پرسیار: ئایا ئیبلیس فریشتە بووە یان جنۆکە؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون شەیتان لە فریشتەکانە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی ابن عباس و ابن مسعود و ابن خریج و سعید بن مسیب و قەتادە و ابن قدامە و تەبەری و، بەڵگە:
١- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَإِذۡ قُلۡنَا لِلۡمَلَٰٓئِكَةِ ٱسۡجُدُواْ لِأٓدَمَ فَسَجَدُوٓاْ إِلَّآ إِبۡلِيسَ أَبَىٰ وَٱسۡتَكۡبَرَ وَكَانَ مِنَ ٱلۡكَٰفِرِينَ٣٤﴾ [البقرة: 34].
ڕووی کردنە بەڵگە: استثناء لەم ئایەتە (متصل)ە، بەڵگەیە ئیبلیس لە فریشتەکانە چونکە لەگەڵ ئەوان باسکراوە، ئەگەر فریشتە نەبوایا فەرمانی پێ نەدەکرا سوجدە ببات.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئیبلیس لە فریشتەکان نییە بەڵکو لە جنۆکەکانە، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ابن عباس و حەسەنی بەسڕی و زەمەخشەری و ڕازی و شنقطی و ابن عثیمینە، بەڵگە:
١- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَإِذۡ قُلۡنَا لِلۡمَلَٰٓئِكَةِ ٱسۡجُدُواْ لِأٓدَمَ فَسَجَدُوٓاْ إِلَّآ إِبۡلِيسَ كَانَ مِنَ ٱلۡجِنِّ فَفَسَقَ عَنۡ أَمۡرِ رَبِّهِۦٓۗ٠﴾ [الكهف: 50]
ڕووی کردنە بەڵگە:
أ- ئەم ئایەتە ڕوون و ئاشکرایە ئیبلیس لە جنۆکەکانە.
ب- وتەی: ﴿فَفَسَقَ عَنۡ أَمۡرِ رَبِّهِۦٓۗ٠﴾ جنۆکەکانە، ئاماژەیە بۆ ئەوە هۆکاری سەرپێچی کردنی خوای گەورە ئەوە بوو چونکە لە جنۆکەکان بوو، پیتی (فاء) (للتسبیب)ە، ئەگەر فریشتە بوایا سەرپێچی نەدەکرد.
٢- ئەگەر ئیبلیس لە فریشتەکان بوایا ئەوە سەر پێچی خوای گەورەی نەدەکرد، چونکە فریشتەکان سەرپێچی فەرمانی خوای گەورە ناکەن، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿لَّا يَعۡصُونَ ٱللَّهَ مَآ أَمَرَهُمۡ وَيَفۡعَلُونَ مَا يُؤۡمَرُونَ﴾ [التحريم: 6].
٣- خوای گەورە خەبەری داوە ئیبلیسمان لە ئاگر دروستکردووە، هەروەها فەرموودەش هاتووە فریشتە لە نور دروستکراون و جنۆکەش لە ئاگر، ئەمە بەڵگەیە ئیبلیس لە جنۆکەکانە.
٤- ئیبلیس نەوەی هەیە و خواردن دەخوات و دەخواتەوە وەک مرۆڤ، بەڵام فریشتەکان نەوەیان نییە و هیچ ناخۆن و ناخۆنەوە، ئەمە بەڵگەیە لە جنۆکەکانە.
وتەی ڕاست وتەی دووەمە ئیبلیس لە فریشتەکان نییە، وەڵام بۆ وتەی یەکەم:
١- استثناء لەم ئایەتە (منقطع)ە، کەواتە ئیبلیس لە فریشتەکان نییە.
٢- لە زمانی عەرەبی دا ئەگەر کەسێک جیاواز بێت لەناو کۆمەڵێک لەگەڵ ئەو کۆمەڵە باس دەکرێت، نموونە: ئەگەر پیرێک لەناو کۆمەڵە گەنجێک بێت بانگیان بکەیت دەڵێیت: ئەی کۆمەڵی گەنجەکان، پیرەکەش داخل دەبێت، ئیبلیس و فریشتەکان هەمان شێوەیە.
٣- ئەگەر (استثاء متصل) بێت، دەڵێین لەبەر ئەوە لەگەڵ فریشتە باسکراوە یان تەنها باسی فریشتە کراوە لەبەر شەرەفی فریشتەکان.
٤- لەوانەیە لەبەر ئەوە لەگەڵ فریشتە باس کرابێت لەبەر لاشەیان، چونکە هەردووکیان بە چاو نابینرێت لەلایەن مرۆڤەوە.