پرسیار: جیاوازی چییە لەنێوان موعجیزە و کەڕامەت؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە جیاوازی نێوان موعجیزە و کەڕامەت دەڵێن:
المعجزة: روودانی شتێکی دەگمەن و سەیرە کە خوای گەورە پشتگیری پێغەمبەرانی پێ دەکات و تەحەددای خەڵکی پێ دەکات.
الکرامة: ڕوودانی شتێکی دەگمەن و سەیرە کە خوای گەورە لە سەر دەستی پیاو چاکان دەی هێنێتە دی.
ڕوون کردنەوەی زیاتر لەسەر جیاوازی نیوان کەڕامەت و معجزة:
١- موعجیزە بنیات نراوە لەسەر ئەوەی کە بەدیار بکەوێ و بەناو بانگ بێت بۆ پێغەمبەران، بەلام کەڕامەت بنیات نراوە لەسەر شاردنەوە و بۆ ئەوە نییە کە مشهور "بەناوبانگ بێت" پێ ی.
٢- موعجیزە پەیوەستە بە تەحەددا و بانگەوازی پێغەمبەرایەتی، بەڵام کەڕامەت پەیوەست نییە بە تەحەددا و بانگەوازی بۆ ئەوە ناکات کە من پلەم بەرزە لە لای خوا.
٣- بەرووبووم و سوودی معجیزە بۆ خەڵکە، بەڵام کەڕامەت بەزۆری بەرووبووم و سوودی بۆ خۆیەتی.
٤- معجیزە لە هەموو شتێک ڕوودەدات بەلام کەڕامەت لە هەموو شت ڕوو نادات.
٥- معجیزە تایبەتە بە پێغەمبەران سەلامی خوایان لەسەر بێت بەلام کەڕامەت هی دۆستانی خوایە.
٦- پێغەمبەران موعجیزەیان کردۆتە بەڵگە لەسەر موشریکان چونکە دڵیان ڕەق بوو، بەڵام کەڕامەت بۆ ئەوەیە کە دڵی پیاو چاکان جێگیر بێت و بگات بە ئارامی.
زانایان دەڵێن ڕاستە دەتوانی بڵێی کەڕامەت نیشانەی باشی کەسەکەیە بەڵام نابێتە بەڵگە کە خاوەن کەڕامەت لە هەمووان باشترە، چونکە کەڕامەت بۆ ئەوەیە تا ئیمانی پێ زیاد ببێت و جێگیر ببێ لەسەر حەق و خوای گەورە کەڕامەت دەدات بە ئیمان لاوازانیش.
ابو علی الجوزجانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (داوا کەری بەردەوامی بە "استقامة" واتە داوای بەردەوام بوون لە خوا بکە نەک داوای کەڕامەت، چونکە نەفسی تۆ داوای کەڕامەت دەکات، بەلام خوای گەورە داوای بەردەوام بوونت لێ دەکات). مجموع فتاوی ابن تیمییە (١١/٣٢٠).
خەڵک بەشێوەیەکی گشتی چاویان لە کەڕامەتە و حەزیان لە کەڕامەتە، بەڵام زانایان دەڵێن بەردەوام بوون لەسەر دین گەورەترین کەڕامەتە.
زانایان دەڵێن موسڵمان نابێت بێ ئومێد بێ لە ڕەحمی خوا و بلێ من دۆستی خوا نیم چونکە کەڕامەتم نیە، چونکە هەموو خاوەن کەڕامەتێک بەڵگە نیە کە لە هەمووان باشتر بێت, کەسی وا ھەیە کەڕامەتی نییە بەڵام بەردەوامی ھەیە لەسەر دین کە ئەمە گەورەترین کەڕامەتە، ھەروەھا هەرکەسێک بانگەوازی بۆ ئەوە بکات من کەڕامەتم هەیە بۆ ئەوەی خەڵک بۆلای خۆی ڕابکێشت ئەگەری زۆری هەیە ساحر بێت یان گومڕاکەرێک بێت لە گومڕاکەران.
عبدالرحمان بن ناصر السعدی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (كەڕامەتیش تاقیکردنەوەیه بۆ مڕۆڤ، هەیە پێی بەختەوەر دەبێت و هەشە پێی گومڕا دەبێت، ئەگەر سوپاسی خوای گەورەی کرد ئەوا بەختەوەرە بەڵام ئەگەر موعجب "سەرسام" بوو بە نەفسی خۆی و بەردەوام نەبوو ئەوا گومڕا بووە).