و گوێڕایەڵی قورئان و سوننەت کردن، چونکە چەند عیبادەت زۆر بێت ئیمان زیاد دەبێت.

٤ـ دانیشتن لەگەڵ بەندە ئیماندارەکان و ئامۆژگاری یەکتر کردن و ئیمان نوێکردنەوەیان.

زۆر لە موسڵمان لە ناخۆشیەک دان دڵیان تەنگە و ھەست دەکەن کە ئیمانیان لاوازە و لەخوا نزیک نین، ھەیە لێپرسینەوە لەگەڵ نەفسی خۆی دەکات و ھەیە لەسەر ڕێچکەی خۆی بەردەوامە و بێ ئاگایە، ھەر کەسێک لە خوا نزیک بێت خۆشترین ژیانی ھەیە لە دونیا و قیامەت، بەهەشتێک لەم دونیایە هەیە هەر کەسێک نەچێتە ناو، ئەوە ناچێتە ناو بەهەشتی ئاخیرەتیش.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام