سەردێری پرسیار:حوکمی پشتی دەست ڕوو لە ئاسمان کردن لە کاتی دوعا کردن؟

بەرواری دانان :2021-06-01 کۆدی پرسیار:2412

پرسیار:

پرسیار: حوکمی پشتی دەست ڕوو لە ئاسمان کردن لە کاتی دوعا کردن؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن ئەسل لە دوعا کردن ئەوەیە ناوەوەی دەست ڕوو لە ئاسمان دەکەیت، بەڵگە:

پێغەمبەر صلی اللە علیە والسلام دەفەرمووێت: (إِذَا سَأَلْتُمُ اللَّهَ فَاسْأَلُوهُ بِبُطُونِ أَكُفِّكُمْ، وَلَا تَسْأَلُوهُ بِظُهُورِهَا). رواە أبو داود (١٤٨٦).

واتە: ئەگەر داواتان لەخوای گەورە کرد بە ناوەوەی دەستەکان داوا بکەن، بە دەرەوە و پشتی دەستەکان داوامەکەن).

جگە لەوە نەبێت هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئەگەر دوعا کرا بۆ لادانی بەلا و ناخۆشی و وشکە ساڵی سونەتە پشتی دەست ڕوو لە ئاسمان بکەیت، ئەگەر داوای تر کرا ناوەوەی دەست ڕوو لە ئاسمان دەکەیت، بەڵگە:

عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ: (أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ اسْتَسْقَى، فَأَشَارَ بِظَهْرِ كَفَّيْهِ إِلَى السَّمَاءِ). رواە مسلم (٨٩٥).

واتە: لە ئەنەسی کوڕی مالک دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم داوای باران بارینی لەخوا لرد، ئاماژەی بە پشتی دەستی کرد بۆ ئاسمان).

هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون لە هەموو حالەتەکان ناوەوەی دەست ڕوو لە ئاسمان دەکەیت، سەبارەت بە فەرموودەی ئەنەس دەستەکانی زۆر بەرز کردۆتەوە پشتی دەستی ڕووی کەوتۆتەوە ئاسمان، کەواتە ناوەوەی دەستی ڕووی لە ئاسمان کردووە بەڵام ئەوەندە بەرزی کردۆتەوە وا بەدیار کەتووە پشتی دەستی ڕوو لە ئاسمان بووە، کەواتە بە ئەنقەست پشتی دەستی ڕووی لە ئاسمان نەکردووە.

وتەی ڕاست نابێت پشتی دەست ڕوو لە ئاسمان بکرێت کاتی دوعا کردن، چونکە پێغەمبەری خوا نەهی کردووە کاتی دوعا پشتی دەست ڕوو لە ئاسمان بکرێت، واللە أعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام