پرسیار: ئایا ئەگەر بە تەنها بە تەفسیری کوردی قورئانی پیرۆز بخوێنی بە ختم حیساب دەبێ وەکو عەربییەکەی؟ واتا هەمان خێری عەڕەبییەکەی هەیه یان دەبێ لەگەڵی بە عەڕەبیش بخوێندرێ؟
وەڵام: زانایان دەڵێن خوێندنەوەی قورئان و خوێندنەوەی تەفسیر لێک جیاوازن، خوێندنەوەی تەفسیر بە خەتم حساب ناکرێت.
زانایان دەڵێن گومانی تێدا نییە خوێندنەوەی تەفسیری قورئان خێر و پاداشتێکی گەورەی هەیە، چونکە دەگەیت بە مانای قورئان و کردەوە پێکردن، کە مەبەستی سەرەکی لە قورئان تێگەیشتن و کردەوە پێکردنە، تێگەیشتن و لێ وورد بوونەوە و کردەوە پێکردن واجبە، خوای گەورە قورئانی دابەزاندووە بۆ ئەوە بخوێننەوە و بیری لێ بکەنەوە بە قولی و کردەوەی پێ بکەن، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: (كِتَابٌ أَنْزَلْنَاهُ إِلَيْكَ مُبَارَكٌ لِيَدَّبَّرُوا آيَاتِهِ وَلِيَتَذَكَّرَ أُولُو الْأَلْبَابِ) {ص:29}.
هەروەها پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم قورئانی بۆ هاوەڵان ڕوون کردۆتەوە و تەفسیر کردووە، هەروەک خوای گەورە فەرمانی پێکردووە: (وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ) {النحل:44}.
سەبارەت بەوەی تەفسیر بخوێنیتەوە هەمان پاداشتی خەتمی قورئان هەبێ هیچ بەڵگە نەهاتوون، بەڵام سەبارەت بە خوێندنەوەی قورئان فەرموودە هاتووە بۆ هەر پیتێک دە چاکە هەیە.
باشتر وایە مرۆڤ هەردووکی هەبێت، باشتر وایە گرینگی بە تەفسیر بدات و لێی ورد بێتەوە بە قولی و کردەوە پێ بکات، کە ئەمە مەبەستی سەرەکی یە، واللە أعلم.