پرسیار: بۆ دڵنەوای و نائومێد نەبوون لە ژیان چ نسیحەتێک باشە بۆ فەقیر و کەم دەرامەت؟
وەڵام: خوای گەورە مرۆڤ دروستکردووە بۆ تاقیکردنەوە، هەژاری و دولەمەندیش جۆرێکە لە جۆرەکانی تاقیکردنەوەی خوای گەورە کە مرۆڤ پێی تاقی دەکاتەوە، هەر یەکەشیان فەزل و تایبەتمەندی خۆیان هەیە، هەروەها مال دان بە کەسێک نیشانەی ئەوە نیە کە خوای گەورە خۆشی دەوێت، وە مال نەدان بە کەسێکی تر نیشانەی ئەوە نیە خوای گەورە ئیهانەی کەسەکەی کردووە، خوای گەورە مال دەدات بەوەی خۆشی دەوێت و بەوەی ڕقی لێ دەبێتەوە، بەڵام ئیمان و ڕێنمووی و هیدایەت تەنها دەدات بەو کەسەی خۆشی دەوێت.
هەژاری چەند سوود و تایبەتمەندی هەیە:
-ئەم هەژاریە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە لەلایەن خوای گەورە، ئەگەر بەندە ئارام بگرێت پاداشتی ئارام گرتنی بۆ دەنووسرێت کە پاداشتەکەی بێ حسابە.
-هەژارەکان یەکەم دەستەن دەچنە بەهەشت، وە زۆربەی خەڵکی بەهەشت هەژارەکانن، وە هەژارەکان پێنج سەد ساڵ پێش دەومەلەندەکان دەچنە بەهەشت.
-زۆربەی شوێن کەوتەی پێغەمبەران هەژارەکانن، پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم دوعای کردووە لەگەڵ هەژارەکان حەشری بکرێت، چونکە زۆربەی خەڵک بە دەولەمەندی گومڕا دەبن و لەخۆبایی دەبن.
خوای گەورە ڕزق دەدات و کەسی پشت گوێ نەخستووە، ڕزقی هەموو دروستکراوەکان دەدات لەسەر زەوی و ژێر زەوی، رزقی هەموو دروستکراوەکان دیارکراوە نە کەم دەبێت و نە زیاد دەبێت، مرۆڤ نامرێت هەتا ڕزقی تەواو دەکات، باشتر وایە مرۆڤ سەیری کەسی لەخۆ نزمتر بکات بۆ ئەوەی هەست بە نیعمەتی خوای گەورە بکات، هەروەها ئەو چیڕۆکانە بخوێنێتەوە کە خەڵکانێک لە هەژاریدا ژیاون و ئارامیان گرتووە.
ئەگەر مرۆڤ ئیماندار بێت و ئیمانێکی پتەوی هەبێت و لە بیروباوەڕ تێگەیشتبێت ئارام دەگرێت لەسەر گەورەترین موسیبەت، بۆیە گرینگترین شت ئەوەیە موسڵمان فێری بیروباوەڕ بێت و پشت بەخوا ببەستێت، چونکە رزق تەنها بەدەست خوایە، بۆیە ئەوانەی ئارام ناگرن یان خۆیان دەکوژن زۆرینەیان لەدیندا لاوازن و کەسانی پابەند بە دین نین.