سەردێری پرسیار: حوکمی داوای دوعا لەخەڵک کردن؟

بەرواری دانان: 2022-04-29 کۆدی پرسیار: 2499

پرسیار:

پرسیار: حوکمی داوای دوعا لەخەڵک کردن؟

دەقی وەڵام:

وەلام: زانایان دەڵێن دروستە موسڵمان داوای دوعا لە برای موسڵمان بکات، کە چەندین بەلگە ھاتوون لە قورئان و سوننەت، بەڵکو ھەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن.

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سوننەتە داوای دوعا لە کەسی باش بکەیت، ئەگەر چی ئەو کەسەی داوای دوعا دەکات باشتریش بێت لە داواکراو، بزانە فەرموودەکان لەم بابەتە زۆرترن لەوەی حصر بکەی، ئەمەیان یەک دەنگی لەسەرە). الأذكار لاپەڕە (٦٤٣).

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ڕێگەپێدراوە بۆ موسڵمان داوای دوعا لە برای موسڵمانی خۆی بکات لە سەرووی خۆی بێت یان ژێرەوەی خۆی بێت). مجموع الفتاوى (27/69)

بەڵام ابن تیمییە و چەند زانای تر دەڵێن باشتر وایە داوای دوعا لە کەس نەکەیت، بەلگە:

ـ گشتییەتی بەڵگەکان کە مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە داواکردن لە خەڵک، تەنھا خۆی محتاجی خوا بکات نەک دروستکراوەکان، بابەتەکە چەند بچووک بێت جۆرێک لە زەلیلی تێیدایە، موسڵمان خۆی زەلیل ناکات ئیلا بۆ خوا نەبێت.

ـ داوا کردن لە خەلک ترسی ئەوەی ھەیە واستە لە نێوان خۆ و خوا دابنێن، بنچینەی عەقیدە ئەوەیە کە واستە لە نێوان خۆت و خوا لابدەیت و پەیوەست بیت تەنها بە خوای گەورەوە.

زانایانی اللجنە الدائمە دەلێن: (داوا کردنی دوعا و ڕوقیە ڕێگەپێدراون، بەلام تەرک کردنیان و بێ نیاز بوون لە خەلک و بەخۆت پێی ھەلسیت باشترە و لەپێشترە). فتاوى اللجنة الدائمة للإفتاء (24/261).

ابن تیمییە دەفەرمووێت: ئەگەر کەسێک داوای دوعا لە کەسێک بکات مەبەستی ئەوە بێت سوود بە برای خۆی بگەینێت و بە بیری بھێنێتەوە دوعا بۆ برای موسلمان کردن فەزل و پاداشتی ھەیە و فریشتەکان ئامین دەلێن و چاکە بۆی دەنووسرێ، لەم حاڵەتە دروستە.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (داوای دوعا کردن لە کەسی تر دابەش دەکرێت بۆ سێ بەش:

بەشی یەکەم: داوا لە لەکەسی تر دەکەیت بۆ مەسلەحەتی ھەموو موسڵمانان، واتە شتێکی گشتی، ئەمەیان ھیچی تێدا نییە، ڕۆژی جومعە پیاوێک ھاتە مزگەوت پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم وتاری دەدا، وتی: ئەی نێردراوی خوا سەروەت و سامان تیاچوون و ڕێگاکان داخراون لەبەر وشکە ساڵی، داوا لەخوا بکە بارانمان بۆ ببارێنێت، پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (یا اللە بارانمان بۆ ببارێنە، یا اللە بارانمان بۆ ببارێنە، یا اللە بارانمان بۆ بارێنە).

کەواتە ئەگەر داوات لە کەسێکی باش کرد ئومێدی ئەوەی لێ دەکرا دوعای قبول بێت بۆ شتێکی عامی موسڵمانان، ئەوە ھیچی تێدا نییە، چونکە تۆ بۆ خۆت داوات لێ نەکردووە.

بەشی دووەم: داوای دوعا لە پیاوێکی باش دەکات بۆ ئەوەی سوود بەم پیاو بگەیەنێت بەم دوعا کردنە، نیازی ئەوەی نییە سوود بە خۆی بگات، بەلام دەبێت ئەم پیاوەی داوای دوعا کردنی لێکراوە بۆ خوا بگەڕێتەوە و داوا لە خوا بکات و دڵی پەیوەست بێت بە خوا، دەبێت ئەوە بزانێت کە خوای گەورە گوێی لە دوعا دەبێت و وەلامی دەداتەوە، ئەوەی گرینگ بێت مەبەستی مەسلەحەتی ئەو پیاوەی ھەبێت کە داوای لێ دەکات، ئەمەشیان ھیچی تێدا نییە و دروستە، چونکە تۆ داوات تەنھا بۆ سوودی خۆت لێ نەکردووە ، بەڵکو بۆ سوودی ئەوت داوات لێکردووە، تۆ دەتەوێ بۆ ئەو پیاوە چاکە زیاد بکەیت بە دوعا کردن لە خوا، لەخوا نزیک ببێت بە دوعا و پاداشت وەربگرێت لەسەر ئەم کردەوەیە.

بەشی سێیەم: داوا لە کەسێک بکەیت بۆ خۆت، ئەمەیان ھەندێک زانا ڕێگەیانداوە پێی، دەڵێن: ھیچی تێدا نییە داوا لە پیاوێکی باش بکەیت دوعات بۆ بکات.

بەڵام ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: نابێت ئەگەر مەبەستت تەنھا سوودی نەفسی خۆت بێت.

ھەندێک جار وای لێ دێت پشت بە کەسی تر دەبەستێت بۆ دوعا، لەبیر دەکات دوعا بۆ خۆی بکات، دەڵێت: من بە فلانە کەسی باشم وتووە دوعام بۆ بکە لە خوا، ئەگەر خوای گەورە دوعای قبول کرد ئەوە بەسە بۆی و پشتی پێ دەبەستێت، ھەندێک جار ئەو کەسەی داوای دوعای لێکراوە تووشی لەخۆبایی بوون دەبێت). شرح ریاض الصالحین (٢/٢٧٧ـ٢٧٨).

کەواتە حالەتی سێیەم جیاوازی ھەیە لە تەواوی تەوحیدە خۆت زەلیل نەکەیت و داوای دوعا لە خەلک نەکەیت کەچی ڕێگەپێدراوە و تاوانباریش نابیت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام