سەردێری پرسیار:پرسیار: حوکمی یاری کردن لەناو مزگەوت؟

بەرواری دانان :2021-04-05 کۆدی پرسیار:2379

پرسیار:

پرسیار: حوکمی یاری کردن لەناو مزگەوت؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن دروستە یاری لە مزگەوتدا بکرێت، بەڵگە:

عن عائشة رضي اللە عنها قَالَتْ: رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَسْتُرُنِي وَأَنَا أَنْظُرُ إِلَى الْحَبَشَةِ يَلْعَبُونَ فِي الْمَسْجِدِ، أخرجە البخاري (٤٥٤)، ومسلم (٨٩٢) (١٧).

واتە: لە عائیشە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەرم بینی صلی اللە علیە وسلم منی داپۆشی بوو، منیش سەیری حەبەشی یەکانم دەکرد یاریان دەکرد لەناو مزگەوت.

ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە دروستە یاری بکرێت بە ڕم و شمشیر و شتی تر لەناو مزگەوتدا، بەڵام بە مەرج:

١- بەردەوام یاری لە مزگەتدا نەکرێت، مزگەوت نەکرێتە یاریگا.

٢- کەس ئەزیەت نەدات لەناو مزگەوتدا.

٣- نابێت لەناو مزگەوتدا دەنگ بەرزبکریتە بە جنێو و قسەی ناشیاو.

٤- دەبێت یارییەکە سوودی هەبێت و مەبەستێکی باشی هەبێت.

سەبارەت بەوانەی دەڵێن ئەم خەبەرە منسوخە یان لە دەرەوەی مزگەوت ئەم یارییە کراوە ئەمانە هیچ بەڵگەیان نییە و فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دروستە یاری لەناو مزگەوتدا بکرێت بەڵام بە مەرج:

یەکەم: کەس ئەزیەت نەدات لەناو مزگەوت بەم یاری کردنە.

دووەم: ئەمە بکرێت بۆ مەبەستێکی دروست، ئەویش ئەوەیە بۆ ئەوەی دوژمنەکانی ئیسلام بزانن دینی ئیسلام دینێکی ئاسانە، و مافی داوە بە مرۆڤ بۆ یاریکردن و خۆشی لە ڕۆژەکانی مناسبە) فتح ذي الجلال والإکرام (٢/٥٨١).

صالح الفوازان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (سەبارەت بە یارییەکانی تر سوودی نەبێت بۆ جیهاد، ئەمەیان دروست نییە لەناو مزگەوت بکرێت، وەک یاری تۆپی پێ و یارییەکانی تر)تسهیل الألمام (٢/١٨٧).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام