سەردێری پرسیار:پرسیار: بۆچی لەکاتی سوڕی مانگانە دەتوانین قورئان بخوێنین بەڵام ناتوانین نوێژ بكەین؟

بەرواری دانان :2020-12-15 کۆدی پرسیار:2282

پرسیار:

پرسیار: بۆچی لەکاتی سوڕی مانگانە دەتوانین قورئان بخوێنین بەڵام ناتوانین نوێژ بكەین؟ خۆ نوێژیش بەشێكی قورئانی پیرۆزە و دەست دان لەقورئانی تێدا نیە‌؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان سەبارەت نە خوێندنەوەی قورئان بەلەبەر (حفظ) بۆ حائض، دوو وتە هەیە:

یەکەم: زۆربەی زانایان دەلێن حەڕامە ئافرەت لە کاتی حەیز قورئان بخوێنێت، ئیلا ئەگەر وەک زیکر یان دوعا بخوێنێت ئەمەیان دروستە، نموونە خوێندنەوەی ئایەت کورسی لە کاتی نووستن ئەمە وەک زیکر دەخوێنێت، یان وەک دوعا دوعایێک لە دوعاکانی قورئان دەکات.

ئیمام شافعی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دروستە بەمەبەستی زیکر بخوێنی نەک قورئان خوێندنەوە).

ئیمام ئەحمەد ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (ڕوخسەت هەیە یەک ئایەت یان چەند ئایەتێک بخوێنی).

بەلگە کە حەڕامە قورئان بخوێنێت:

١- عن ابن عمر ان النبی صلی الله علیه وسلم قال:(لاتقرٲ الحائض والجنب شیئا من القران). رواە الترمذی (۱۳۱)، وابن ماجە (٥۹٥). واتە: با هیچ لە قورئان نەخوێنێت ئەوەی لەش گران و تووشی حیض بووه.

٢- فەرموودەی عەلی هاتووە بەلگەیە نابێت لەش گران قورئان بخوێنێت، حائض قیاس دەکەین لەسەر لەشگران، چونکە هەردووکیان خۆشۆردن واجبە وە لێک نزیکن.

دووەم: هەندێک زانای تر دەڵێن دروستە حائض قورئان بخوێنێت، کە ئەمە وتەی ئیمام مالک و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن تیمییە و شەوکانی و ئەلبانی و ابن بازە، بەلگە:

١- هیچ بەلگەی ڕاست نەهاتوون لەسەر ڕێگری کردن، هەروەها ژنان لەسەردەمی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت تووشی حەیز دەبوون نەقل نەکراوە کە ڕێگریان لێیا. کرابێ لە خوێندنەوەی قورئان، هەروەها ئەسل وایە دروستە قورئان بخوێنیتەوە ئیلا بەڵگە هاتبێت.

وەڵام بۆ وتەی یەکەم:

١- فەرموودەی ابن عمر لاوازە.

ابن تیمیە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: فەرموودەیەکی لاوازە بە یەک دەنگی هەموو زانایانی فەرموودە). مجموع الفتاوی (٢١/٤٦٠).

٢- قیاس کردنی حائض لەسەر لەش گران لێک جیاوازن، چونکە: -لەش گران بەویستی خۆی دەتوانێ لەش گرانی لاببات خۆی بشوات، بەلام حائض ناتوانێت لەش گرانی لەسەر خۆی لاببات هەتا پاک نەبێتەوە. -لەش گرانی ماوەکەی کەمە، بەلام حەیز ماوەکەی زۆرترە، کەژن بۆ ژن جیاوازە لە ماوەی حەیزدا. -ئەگەر ژن مەنع بکەی لە قورئان خوێندنەوە، ئەوا مەنعت کرد لە پاداشتێکی زۆر، وە دەبێتە هۆی لەبیرکردنی قورئان، هەروەها ئەگەر ژن مامۆستای قورئان بێت دەبێتە هۆی ئەوەی دەرسەکانی بەجوانی بەڕێوەنەچێت، چونکە جار وایە ماموستا تووشی حیض دەبێت وە جاریش وایە قوتابی.

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەوەی زانراو بێت ئافرەتان تووشی حەیز بووینە لەسەردەمی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت وە ڕێگری لێ نەکراوە لە خوێندنەوەی قورئان، ھەروەک چۆن ڕێگری نەکراوە بۆ زیکر و دوعا کردن). مجموع الفتاوى (21 /460)

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دروستە بۆ ئەو ئافرەتانەی تووشی حەیز و نیفاس دەبن قورئان بخوێننەوە بە لەبەر "حفظ"، چونکە ماوەی حەیز و نیفاس درێژە قیاس کردن لەسەر لەش گران ڕاست نیە، لەسەر ئەمە دروستە ئافرەتی قوتابی قورئان بێت قورئان بخوێنێ، ھەروەھا مامۆستاش بۆ تاقیکردنەوە و بێجگە لە تاقیکردنەوە دەتوانێت بە لەبەر بخوێنێ نەک لەسەر قورئان، ئەگەر پێویستی بە قورئان بوو بۆ خوێندنەوە ھیچی تێدا نیە بەلام دەبێت بەربەست ھەبێت بۆ دەست لێدان). مجموع فتاوى ابن باز (6 /360).

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (وتەی ڕاست ئەوەیە کە حائض دەتوانێت قورئان بخوێنێت ئەگەر پێویست بوو، ئەکەر نا باشتر وایە خۆی لێ بگرێتەوە). فتح ذي الجلال والإکرام (١/٥٩٣).

وتەی ڕاست وتەی دووەمە دروستە قورئان بخوێنێت.

ئافرەت ناتوانێت نوێژ بکات لە کاتی حەیز چونکە دەق لەسەری هاتووە، سەبارەت بە قورئان خوێندنەوە هیچ دەقی صحیح نەهاتوون، ڕاستە قورئان خوێندنەوە (واتە: سورەتی فاتیحە) لەناو نوێژ ڕوکنی نوێژ، بەڵام لەدەرەوەی نوێژ جیاوازە.

قورئان خوێندنەوە بە لەبەر (حفظ) بابەتێکە و دەست لە قورئان دان بابەتێکی ترە، نابێت دەست لە قورئان بدات ئەگەر لە حەیزدا بێت، بەڵام خوێندنەوە لەبەر (حفظ) دروستە.

سەبارەت بەوە بۆچی ئەمە دەبێت و بۆچی ئەوەی تر نابێت حیکمەت باس نەکراوە، واللە أعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام